هیندستان؛ ژنانی مامۆستا داوای پشووی ‘سوڕی مانگانە’ دەکەن

photo_2021-08-09_11-00-10

ژنە مامۆستاکانی ویلایەتی ‘ ئەوتار برادیش’ ی هیندستان دەستیان بە کەمپەینێک کردووە کە تێیدا داوا دەکەن لە مانگێکدا سێ ڕۆژ پشوو لە کاتی سوڕی مانگانەدا وەربگرن.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ژنە مامۆستاکانی ویلایەتی (ئەوتار برادیش) کە ناوچەیەکی شاخاوی و گوندنشینە، بەدەست نەبوونی “توالێتی پاکوخاوێن”و نەبوونی پێداویستییەکانی تایبەت بە ژنان لە خوێندنگەکاندا دەناڵێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکە، ئەوە بووەتە پاڵنەر کە ژنە مامۆستاکان کەمپەینێک ڕابگەیەنن و تێیدا داوا بکەن لە مانگێکدا سێ ڕۆژ پشوو وەکو “پشووی سوڕی مانگانە” وەربگرن.

سولوشانا، سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیەیە کە کەمپەینەکەی راگەیاندووە، دەڵێت “ڕێژەی ٧٠% ی ژنە مامۆستاکانی ئەو ویلایەتەی هیندستان لە ناوچە گوندنشینەکان وانە دەڵێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە “ماوەی سوڕی مانگانە کاتێکی گونجاو نییە بۆ گەشتکردن و وانە وتنەوە چونکە زۆربەی پزیشکەکان جەخت لەوە دەکەنەوە ژنان لەو ماوەیەدا دەکەونە دۆخێکی جەستەیی و دەروونی ناجێگیرەوە”.

“زۆربەی ژنە مامۆستاکان ڕۆژانە ٣٠ بۆ٦٠ کیلۆمەتر دەبڕن بۆئەوەی بگەنە خوێندنگەکان و وانە بڵێنەوە، ئەوەش بە تەواوەتی کارێکی سەختە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا” چالاکوانەکە وادەڵێت.

لە وەڵامی کەمپەینەکەدا، حکومەتی ئەو ویلایەتەی هیندستان ڕایگەیاند دەستیان بە بەدواداچونی داواکارییەکە کردووە و لە داهاتوودا بڕیارێکی گونجاو دەدەن.

پرسی وەرگرتنی پشوو لە کاتی سووڕی مانگانەدا لە هیندستان بابەتێکی نوێ نییە، پێشتر هەریەک لە کۆمپانیاکانی (زوماتۆ، کالتچار ماچین و تاتا) ئەو پشووەیان وەکو مافێک بۆ کارمەندە ژنەکان دەستنیشانکردووە.

لە فەرمانگە حکومییەکانیشدا کارمەندە ژنەکان دەتوانن لە مانگێکدا دوو ڕۆژ پشوو بە ناوی “پشووی ژنانە” وەربگرن کە تایبەتە بە جیاوازی بایلۆجیی نێوان ژنان و پیاوان.

تێڕوانینی جۆراوجۆر لەبارەی سوڕی مانگانە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا هەیە، لە هەندێک ناوچە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا رێگە بە ژنان نادرێت بچنە پەرستگاکان، لە هەندێک شوێنی تر رێگە نادرێت بچنە شوێنی چێشتلێنان و تەنانەت کۆمەڵگەی وا هەیە لەو ماوەیەدا ژنەکان پەراوێز دەخرێن و نابێت تێکەڵی ئەوانی تر ببن.

 

Leave a comment