جیلان بەرجەس، ئەو کچە ئێزیدییەی خۆی ڕادەستی داعش نەکرد

220028702_998560404235449_8905275930917828017_n

ئەمڕۆ ٢٠/٨ی ٢٠٢١، حەوت ساڵ بەسەر شەهیدبوونی جیلان بەرجەس نایف تێدەپەرێت کە خەڵکی ناحیەی گرعرێزە لە باشوری چیای شنگال ، پاش ئەوەی دەکەوێتە دەستی داعش و ڕازی نابێت خۆی بدات بە دەستەوە و دەستدرێژی لێبکرێت، لە قوتابخانەی زەهراو لە تللەعفەر کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.

غالیە بەرجەس خوشکی جیلان، ساتی مردنی جیلان دەگێڕێتەوە و دەڵێت “کاتێک من و جیلان و جیهانی خوشکم کەوتینە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، و پاش مانەوەی ١٨ ڕۆژ لەژێر دەستیان ئەو تیرۆریستانە یەکێک لە چەکدارەکان بە جیلان ی خوشکمی وت بڕۆ بۆ حەمام و جلی خۆت بگۆڕە چونکە تۆ بۆ ئەمیرێکی خۆمان دەگوازینەوە.”

” جیلان ڕۆیشت بۆ حەمام و پاشان بە من و خوشکەکەمی وت وەرن بۆلام و ئێمەش ڕۆیشتنە لای. جیلان وتی من ناتوانم خۆم ببەخشمە ئەم تیرۆرست و بە بەختانە من خۆم دەکوژم. چەند جارێک هەوڵماندا کە ڕێگری لێبکەین  و پێمان وت کە خۆی نەکوژێت و ئەمە نە ئیرادەی ئێمەیە و هەمومان بە زەبری هێز و زولم و زۆری لێرەن. بەڵام ئەو هەر دەیوت هەر خۆم دەکوژم چونکە ناتوانم شەرەف و کەرامەتی خۆم ڕادەستی ئەوان بکەم. چۆن باوک و برام سەر و ڕوحی خۆیان لە رێگای ئازادی و ئۆلی ئێزیدیاتی داوە منیش بەو ڕێگایە دەڕۆم و خۆم قوربانی ئایینی خۆم دەکەم ئەوە بوو خۆی کوشت و گیانی سپاردە خوای گەورە و میهرەبان.” خوشکی جیلان وای وت.

هەروەها ووتی” کاتێک چەکدارەکان بینیان جیلان خۆی کوشتووە کەوتنە لێپرسینەوە لێمان تا بزانن ئێمە چی جیلانین. بەڵام پێش ئەوەی جیلان وا بکات داوای لێکردین کە بڵێین ئێمە ئامۆزاین تاوەکو ئازاری ئێمە نەدەن.”

زۆرداوامان لێکردن کە تەرمەکەی بە خاک بسپێرن لە شوێنێک، بەڵام ڕەتیان کردەوە و وتیان ئەوە شایستەی ئەوە نییە هەر یەکێک لە ئێوەش خۆی بکوژێت و نەبەخشرێتە ئەوە شایستەی هیچ ناکات و دەدەینە سەگەکان بۆ ئەوەی بیخۆن کە زۆر بە نیگەرانییەوە دەڵێم تا ئێستا هەر ئێسکەکانیشمان نەدۆزییەوە.”

جیلان بەرجەس  نایف لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥، کچێکی چالاک و دەرچووی پۆلی یازدەیەم بوو لە بەشی زانستی.و هیوای ئەوە بوو کە ببێتە پزیشک و برینی خەڵک دەرمان بکات کە چی ئەوە بە دەرد و ئازار و برینێک ڕۆیشت کە هیچ کەس نەی توانی دەرمان و چارەسەر بکات.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment