هاجەر نیعمان؛ داواکاری ئاشتی لەناو وێرانەیەکدا

photo_2021-08-12_11-02-30

گۆرانییەکانی وەکو ئامرازێکی بەرگری بڵاودەکاتەوە، ئەو لە یەمەن دەژی، لەناو جەرگەی شەڕ و وێرانەدایە، بەڵام بەردەوام گۆرانی بۆ ئاشتی دەڵێت و داوای وەستاندنی شەڕەکان دەکات.

هاجەر نیعمان، کچە هونەرمەندێکی گەنجی یەمەنیی تەمەن ٢١ ساڵە، ئەو پێیوایە دەتوانێت بە گۆرانییەکانی شەڕی وێرانکەر لە وڵاتەکەی رابگرێت.

هاجەر نوێترین گۆرانی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای راوەستاندنی شەڕ دەکات و پەیامی ئاشتی بڵاودەکاتەوە و هیوای بنیادنانەوەی وڵاتە وێرانبووەکەی دەخوازێت.

یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە مێژووی نزیکەی ١٠٠ ساڵی رابدوویدا ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە ،خەڵکەکەی چەندین جار دووچاری ماڵوێرانی و شەڕ و کوشتار بوونەتەوە.

لەناو یەمەندا ڕێژەیان کەمە ئەوانەی دەیانەوێت لەرێگەی ئاشتییەوە کۆتایی بە ململانێکان بهێنن، هاجەر یەکێکە لەوانە، ئەو پێی وایە گۆرانی و هونەر بەگشتی بەشێکن لە “نەرمەهێز” و لەرێگەیەوە دەکرێت بەر بە کارەسات بگیردرێت.

ئەو لە منداڵییەوە گۆرانیی دەڵێت، تەمەنی تەنها ٦ ساڵ بوو کە دەستی بە گۆرانیوتن کرد، بەڵام لەوکاتەوە و ئێستاشی لەسەر بێت بەردەوام چەسپاندنی ئاشتی و راگرتنی شەڕ دوو پەیامی سەرەکی هونەرەکەی بوون.

ئەو هونەرمەندە گەنجە، لە زانکۆ کۆلێژی ئادابی خوێندووە، پێدەچێت ئەوە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ تێگەیشتنی ناوبراو لە ڕۆڵ و کاریگەری هونەر و ئەدەب لەسەر دۆخی گشتی کۆمەڵگە.

گۆرانییەکانی هاجەر، بە ستایلی فۆلکلۆری و رەسەنایەتی وڵاتەکەی خۆیەتی، بە پێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنەکانییەوە گرنگی بە کلتور و مێژووی وڵاتەکەی خۆی دەدات.

هاجەر بە هونەرەکەی هیوا درووس تدەکات و گەشبینی بڵاودەکاتەوە، بەپێچەوانەی سیاسیەکان کە بەردەوام رق و توڕەیی بنیاد دەنێن.

هەوادارانی هاجەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ملیۆنانیان تێپەڕاندووە، تەنها لە کەناڵەکەی لە یوتیوب  زیاتر لە ٣٠ ملیۆن فۆلۆوەری هەیە.

“کەی ئەم وڵاتە پشوودەدات” ئەمە ناوی گۆرانییە نوێکەی هاجەرە، تێیدا داوای زەردەخەنەی ئەستێرەکان و وشکبوونی رووباری شەڕ و نەهامەتی دەکات.

هاجەر بەتەنها خۆی رووبەڕووی شەڕ و ماڵوێرانییەکان نەوەستاوەتەوە، گروپێکی هونەری بە ناوی “مشاقر”  دامەزراندووە و لەگەڵ پێنج هاوڕێی تریدا لەسەر هەمان بنەما و ئامانج کاردەکەن.

 

 

Leave a comment