ڕوناک سەلیم، ئەوژنەی بەدەست چەندین نەخۆشییەوە گیرۆدە ببوو، توانی لە ڕێگەی دروستکردن و بەکارهێنانی چەندین جۆر لە زەیت و سرکە، نەخۆشییەکانی خۆی چارەسەر بکات و ئێستاش وەکو کاری سەرەکی کارگەیەکی لە ماڵەکەی لە سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە داناوە.
ڕوناک خان پێش ئەوەی بزانێت بەهرەی ئەوەی تێدایە و ئەو بەرهەمە سروشتیانە بناسێت و دروستیان بکات، بەهۆی نەخۆشییەکانی وەک( ڕۆماتیزم، فەقەرات و سەوەفان) چەندین جار سەردانی پزیشکی کردووە و تەنانەت نۆرەی نەشتەرگەریشی بۆ داندراوە، بەڵام بە ڕێککەوت کتێبێکی بەردەست دەکەوێت، تێیدا چۆنێتی دروستکردنی سرکەی سێوی تێدابووە، لە ٢٠٠٧ەوە دەستی کرد بە دروستکردنی ئەو سرکەیە و پاشان لە ٢٠١١دا چەندین جۆر زەیتی دروستکرد، هەر لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەوە توانی هەموو نەخۆشییەکانی خۆی چارەسەر بکات بێ ئەوەی نەشتەرگەریەکەی ئەنجام بدات.
” کاتێک زانیم ئەو ڕێگە باشە دەزانم لە دروست کردنی زەیت و سرکە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان، پێم باشبوو لەسەر کارەکەم بەردەوامبم، بۆ ئەوەی سوودی ئەو بەروبومە سروشتیانە هەر بۆ خۆم نەبێت و هاوڵاتیانیش لێی سوودمەند بن، لەوکاتەوە سوپاس بۆ خوا موشتەریەکی بێ سنورم هەبووە تا ئێستا.”ڕوناک سەلیم وای وت.
سەرەتای کارکردنی ڕوناک خان لە هەورەبانی ماڵەکەیدا بوو، پاشان ژورێکی بچوکی بۆ تەرخان کرد، لە ٢٠١٧دا سەردانی وڵاتی ئێرانی کرد و ئامێرێکی گەوەرەی هێنا، ئێستا بەشێکی گەورەی ماڵەکەی وەکو کارگەیەک لێکردووە بۆ دروستکردنی چەندین جۆر سرکە و زەیت، هەروەها خستنەڕوو و فرۆشتنی بەرهەمەکانی.
ڕوناک سەلیم بە(چاوی خەڵک)ی وت” بەردەوام بە موشتەرییەکانم دەڵێم هەر کاتێک ئەوان گومانیان لە ڕەنگ،کوالیتی و جۆری بەرهەمەکان هەبوو، من ئامادەم شوێنەکەیان پێ پیشان بدەم تاکو ئەوان دڵنیابن، چونکە من لە بەرچاوی خۆیان شتەکان دروست دەکەم.”
ڕوناک سەلیم بەردەوام هەموو جۆرەکانی زەیت کە بۆ نەخۆشی و چێشتلێنان بەکاردێت لەگەڵ سرکەی سێوی سەوز دروست دەکات، لەهەمانکاتدا بەپێی داواکاری هاوڵاتیان دەتوانێت سرکەی بەهێ، هەرمێ و سێوی سور بەرهەم بهێنێت.
ڕوناک سەلیم هیچکات بەرهەمەکانی خۆی بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراوی وڵاتانی تر ناکات، ئەو بەتەواوی دڵی پڕە بۆ میللەتەکەی خۆی کە ڕۆژانە تووشی چەندین نەخۆشی کوشندە بوون لە ئەنجامی خواردنی بەرهەمە هاوردەکراوەکان، چونکە کوالتیان باش نییە. بۆیە دەبێت هاوڵاتیان گرنگی بەوە بدەن زەیتێکی باش بۆ ئامادەکردنی خواردنەکانیان بەکار بهێنن ئەگەر نرخەکەی زیاتریش بێت، نەوەکو زەیتێکی بێ کوالتی بەکار بهێنن، بەڵام لەو سەرەوە ئەو پارەیەی پاشەکەوتیان کردووە لە کڕینی دەرماندا خەرجی بکەن.
ڕوناک سەلیم دەڵێت” من تەنیا ڕۆحی ماددەکان دەردەهێنم و پێشکەشی موشتەرییەکانمی دەکەم، هەربۆیە کارەکەشمم گەورە نەکردووە چونکە دەمەوێت بە پچوکی و پوختی بمێنێتەوە، تا لە ژیانیشدابم من دەست ناگۆڕم و دەمەوێت هەر خۆم دروستیان بکەم، دەتوانم گرەنتی بە موشتەرییەکانم بدەم بۆ هەر جۆرە بابەتێک بەکاری دەهێنن بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی (قژ هەڵوەرین، پەڵە و زیپکە، ئازاری مەعیدە، سەوەفان و ڕۆماتیزمە و پڕۆستات) و چەندین نەخۆشیتر.”
سەبارەت بەوەی ئەو کەسانەی بەرهەمەکانی ڕوناک خان دروستی دەکات و بەکاری دەهێنن تەنیا لە ناوخۆی وڵاتدا نییە، بەڵکو لە وڵاتانی ئەورپا و ئەمریکاش کڕیاری هەیە، هەندێکیان کە بەسەردان دێنەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە و هەندێکیتریان لەوێیوە داوای دەکەن و بۆیان دەنێرن.
ڕوناک سەلیم بەهۆی دروستکردنی زەیتەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی لەو ڕێگەیەوە تەندروستییەکی باشی هەیە، ئێستا ئەو شاخەوانی دەکات و لەهەمان کاتدا ڕوەک ناسیشە، کاتێک لەسەر شاخە بەرزەکان گیا دەرمانێک هەبێت لەگەڵ خۆی دەیهێتەوە و درمانی لێدروست دەکات.
ڕوناک خان بەردەوام وەڵامی موشترییەکانی سەبارەت بە بەرهەماکان زۆر بەوردی دەداتەوە و زانیاریان لەسەر سوودەکانی پێدەدات، لەهەمان کاتدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات بگەڕێنەوە بۆ سروشت و گرنگی بە وەرزش و بەکارهێنانی بەروبومە سروشتیەکان بدەن.
چاوی خەڵک/ تایبەت