هەڵەبجە؛ ژنان کەمتر ڤاکسینی کۆرنا وەردەگرن

60543f1c3831e32a1b108e25-post_cover

لە ئێستادا وەرگرتنی ڤاکسین بە یەکێک لەڕێگە کاریگەرەکان دادەنرێت بۆ کۆتایی هێنان بە پەتای کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڤاکسینە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبێتەوە و سەرهەڵدانی کەلێنی جێندەری لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە لە پارێزگای هەڵەبجە بەدی دەکرێت.

لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا و لەکاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان لە هەڵەبجە، سێ جۆر ڤاکسین بەردەست بوو لە بنکەی (منداڵ و منداڵبوون)ی هەڵەبجە، ئەویش ڤاکسینەکانی ئەسترازینیکا کە بەرێژەی ٢٧%،  فایزەر بەڕێژەی ٣٣% و سینوفارم بەرێژەی ٣٥% لە لایەن ژنانەوە وەرگیراوە .

بۆ ئەم مەبستەش لوقمان عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی پتەوکردنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپارستنی هەڵەبجە بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئێمە بەردەوامین لە هەڵمەتەکانی وشیاری بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرونا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دڵە ڕاوکێ لەناو هاوڵاتیاندا سەبارەت بە کاریگەریە لاوەکیەکانی ئەم ڤاکسینە ماوە، لەکاتێکدا پیاوان ڕێژەیەکی زۆرتر ڤاکسینیان وەرگرتووە، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاکو مۆڵەتی گەشتکردنیان هەبێت، چونکە ئەوان دەرفەتی زیاتری گەشتکردنیان هەیە بۆ دەرەوەی وڵات.”

“لە هەمان کاتدا نەبوونی زانیاری لەسەر گرنگی وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن ژنانەوە، هەروەها سەرچاوەکانی وەک سوشیال میدیا  کە زۆرترین پڕوپاگەندەی لەسەر کاریگەریە نەرێنیەکانی  ڤاکسین بۆ ژنان خستۆتە ڕوو، بە تایبەت بە کاریگەریە نەرێنیەکانی لەسەر فیسیۆلۆجیایی جەستەی ژن، ئەمە وایکردووە ژنان وەک پێویست پێشیوازی لەوەرگرتنی نەکەن” لوقمان عەبدوڵڵا وای وت.

بە ڕای لوقمان عەبدوڵڵا، کلتووریش کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی ژنان وەک پێویست  نەتوانن سەردانی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بکەن، چونکە لە هەندێک حاڵەتدا پێویستیان بە ڕووخسەتی هاوسەر یان باوک و برا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ژەمەکانی ڤاکسینەکە بەڕێکوپێکی وەربگرن. لە هەمانکاتدا دانیشتوانی نێو گوند و ناوچە دورە دەستەکانی هەڵەبجە، بە تایبەتی ژنان ناتوانن بەئاسانی دەستیان بگات بە سەنتەرەکانی کوتان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوەش بەهۆی بونی گرفت لە هاتۆچۆدایە، چونکە هۆیەکانی هاتۆچۆ بۆناوچە گوندنیشنەکان بەردەست نیە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش تیمە گەڕۆکەکانی کوتانی بۆ ئەو ڤاکسینە هێشتا پێکنەهێناوە.”

بە پێی ئامارێکی بەشی بەڕیوەبەرایەتی خۆپارستنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە کۆی ٢٤٧٨ پێکۆتەی کۆرۆنا، تەنها ٨٠١ ژن ڤاکسینیان وەرگرتووە کە دەکاتە ڕێژەی ٣٢% ، لەکاتێکدا ئەو ڕێژیە بەبەراورد کردنی بە ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسینەکە لەلایەن پیاوانەوە دەکاتە لە ٦٨%.

لەیال محەمەد، تەمەنی سی ساڵە، دانیشتووی یەکێک لە گوندە دورە دەستەکانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، لەیال و ژنانی گوندەکەیان تائێستا هیچ جۆرە ڤاکسینێکی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە.

” ئەگەر بڕیار بدەم ئەم ڤاکسینە وەربگرم، ئەوا پێویستم بە ڕەزامەندی هاوسەرکەم دە بێت، هەرچەندە بنکەیەکی تەندروستی بۆ کوتانی ئەم ڤاکسینە لە گوندەکەی ئێمەدا بوونی نیە و تا ئێستاش تیمەکانی تەندروستی سەردانی گوندەکەیان نەکردووین و زانیاریمان نیە لەسەر ئەوەی گرنگی ئەم کوتانە چیە بۆ ئێمە” لەیال وای وت.

جوان عارفی تەمەن ٥٠ ساڵ فەرمانبەرە لە یەکێک لە فەرمانگەکانی هەڵەبجە، هەردوو ژەمی کۆتانەکەی لە کاتی خۆیدا وەرگرتووە.

جوان وتی” دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە بۆ ماوەیەکی کەم هەستم بەسەر ئیشەو تای تووند کردووە، بەڵام دواتر دۆخی تەندروستی باش بووە، پێم وایە ئەو دەنگۆیانەی هەیە لەسەر کاریگەر یە لاوەکییەکانی ئەم ڤاکسینە هۆکارە بۆ ئەوەی وەک پێویست پێشوازی لەم ڤاکسینە نەکرێت، بەئەرکی وەزارەتی تەندروستیشی دەزانم کە زانیاری تەواو بدات بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی توشی دڵەڕاوکێ نەبن لەکاتی وەرگرتنیدا.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment