ئەمەل ناجی: بەبینینی پۆستێک لە فەیسبوک بوومە خاوەن پرۆژە

photo_2021-08-08_14-14-32

ئەمەل شانازی دەکات بەوەی کارێکی کردووە کە بە دەگمەن ژنان دەرفەتی وەهایان بۆ دەڕەخسێت، دوای ئەوەی لە چەندین شوێن وەکو کارمەند کاریکردووە، ئەو ئێستا خاوەنی کاری خۆیەتی.

خاوەنداریکردن و بەڕێوەبردنی کێڵگەی پەلەوەری “دواجن” یەکێکە لەو کارانەی کە بە کاری “پیاوانە” ناسراوە و بە دەگمەن ژنان و کچان دەرفەتی کارکردنیان لەو بوارەدا بۆ رەخساوە، بەڵام (ئەمەل ناجی) ٢٥ساڵان توانیویەتی ببێتە خاوەنی کێڵگەی پەلەوەری.

سەرەتا ئەمەل بیرۆکەی ئەوەی هەبووە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی دابمەزرێنێت، چونکە وەکو خۆی دەڵێت ناوچەکەیان -هەورامان-٨٠ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای سلێمانی- شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە و سروشتەکەی هاوکار دەبێت بۆ سەرکەوتنی وەها پڕۆژەیەک.

نەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی وا کە بتوانێت بەشێوەی سەربەخۆ پڕۆژەکەی دابمەزرێنێت گەورەترین بەربەست بووە لەبەردەمیدا، ئەمەش وایکردووە بیرۆکەکەی هەروا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لە سۆشیال میدیا پۆستێک دەبینێت کە رێکخراوێکی بیانیی دەرفەتی پشتیوانیکردنی ١٠ پرۆژەی کشتوکاڵیی لە پارێزگای هەڵەبجە راگەیاندووە.

“بینینی ئەو پۆستە بۆ من وەکو خستنە سەرپشتی دەرگایەکی هیوا وابوو، راستەوخۆ بیرم لەوەکردەوە کە فۆڕمەکە پڕبکەمەوە، بەو هیوایەی بتوانم پشتیوانیی دارایی پێویست بۆ بیرۆکەکەم پەیدا بکەم” ئەمەل ئەمەی بۆ ‘چاوی خەڵك’ گێڕایەوە.

دەشڵێت “کاتێک لەلای خێزانەکەم بیرۆکەکەم باسکرد و وتم دەرفەتێکی لەو شێوەیە هەیە، ئەوان زۆریان پێ باشبوو، پشتیوانم بوون و تا دامەزراندنی پڕۆژەکە لەگەڵم بوون و ئێستاش بەردەوام هاوکارمن”.

ئەمەل دوای ئەوەی بە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بیرۆکە و پێدانی راوێژ و راهێنانەکاندا تێپەڕێوە، توانیویەتی ئەو پشتیوانییە داراییەی رێکخراوەکە بەدەستبهێنێت و بیرۆکەکەی ئەو ببێتە یەکێک لەو ١٠ پرۆژەیەی لە پارێزگای هەڵەبجە پشتیوانی رێکخراوەکەیان بەدەستهێناوە.

“ئەمە یەکەم ئەزموونی کارم نییە، پێشتر چەندین کاری جیاوازم تاقیکردووەتەوە، بەڵام لەسەرجەمیاندا وەکو کارمەند کارمکردووە، ئەوەتا ئێستا خۆم خاوەنکارم، پێم وایە ئەمە خەونی هەموو کەسێکە کە خۆی خاوەنکار بێت ئەوە خەونی منیش بوو و توانیم خەونەکەشم بەدیبهێنم” ئەمەل وا دەڵێت.

“دەوروبەرم پڕە لە ژنی ڕەچەشکێن”

سەبارەت بە رێگرییە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەمی، ئەمەل ناجی باس لەوە دەکات کە کەمترین رێگری بۆ هاتووەتەپێش دەڵێت “دەوروبەری من پڕە لە ژنە ڕەچەشکێنەکان ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژیم راهاتووە بەوەی ژنان کاری جیاواز بکەن، نەک رێگری ناکرێت بەڵکوو پشتیوانی دەکرێت و هان دەدرێت”.

“من ئێستا لە کارەکەمدا خێزانەکەم سەرجەمیان هاوکارمن، بێجگە لەوان ئامۆزایەکم هاوبەش و هاوکارمە، ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی ئەوان نەبوایە ئەستەم دەبوو بتوانم سەرکەوتووبم لە کارەکەمدا” کچە خاوەنکارەکە ئەم قسانەی بۆ ‘چاوی خەڵک’ کرد.

کارەکەی ئەمەل هێندەش بێکێشە و بەربەست نەبووە، دامەزراندنی پڕۆژەیەکی وەها  لە دۆخێکی دارایی و تەندرووستی نالابەری وەکو ئەوەی لە کوردستان هەیە، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەمەل توانیویەتی بەسەر بەربەستەکانیدا زاڵبێت و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

“ئەو رێگریی و بەربەستانەی بۆ من هاتنە پێش هەمان ئەو بەربەست و رێگرییانەن کە بۆ پیاوێکیش دێنەڕێ لەکاتی دامەزراندنی پڕۆژەیەکدا، ئەمە بەو واتایە دێت کە هەموو کارێک رێگریی هەیە و ئەوەی کۆڵنەدەر و بەهیوا بێت ئەوە سەردەکەوێت و دەگات بە ئامانجەکەی” ئەمەل وا دەڵێت.

“گەنجان و ژنان با سەرکێشی بکەن”

دوای ئەوەی سەرکەوتوو بووە لە دامەزراندنی پڕۆژەکەی و بەدیهێنانی خەونەکەی، ئەمەل هیوا دەخوازێت هەموو ژنان بتوانن وەکو ئەو دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بۆ بڕەخسێت و بتوانن ببنە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ.

“گەنجان و کچ و ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبێت سەرکێشی بکەن دەبێت هەوڵبدەن و رووبەڕووی بەربەستەکان ببنەوە، بۆئەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان، چوونکە ئەگەر سەرکێشی نەکەن و سوور نەبن لەسەر خواستەکانیان ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن” ئەمەل وا دەڵێت.

جەختیش دەکاتەوە “ئەوانەی کە سەرەتای کاریانە و پڕۆژەی نوێ دادەمەزرێنن نابێت پەلە بکەن و بیانەوێت وا زوو بە قازانجێکی زۆر بگەن و کارەکەیان بکەوێتە سەرپێ، بەڵکوو دەبێت پشوودرێژ بن و چاوەڕێ بکەن و پەرە بە خۆیان بدەن”.

چیرۆکی سەرکەوتنی ئەمەل، یەکێکە لەناو سەدان چیرۆکی تردا، بەڵام زۆرتریشن ئەوانەی کە بەهۆی رێگرییە کۆمەڵایەتیی و داراییەکانەوە تائێستا نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن و ببنە خاوەن کاری سەبەخۆ.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment