دووکەڵی ئاگری پیاوسالاری خەریکە ژنانی ناو حزبەکان دەخنکێنێت

erbilelection

دوای دوو ساڵ ئەزموونی وەکو کەسی دووەمی حزبێکی سیاسیی، ئاڤێستا کەمال دەڵێت “رۆڵی ژنان لە ناو حزبە سیاسییەکاندا نزیکە لەوەی کە تەنها نمایش و ڕووکەش بێت نەک بڕیاربەدەست و کاریگەر”.

“ژنان ئەگەر لە حزبە سیاسییەکاندا بشگەنە شوێنی گرنگ و بڕیاردەر بن زیاتر بە بیرکردنەوە و کارکردنی پیاوانە دەگەنە ئەو شوێنە و مامەڵە دەکەن، بۆیە هیچ کات لە ناو حزبە سیاسییەکاندا ژنان رۆڵی کاریگەر نابینن” ئاڤێستا کەمال، مامۆستای زانکۆ کە پێشتر یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بووە وای بە (چاوی خەڵک) وت.

کێشەکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا رەگوڕیشەی قوڵی هەیە، بەربەستە کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتورییەکان وایانکردووە ژنان نەتوانن وەکو پێویست بگەنە ناوەندەکانی بڕیار لە حزبە سیاسییەکاندا.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەپێی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٤٥ کورسی بەدەستهێناوە، حزبی یەکەمی کوردستانە، لەکۆی ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە تەنها پێنج دانەیان ژنە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە تەنها رێژەی کەمتر لە ٪١٠ی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی ژنن.

هەرچی لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە کە دووەم گەورەترین حزبە، لەکۆی ١٢٤ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، تەنها ١٧ ئەندامیان ژنە، ئەوەش دەکاتە رێژەی ٪١٣.٧ی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.

بزووتنەوەی گۆڕان سێیەم گەورەترین حزی هەرێمی کوردستانە، بە بەراورد بە دوو حزبەکەی پێش خۆی حزبێکی نوێیە و ماوەی ١٢ ساڵە دامەزراوە، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئۆرگانی باڵای حزبەکەیە، هیچ ژنێکی تێدا نییە.

 

“ژن لە کایە سیاسییەکەدا ناتوانێت بڕیار بەدەست بێت گەر بڕیاریش بدات ئەوا لە پشتی پەردەوە پیاوەکان ڕۆڵیان گێڕاوە یان بۆچوونەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە”

 

نەبوونی ژنان لەناو ئۆرگانە باڵاکانی حزبەکاندا هۆکاری زۆر لە پشتەوەن، ئاڤێستا کەمال، جێگری یاریدەدەری هاوپەیمانی نیشتمانی پێشوو، تایبەت بە (چاوی خەڵک) دوا  “کێشەی یەکەم لە خودی ژنانەوە دەستپێدەکات، کە دەیەوێت چی بکات و لەگەڵ کێ کار بکات، ئایا حیزبی سیاسی دەیگەیەنێتە ئەو ئامانجانەی چاوی لێیەتی؟ لەسەروو هەمووشییەوە ئایا ئەو ژنە هۆشیارییەکی تەواوی هەیە دەربارەی خۆی و ئەوانەی کاریان لەگەڵ دەکات”.

“ژن لە کایە سیاسییەکەدا ناتوانێت بڕیار بەدەست بێت گەر بڕیاریش بدات ئەوا لە پشتی پەردەوە پیاوەکان ڕۆڵیان گێڕاوە یان بۆچوونەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە، چونکە هزری پیاوی ڕۆژهەڵاتی ئیگۆی لەوە زیاترە مێینەیەک بڕیاری لەسەربدات” ئاڤێستا کەمال وا دەڵێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی لەکاتی بەشداری سیاسییدا دێنە بەردەم ژنان، چەندین رێکخراو بە شێوەی بەردەوام کار دەکەن و دەیانەوێت ژنان وا رابهێنن بتوانن بەسەر بەربەستەکاندا سەربکەون و بگەنە شوێنی درووستکردنی بڕیار لەناو حزبە سیاسییەکاندا.

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و سەرۆکی رێکخراوی دابین، بە (چاوی خەڵک)ی راگەیاند “رێکخراوەکان کەم تا زۆر درێغییان لە هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوە و راهێنانی ژنان نەکردووە، بەڵام ئەنجامەکەی کە دەیبینین ئەوەیە کە ژنان خۆیان کەمتەرخەمن لەوەی هەوڵ بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا بدەن”.

“زۆرجار ژنان ئەگەر بشگەنە شوێنی درووستکردنی بڕیار و ئۆرگانی کاریگەر لە حزبەکاندا، هەر وەکو پاشکۆی پیاوە بڕیاربەدەستەکان دەمێننەوە و ناتوانن بۆچوون و بڕیارەکانی ئەوان تێپەڕێنن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمە پیاوسالاریەی کە لە کۆی کۆمەڵگەدا هەیە و بەداخەوە ژنانیش پێی رازی بوون و تەسلیمی بوون” دڵسۆز زەنگەنە وا دەڵێت.

زەنگەنە ئاماژە بە دۆخێکی نەخوازراو دەکات لەناو حزبەکاندا و دەڵێت “حزبە سیاسییەکان و سەرکردە و کادرەکانیان شەڕی دژی ژنان دەکەن و رێگر دەبن لە پێشکەوتنیان، زۆربەی ژنانیش ناتوانن بەرگەی ئەو شەڕە بگرن و بەردەوام بن”.

 

“بۆئەوەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بپارێزرێت و پێگەی ژنان لەناو حزبە سیاسییەکاندا بەهێز بکرێت دەبێت ئەوە بە یاسا بەسەر حزبەکاندا بسەپێنرێت”

 

هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هیچ کۆتایەک بۆ رێژەی ژنان لەناو حزبە سیاسییەکاندا دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بەشێک لە حزبەکان لە پەیڕەوی ناوخۆیی حزبەکەدا کۆتایەکیان بۆ ژنان دەستەبەر کردووە، هەرچەندە هەندێ جار پابەندیشی نابن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو رێکخراوی UNDO و NDI لە جیهاندا ژنان رێژەی نزیکەی ٪٤٠ تا ٪٥٠ی ئەندامانی حزبەکان پێکدەهێنن، بەڵام لە ئۆرگانە کاریگەرەکانی وەکو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا، رێژەی ژنان هاوتا نییە بەو رێژەی ئەندامێتییە، بەڵکوو زۆر کەمترە.

“بۆئەوەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بپارێزرێت و پێگەی ژنان لەناو حزبە سیاسییەکاندا بەهێز بکرێت دەبێت ئەوە بە یاسا بەسەر حزبەکاندا بسەپێنرێت” رێکان حەمەساڵح، پارێزەر ئەمەی بە (چاوی خەڵك) وت.

ئەو پارێزەرە پێشنیازێکی نوێ دەخاتەڕوو، دەڵێت “لە مادەی ١١ی یاسای پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا باس لە مەرجەکانی دامەزراندنی پارتی سیاسی کراوە، ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە و بڕگەیەک بۆ ئەو مادەیە زیاد بکرێت کە تێیدا رێژەیەک وەکو کۆتای ژنان دەستنیشان بکرێت ئەوا کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی رۆڵی ژنان لەناو حزبە سیاسییەکاندا”.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠ حزبی سیاسیی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە کار دەکەن، لەوانە هیچ یەکیان سەرۆکەکەیان ژن نییە و کەمترینیشیان لەناو ئۆرگانە باڵاکانی حزبەکەدا ژنان هەن.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment