ژن بە ژن؛ ستەمێکی بەردەوام لە ژنان

sd-aspect-1473439142-gettyimages-ca1286-001-medium

قەدریە ئیسماعیل ناوی خوازراوی ژنێکە ئێستا تەمەنی ٦٠ ساڵە، ئەو کاتە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە ژن بە ژنیان پێکردووە و خۆی بێ ئاگا بووە لەوەی دراوە بەشوو، لە هەمانکاتدا گەورە بە بچوکیشی پێکراوە.

قەدریە بە (چاوی خەڵک)ی وت” بۆ ئەوەی برا گەورەکەم ژن بهێنێت ژن بە ژن و گەورە بە بچوکم لەگەڵ ئامۆزاکەم پێکرا. بێ ئەوەی پرس نە بە من نە بە هاوسەرەکەشم بکەن.”

“ئێستا شەش منداڵم هەیە و لەماوەی هاوسەرگیریمدا تەنها یەکجار تۆراوم و بە سەختی و ناخۆشی ژیانم کردووە. هەمیشە ستەم لە ژن دەکرێت بەڵام من دووجار ستەمم لێکرا کە ژن بە ژن و گەورە بە بچوک بوو.” قەدریە وای وت.

هەتاوەکو ئێستا پرۆسەی ژن بە ژن لە ھەندێك لە ناوچەی دوورە دەستەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و کاریگەری و کاردانەوەی خراپی ھەیە لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان.

پارێزەری ڕاوێژکار ھەژار غەفور بە (چاوی خەڵك)ی وت” زیاتر لە ١٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکەم، چەند حاڵەتێكی کەم بەرگوێم کەوتووە کە بە شێوازی ژن بە ژن ئەنجام درابێت،  بەخۆشحاڵیەوە بە تێپەڕبونی کات و بەرزبونەوەی ئاستی وشیاری تاك لە ناو کۆمەڵگەدا ئەم دیاریدەیە ڕوی لەکەمی کردوە، بەڵام لەو ناوچانەی کە دابونەریتی کۆمەڵایەتی تاڕادەیەك زاڵە، دیاریدەی ژن بە ژن ھەر بەردەوامە یاخود بەشێوەیەك بنەبڕ نەکراوە”

ھیچ یاسایەك نیە لە ھەرێمی کوردستان ڕێگری بکات لە پڕۆسەی هاوسەرگیری ژن بە ژن، چونکە ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی نھێنی لە نێوان خێزانەکان ئەنجام دەدرێت و لە دەرەوەی یاسایە. لە یەکێك لەبنەماکانی یاسادا هاتووە ھیچ شتێك بە تاوان دانانرێت ئەگەر دەقێکی یاسایی لەسەر نەبێت وەکو ڕێگری کردن.

” ئەو دوو هاوسەرە کاتێك دەچنە بەردەم دادوەر بۆ گرێبەستی ھاوسەرگیری، لەسەر ڕەزامەندی ھەردوولایە، لای دادوەر ھیچ شتێك ئاشکرا نیە کە لە بنەڕەتدا ھاوسەرگیریەکە لەسەر بنەمای ژن بە ژنە، ھەر بۆیە زۆرجار ئەم بابەتە بەسەر دادگاکانیشدا تێدەپەڕێت.” پارێزەری ڕاوێژکار وای وت.

لەناو دادگاکانی کوردستان ئامارێکی تایبەت نیە لەسەر ھاوسەرگیری ژن بە ژن چونکە نهێنییە، ئەو ئامارانەی کە دەخرێنە ڕوو بریتین لە ڕێژەی پڕۆسەی ھاوسەرگیری و ڕێژەی جیابونەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ھاوسەرگیری زیاتر لە ژنێك.

 

دەمەو ئێوارە بوو هاتمەوە بۆ ماڵەوە، دوو خوشکی دایکم هاتبوون بۆ ماڵمان لەگەڵ دایکم بانگیان کردم وتیان؛ کارمان پێتە وەرە دانیشە، وتیان؛ ژنمان بۆ هێناویت! بێ ئەوەی بزانم کێیە هەموو شتێکیان بڕاندبوویەوە.

