گروپی سەماکردنی کەمپی چەم مشکۆ لە ٨ کچی منداڵ پێکهاتووە کە بە ژمارەیەک چالاکی جۆراو جۆر لە کەمپەکە دا بەشداریان کردووە و لەلایەن دوو ڕاهێنەری کچ ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.
پاش کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ لە سنووری قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر، ئاوارەبوونی تەواوی ئێزیدییەکانی ئەو ناوچانە و نیشتەجێبونیان لە کەمپەکاندا ژمارەیەکی زۆر بەهرەمەند دەرکەوتن، لە نێویاندا گروپێکی سەماکردنی چەند منداڵێکی کچی ئێزیدییە لە کەمپی چەم مشکۆ لە سنووری قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆک.
خفشێ سلێمان؛ ڕاهێنەری گروپەکەیە و بە (چاوی خەڵک )ی وت “لە ساڵی ڕابردوودا گروپەکە دامەزراوە و لە چەندین چالاکی جۆرە و جۆردا بەشدار بوون، تەمەنی ئەندامەکانی گروپەکەش لەنێوان ١٠ – ١٢ساڵدایە بە ناوەکانی(ئەمەل، دالیا، سۆنیا، بەسمە، سوهام، سەمیان، سەمرە و ئەسینات) کە لەسەر هەردوو جۆری زۆمبا و بالێ ڕاهێنان دەکەین.”
ئەو ڕاهێنەرە خەڵکی قەزای شنگالە و پاش کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان ئەویش ئاوارە بوووە و لە کەمپی چەم مشکۆ نیشتەجێ بووە، دەرچووی بەشی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەرە.
خفشێ ئاماژە بەوەشکرد، بەشداربوونی گروپەکە لەهەر چالاکییەکدا ئەندامە کچەکان بە شێوازێکی جوانی خۆیان سەرنجی ئامادەبووان بۆ خۆیان ڕادەکێشن.
لە ڕێگەی ئەو گروپی سەمایەوە توانراوە تواناکانی منداڵان دەربخات، ئەوەش هاوکارە بۆ ئەوان لە پێشخستنی ئاستی سەماکردنیان، بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا بتوانن بەشێوەیەکی باشتر دەربکەون، بەڵام پێویستیان بە پشتیوانی داراییە بۆئەوەی بتوانن لە چلاکی زیاتردا بەشداری بکەن.
سوهام یەکێکە لەئەندامەکانی گروپی سەمای کەمپی چەم مشکۆ و دەڵێت” پێشتر بێزاربووین لە ماڵەوە، چونکە هیچ شتێک نەبوو ئەنجامی بدەین، بۆیە بەڕاستی ئەم گروپە زۆر سوودی بەئێمە گەیاند، بەڵام پێویستمان بە شوێنی باشترە بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامی بە کاری خۆمان بدەین و نەوەستین تاکو چالاکی باشتر پێشکەش بکەن.”
“خەونم بە کاری سەماکردنەوە دەبینی و زۆر حەزم لێیبوو، بەڵام نەم دەزانی بۆ کوێ بڕۆم بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەم، شوکر بۆ خوا کە ئەم گرووپە دامەزرا، زۆر خۆشحاڵ بووم و لە ئێستادا فێری زۆر شت بووین کە پێشتر نەمان دەزانی دەربارەی سەماکردن” ئەسینات ؛ ئەندامی گرووپەکە وای وت.
بۆ گەشەپێدانی توانای منداڵان و بڵاوکردنەوەی جۆرەکانی سەما وەکو (زۆمبا و بالێ) لەساڵی ڕابردوودا ئەو گرووپە دامەزراوە، لە ڕۆژی جیهانیی منداڵانیشدا لە چەند ئاهەنگێکی کارگێڕی کەمپەکە و ڕێکخراوەکانی نێو کەمپەکەدا ١٠ نمایشی جۆراوجۆریان کردووە.
چاوی خەڵک / تایبەت