ئایا ڕێژەی توندوتیژی لە هەورامان کەمترە لە ناوچەکانی تر؟

unnamed

شاری هەڵەبجە بە تایبەتی و ناوچەی هەورامان بەگشتی وا دەناسێنرێت ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان زۆر کەمترە بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان، وە ئەگەر سەیرێکی ناوچەکە بکەین ئازادییەکی زیاتری ژنان دەبینن لەم ناوچەیە و لە چەندین بواری جیاوازدا ژن لە پلەو پۆستدا کاردەکەن.

هاژە ئەحمەد، بەڕێوبەری سەنتەری گەشەی سەر بە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO هەڵەبجە دەڵێت “ڕاستە هەمیشە باس لەوە دەکرێت ڕێژەی توندوتیژی لە هەڵەبجە وهەورامان کەمە، بەڵام ئەمە لەبەر ئەوەیە هێشتا خەڵک لە مانای توندوتیژی تێناگات، پێیان وایە تەنها لێدان، لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی توندوتیژییە کە بەرامبەر ژن بکرێت، بەڵام نازانێت توندوتیژی کۆمەڵێک قۆناغی تر لە خۆدەگرێت، ئەمەش یەکێکە لەو بیروبۆچون و هۆکارەی هەمیشە دەڵێن لەم ناوچەیە توندوتیژی نییە.”

توندوتیژی دەرونی ئەمە توندوتیژی نییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو ئەوە پیاوێکە مافی خۆییەتی لە ژنەکەی یان خوشکەکەی بدات و قسەی ناخۆشی لەگەڵدا بکات.

 

هاژە وتی”بەلای هاوڵاتیان ڕێگریکردن لە ژن و نەهێشتنی بۆ چونە دەرەوە یان زەبرو دەرونی و بەکار‌هێنانی وشەی زبر لەگەڵ ژندا ئەمانە توندوتیژی نین، بەڵام لە هەڵەبجە و هەورامان توندوتیژییەکان لەشێوە و فۆڕمێکیتردا دەردەکەون، چونکە لایەنە بەرپرسەکانی هەڵەبجەش پێیان وایە ئەوانەی کە ئێمە باسی دەکەین و کاری لەسەردەکەین بۆنمونە توندوتیژی دەرونی ئەمە توندوتیژی نییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو ئەوە پیاوێکە مافی خۆییەتی لە ژنەکەی یان خوشکەکەی بدات و قسەی ناخۆشی لەگەڵدا بکات.”

لە هەمان کاتدا هاژە ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد” شێوازە باوەکانی تری توندوتیژی لێرە  وەک (فرە ژنی، ژن بە ژن، کچ بەزۆر بەشودان و گەروە بە پچوک)بونی نییە کە لە ڕاستیدا ئەمانە شێوازی باوی توندوتیژن، یاخود دیاردەی ژن کوشتن لە حاڵەت تێناپەڕێت وە نەبووە بەدیاردە، بەڵام ژن زۆر توانای چونە دەرەوەی نییە و ترسی هەیە لە کۆمەڵگەکەی دواتر خراپ باسی بکات ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژی کە بەرامبەر ژن دەکرێت.”

بەڕێوبەری سەنتەری گەشە وتی” ئەو کەیسانەی سەردانی ئێمە دەکەن بریتین لە کێشە خێزانییەکان، کە زیاتر ڕووبەرووی توندوتیژی دەرونی و تەنانەت لێدان و توندوتیژی جەستەییش بونەتەوە، بەڵام خەڵک لێرە ناوێرێت قسەی لەسەر بکات و لە بنکەی پۆلیس و دادگا سکاڵا تۆمار بکات، چونکە هەمووی ناسیاوی یەکن، ئەگەر بچێتە دادگاو پۆلیس یەکسەر ماڵەوەیان زانیویەتی، لێرە پەیوەندییەکی زاڵ هەیە لە ناوچەکەدا وادەکات ژنان سڵ بکەنەوە لە داواکردنی مافەکانی خۆیان.”

هەروەها دەڵێت” شتێکیتر لێرە زۆر باوە ئەویش پابەند بوونە بە بنامە خێزانییەکان، واتا خەڵک زیاتر لە هەوڵی ئەوەدایە شکۆی خێزانەکەی بپارێزێت و لە هەوڵی پاراستنی نەفسی خۆیدا نیە کاتێک ڕووبەڕوی کێشە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی شکۆی خێزانەی نەشکێنێت ناچێت سکاڵا تۆمار بکات، بۆیە ژمارەی کەیسەکان لەم ناوچەیە کەمترە.”