 

جەزا قەترانی تەمەن ٥٠ ساڵ قوربانیەکی پیاوە چیرۆکی خۆی بۆ (چاوی خەڵک) دەگێڕێتەوە و دەڵێت” بە قسەی کۆمەڵگا کچ تەنیا ماوەیەکە داواکاری دێیت، کە گەورە بوو ئیتر شووی بۆ نابێت، بۆ ئەوەی خوشکەکەم شوبکات ژن بە ژنیان پێکردین، لەم نێوەندا مامەڵەی پارە بوونی نیە لە جیاتی پارە ئەم ھاوسەرگیریە دەکرا”

” ژنەکەمم بەدڵ نەبوو، دایکم دەیگوت ڕازی ببە با خوشکەکەت نەمێنێتەوە، پێ دەچێت ھەر شو نەکات، دایکم پێی وتم؛ (لە جۆ بخۆ تا گەنم پێدەگا)، ھەر ئەمەش ھۆکار بوو بە ناچاری دوای ئەو هاوسەرگییریە ژنێکی تر بھێنم، دایکم وتی؛ بۆ ژنی ترت ھێناوە خۆ خاوەن ژن و مناڵی خۆتی، منیش وتم دایکە بیرتە ژنت بۆ ھێنام بە دڵم نەبوو بە زۆر توشتان کردم.” جەزا وای وت

لەمیانی کەمبونەوەی ژن بە ژن ئەو پڕۆسە هەنگاو بەرەو حاڵەتیبوون دەنێ، بەوهۆیەوە لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدەوە تا ساڵی ٢٠٢١ ڕێکخراو و پڕۆژەکانی چالاکوانانی بواری ژنان هیچ چالاکییەکی هۆشیاریان لەوبارەوە نەبووە.

کەژاڵ عەبدول قادر چالاکوانی بواری ژنان و خاوەنی پڕۆژەی (ژن، ژیانە مەیکوژە) بۆ (چاوی خەڵک) دوا” پڕۆسەی ژن بە ژن لە یەکێك لەقۆناغەکانی مرۆڤایەتی پەرەی سەند لە قۆناغی فیوداڵ(دەرەبەگایەتی)، ئەم دیاریدەیە تایبەتە بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەوێوە پەرەیسەند، هاوڵاتی کوردستان بابەتی نامۆ و ناشرینەکان زوو وەردەگرێت.”

” لە لادێکاندا ئەم دیاریدەیە زۆر ھەبووە، لە ساڵانی سی  تا شەستەکان ئێجگار زۆر بووە، تەنانەت لەنەوەدەکانیش ھەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی زۆر کەمی کردووە و ڕێکخراوەکان دەستێکی باڵایان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەو بارەیەوە.” کەژاڵ وای وت

لە ڕووی شەرعییەوە هاوسەرگیری ژن بە ژن بە دانانی مارەیی و هەبوونی شاهید و ڕەزامەندی هەردوو هاوسەر دروستە، بەڵام گەر بێت و ژنەکان بگۆڕنەوە و مارەییان بۆ دانەنرێت شەرع نەھی لێکردووە.

ئەحمەد قامیشی مامۆستای ئاینی بە (چاوی خەڵک)ی وت” لە کۆندا ژمارەی ژنان کەم بووە و هەژاری و ئاستی هۆشیاری تاک نزم بووە کە وای کردوە ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدرێت. زۆر بابەت هەیە داب و نەریت دایهێناوە نەک شەرع. کچێک بە زۆر بدرێت بە شوو لە ڕوی شەرعییەوە مارەیی نابێت، یەکێکم لە مامۆستا ئاینیە کۆنەکان ئێستا دیاریدەی ژن بە ژن ھەر نەماوە ئەتوانم بڵێم بنەبڕکراوە، ئەو پڕۆسەیە لەساڵەکانی شەستەکان و حەفتاکان زۆر کراوە لە ساڵی نەوەدەکان نەما.”

ژن بە ژن بریتیە لەو پڕۆسەیەی خوشک و برایەك ھاوسەرگیری لەگەڵ خوشک و برایەکی تر ئەنجام دەدات، یان باوکێك کچێکی دەدات بە ژن بۆ خۆی یاخود برایەك خوشکەکەی دەدات بە ژن بۆ خۆی، بەوهۆیەوە کاریگەری خراپی لەسەر کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان کۆمەڵگە دەبێت.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment