سەنتەری ئارامی؛ بەبێ هیچ پشتیوانێک بوونەتە پشتیوانی ژنانی راپەڕین

IMG_3815

“نەبوونی شەڵتەری داڵدەدانی ژنان، دۆخی کۆمەڵایەتی ناوچەکە و زۆری کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، ئەرکی ئێمەیان لە سەنتەری ئارامی بە تەواوەتی سەختترکردووە، لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی لە سەنتەرەکەدا کار دەکەن بێبەرانبەر و بەشێوەی خۆبەخش لێرەن” جوان فەرحان، بەڕێوەبەری سەنتەری ئارامیی لە رانیە وا دەڵێت.

سەنتەری ئارامی لە رانییە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بواری پەرەدان بە تواناکانی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا کاردەکات، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن رێکخراوی UNFPA و لە چوارچێوەی پرۆژەی (یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان)ی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، پشتیوانیی دارایی بۆ دابینکراوە و لە ئێستادا ماوەی زیاتر لە سێ مانگە هیچ پشتیوانییەکی دارایی نەماوە و سەرجەم ئەندامانی ستافی سەنتەرەکە بە شێوەی خۆبەخش کار دەکەن.

جوان فەرحان، بەڕێوەبەری سەنتەری ئارامیی لە رانیە بۆ (چاوی خەڵک) دوا و وتی “ئێمە لە سەنتەرەکەمان گرنگی تەواو بە پرسەکانی پەیوەست بە کاروباری ژنان دەدەین، زۆر کەیسی جۆراوجۆر هەیە کە ئێمە دەبێت رۆڵی تێدا ببینین، هاوکات بە شێوەی بەردەوام خول و راهێنانی جیاواز بۆ ژنان دەکەینەوە”.

“ئێستا ئێمە هیچ پشتیوانییەکی دارایی ناکرێین، تەنانەت ستافەکانمان هیچ مووچە و پاداشتێکی داراییان نییە، بەڵام هەستکردن بە گرنگی بابەتەکە، تێگەیشتنمان بۆ کێشەکانی ژنان، نەبوونی شەڵتەری داڵدەدانی ژنان لە ناوچەکە، وای لێکردووین بەو شێوەیەش بەردەوام بین” جوان فەرحان وای وت.

 

 

سەنتەرەکە لە ئێستادا لەناو باڵەخانەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی راپەڕیندایە، لەبەرئەوەی پشتیوانی داراییان نییە ناتوانن شوێنێکی تایبەت بەخۆیان دابین بکەن.

بۆ ئەوەی بتوانن وەکو ساڵانی پێشوو ئۆفیسی تایبەتی خۆیان هەبێت و پارەی پێویستیان بۆ کردنەوەی خول و راهێنان بە ژنان لەبەردەستدا بێت، چاوەڕێن جارێکیتر لەلایەن رێکخراوە بیانییەکانەوە پشتیوانییان بکرێت.

شاسوار سدیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان بە (چاوی خەڵک)ی وت “ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆئەوەی پشتیوانیی دارایی بۆ سەنتەری ئارامی و هاوشێوەکانی بەدەستبهێنین، گەشبینین کە بتوانین بە زوویی ئەو کارە بکەین”.

“سەنتەری ئارامی لە رانییە گرنگییەکی زۆری لەلای ئێمە هەیە، چوونکە ئەو ناوچەیەی کە سەنتەرەکە رووماڵی دەکات ناوچەیەکی فراوانە و لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە پێویستیی سەنتەرێکی لەوشێوەیە هەستپێدەکرێت” شاسوار سدیق لەبارەی گرنگی سەنتەری ئارامییەوە بەو شێوەیە دوا.

 

 

رێکراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، هانی بەردەوامی سەنتەرەکە دەدات و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت تا پشتیوانیی دارایی بۆ پەیدا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوەکە بە گرنگییەوە لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەر و ستافی سەنتەری ئارانی دەڕوانێت.

نیان خدر، یەکێکە لەو ژنانەی کە وەکو “توێژەری کۆمەڵایەتی” لە سەنتەری ئارامیدا کاردەکات، ئەو راستەوخۆ بەرکەوتنی لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو کێشانە هەیە کە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە.

“هەندێک لە ژنان کاتێک دووچاری کێشەیەک دەبنەوە سەرەتا بە تەلەفۆن پەنا بۆ ئێمە دەهێنن، هەندێکیان نایانەوێت بێنە سەنتەرەکە یان ئێمە سەرندانیان بکەین، ئەمەش لەترسی ئەوەی کەسوکار و هاوسەرەکانیان بە کارەکەیان نەزانن، ئێمە ئەوەندەی لە تواناماندا هەبێت هاوکاری ژنان بووین و هەموو هەوڵمان بۆ چارەسەری کێشەکانیانە” نیان خدر ئەمەی بە (چاوی خەڵک) وت.

 

 

دەشڵێت “بەپێی ئەزموونی خۆم، زۆربەی کەیسەکان پەیوەندییان بە ناپاکی هاوسەرییەوە هەیە، لەو دۆخەشدا ژنەکان دۆشدادەمێنن و ناتوانن بڕیاربدەن لەنێوان جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان یان بەردەوامی دان بە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ پیاوێک کە پەیوەندی لەگەڵ ژنی تردا هەبێت”.

“ئێمە ناتوانین لەبری ژنەکان بڕیار بدەین، چوونکە ئەوە ژیانی خۆیانە، بەڵام ئێمە رێگەکانی بۆ روون دەکەینەوە، هەموو ئەو بڕیارانەی بۆ پێشنیاز دەکەین کە دەتوانێت بیاندات، بەڵام دەبێت دواجار خۆی لە ناو پێشنیازەکانی ئێمەدا ئەوەیان هەڵبژێرێت کە بە گونجاوی دەزانێت” جوان خدر وای وت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی 2010 – 2020 لە هەرێمی کوردستان  490 ژن کوژراون، 612 ژن خۆیان کوشتووە، 73 هەزار و 15 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.

بەڵام زۆرێک لە شارەزایان باس لەوە دەکەن کە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوژی ژنان زۆر زیاترن لەوەی لە ئامارە فەرمییەکاندا رادەگەیەنرێت.

ناوچەی راپەڕین یەکێکە لەو ناوچانەی کە ساڵانە لە ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژناندا پشکی شێری بەردەکەوێت و ئەوەش گرنگی کارکردنی رێکخراوەکانی تایبەتمەند لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی کردووە بە پێویستییەکی حەتمی.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت 

Leave a comment