 

لێرە پەیوەندییەکی زاڵ هەیە لە ناوچەکەدا وادەکات ژنان سڵ بکەنەوە لە داواکردنی مافەکانی خۆیان

 

لە کۆمەڵگای هەورامیدا جیاوازی ژن و پیاو نەکراوە، ئەمەش وای کردووە ژنانی هەورامان دەست کراوەتربن و بەشداری سەرجەم کایەکانی ژیان بکەن، لە هەورامان زۆرێک لە کارەکان ژنان بەشدارن لە ئەنجامدانیدا لە گەڵ پیاوان.

نەسرین ژنێکی دانیشتوی هەورامانە و بە “هانە نەسرین” ناسراوە، لە ٢٠١٢ لەگەڵ هاوسەرەکەی کەبابخانەیەکی داناوە، هەر کەسێک ڕوو لەوێ دەکات دەڵێت ناوبانگی نەسرین خانی بیستووە.

هانە نەسرین وتی” کاتێک دەستمان بەمکارە کرد بەس خۆم و هاوسەرەکەم بووین لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆمان پێدابین دەکرد، کاتێک من بەردەوام بووم لە کارەکەم خوشک خوشکەزاکانیشم هاتنە لای ئێمە کار بکەن کە ئێستا ٥ ژنین جگە لە پیاوەکان کە کار دەکەین، بێگومان کارێک ژنی تێدا بێت جوانتر و ڕێک و پێک تر بەرێوە دەڕوات لەوەی چەند پیاوێک کارەکە بکەن.”

شاری هەڵەبجە مێژویەکی دێرینی هەیە لەوەی ژنان شارەکە ببەن بەڕێوە، عادیلە خانم یەکێک بووە لە دیارترین ئەو ژنانەی لە ناوچەکەدا باڵا دەست بووە و لەسەردەمی ئەودا هەڵەبجە گۆرانکاری گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، لە ئێستادا ژنان هەر لەسەر ئەم ڕێچکەیە دەڕۆن پێچەوانەی شارەکانی تری کوردستان ژنان لە پۆستە گرنگەکانی شارەکەدا کاردەکەن. لەوانەش (کوێستان ئەکرەم: سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، نوخشە ناسیح:قایمقامی قەزای هەڵەبجە، د. مهاباد کامیل: سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە،گوڵستان ئەحمەد: بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی مافی مرۆڤ، شاناز نەقشبەندی: وتەبێژی تەندروستی لەگەڵ بوونی دوو دادوەری ژن).

گولستان ئەحمەد بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە دەڵێت” سەبارەت بەو ژنانەی پۆستە جیاوازەکان بەڕێوەدەبەن، هەوڵ و سەرکەوتنی ژنان خۆیانە توانویانە بگەن بە پۆسەتە جیاوازەکان، واتا شتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە و  بە ڕکابەری و هەوڵ و تواناکان خۆیان ئەم پۆستانەیان بەدەست هێناوە ، ئەگەر سەیری هەر یەکێکیان بکەین شۆڕشێکیان کردوە.”

 

لەم ناوچەیەدا تەبعێکی عەشایەری پێوە دیارە و ژن ناوێرێت بچێتە ناو دەزگا فەرمییەکان بۆسکاڵا، زۆرجار لیژنەی فەتوا پڕۆسەکان یەک لایی دەکاتەوە

 

سەبارەت بە نەبوونی توندوتیژی لە هەورامان و هەڵەبجە گوڵستان ئەحمەد وتی” دیاردە توندوتیژییەکان دوو شێوەی هەیە، یەکەم لە ڕویی ڕوکەشەوە توندوتیژیەکان کەمن یان دیارنین، ئەمەش چەند هۆکاێکی هەیە، یەکێک لەوانە نوسیینگەی بەدواداچونی توندوتیژیمان نییە لەم سنورەداو شوێنێکی تایبەتمان نییە بە ژنان، تائێستاش لەم ناوچەیەدا تەبعێکی عەشایەری پێوە دیارە و ژن ناوێرێت بچێتە ناو دەزگا فەرمییەکان بۆسکاڵا، زۆرجار لیژنەی فەتوا پڕۆسەکان یەک لایی دەکاتەوە.”

هەروەها دەڵێت” بەشی دووەمی توندوتیژیەکان شاراوەن، یان زۆرجار ژنەکان ئەو درکەیان نییە ئەوەی بەرامبەری دەکرێت توندوتیژییە، واتا هەستی پێناکات، وا دەزانێت ئەوە مافێکی ئاساییە بەرامبەری بکرێت، یان هەندێکجارکە بێبەش دەکرێت لە مافێک بەلایەوە ئاساییە، بۆ نمونە میراتی بەرنەکەوێت یان نەخوێنێت.”

بەڕێوبەری فەرمانگەی مافی مرۆڤ، دەڵێت” بەشێوە گشتییەکەی ئەم سنورە لەچاو سنورەکانی تردا تاڕادەیەکی زۆرباش ژن ئازاد ترە، بەڵام ناتوانین بڵێن ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە خاڵییە و توندوتیژی تێدا نییە، بەڵام لە چاو شوێنەکانی تردا کەمترێکە، بەشێوە گشتییەکەی کە سەیری دەکەین بە ڕوکەشی دەرەوە ژنێکی زۆر لە دەرەوەیە وخاوەن کۆمپانیا و کاری خۆیانن، بەپێ گۆرانکاری سەردەم توندوتیژیەکانیش دەگۆڕێت، لەوانەیە ژنێک گرفتی دەرچونی نەبێت بەقەد ئەوەی کۆمەڵێک گرفتی تری هەبێت وەک پیاوەکەی خیانەتی لێبکات یان کێشەی کۆمەڵایەتی تری هەبێت.”

” ڕاستە هەر لەسەردەمی کۆنەوە ڕۆشنبیریەکی فراوان هەیە لەم ناوچەیەدا تا ئێستا ژن و پیاو کاریان کردەوە ، گەر سەیری هەورامان بکەین ژن لە شاخ و باخ و ماڵ بووە، لەگەڵ پیاو هاوشانی یەک بوون لە کارەکاندا، لە شارەزورو هەڵەبجە بۆ کاری کشتوکاڵ و کاری ئاژەڵداری ژن بوونی هەبووە، بەڵام ئەم بوونە دەکرێت ئێمە بیبەستینەوە بەوەی ئازادی بووە یان هەندێک جار بەکاریان هێناون بۆ کارەکە.” گولستان ئەحمەد وای وت.

گوڵستان دەڵێت” زۆر پێویستە بەدواچون بۆ بابەتێک بکرێت، ئایا ئەم ناوچەیە بە کردارخەڵکەکەی ئاستی ڕۆشنبیری لەو ئاسەدایە توندوتیژی تێدا کەمتربێت یاخود شاراوەیە؟ من لە فەرمانگەکەی خۆم چەندین ژن دێن سکاڵا لە هاوسەرەکانیان دەکەن لەوەی مەسرەفی ناکات یان خیانەتی لێدەکات یان سوکایەتی پێدەکات و چەندین جۆریتر، کاتێک دەڵێن وەرە سکاڵا بکە ديڵێت ناتوام دوایی کێشەی ترم بۆ دروست دەبێت، جیا ببمەوە کەس نییە بەخێوم بکات ماڵی باوکم وەرمناگرنەوە ، واتا بەس دێتە لای ئێمە وەک ژنێک گوێی لێبگرین و باسی کێشەی دڵی خۆییمان بۆ دەکات.”

ژن هەیە هەموو توندو تیژییەکانی مێردەکەی قبوڵ دەکات لەبەر ئەوەی شوێنێکی نییە بۆی بڕوات، یان سەرچاوەی دارایی نییە،

 

هەروەها وتی” ئێمە بۆ کێشەکانی ژنان لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان بەشێکی یاساییمان هەیە، پارێزەرو توێژەری خۆبەخشمان هەیە. کاتێک کەیسێک دێتە لامان لەگەڵ توێژەرو پارێزەرەکان دادەنیشین هەتا مەجالی ڕێکەوتن و گەڕانەی تێدا بێت کاریان بۆ دەکەین، بەڵام بزانین گەیشتونەتە بن بەست ئەو ژنە لە ڕێگەی پارێزەرەکەوە دەچێتە دادگاو داوای خۆی بەرز دەکاتەوەو جیا دەبێتەوە ، ئێمە تەنها دەتوانین ئەمەی بۆ بکەین.”

گوڵستان ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات گرفتێکی تر هەبوو کە ڕێکخراوەکانیش تا ئێستا کاری بۆ نەکردووە ئەوەیە کۆمەڵێک ژنانمان هەیە دەناڵێنن بەدەست گرفتی خێزان و ماڵیان بەڵام ناچنە شێڵتەر بۆ نمونە ژن هەیە هەموو توندو تیژییەکانی مێردەکەی قبوڵ دەکات لەبەر ئەوەی شوێنێکی نییە بۆی بڕوات، یان سەرچاوەی دارایی نییە، ئەگەر ئێمە بمان توانیایە کار لەسەر ئەو ژنانە بکەین و بیانخەینە سەر کارو هەم کارەکەیان بەدەست دێنن هەم لەرسەپێی خۆشیان دەوەستن، ئەو هەموو سوکایەتی و توندوتیژییە قبوڵ نەکەن.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment