گرنگی كۆرسی ئەكاديمی بەهێزكردنی توانای سياسی ژنان چییە؟

photo_2020-12-17_12-23-32

ئەم كورسە لە سەرەتای مانگی (٩) ی٢٠٢٠ بە هەمەئاهەنگی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)، ڕێکخراوی (NPA) نەرویجی و (SIDA) ی سویدی ودەستیپێکردوە.

کلارا هێمن سەرپەرشتیاری کۆرسەکە دەڵێت” پاش ئەنجامدانی ڕاپرسیەک دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا، دەرکەوت کە تەنها ٢٪ ی ژنانی کایە سیاسیەکان بەشدارن لە بڕیارە سەرەکی و گرنگەکاندا، بەمەش کردنەوەی ئەم کۆرسە ئەکادیمییە پێداویستیەکی گەورە بوو.”

هەروەها وتی” ئەم کۆرسە دەرگای بە ڕووی ژنانی هەموو پارتە سیاسیەکان واڵاکرد و پاشان بە پێی ئەو پێوەرانەی کە دیاریکراوبوون دەستەیەک پێکهاتبوون لە (١٧-٢٠) ژن وەرگیران، جێی باسە کە (٤٠٪) ی بەشداربوان لە کایە سیاسیەکانن و لە (٦٠٪)ی سەربەخۆن، هەروەها تەوەرەکانی ئەکادیمیاکە چوار تەوەرەی لەخۆ گرتووە (جێندەر و فێمێنیزم، جێندەری ئابووری، جێندەرو گۆڕانی کۆمەڵایەتی، فەلسەفەی سیاسی).

 

ئەم کۆرسە شەش مانگ دەخایەنێت، چەندین بواری گرنگی بنچینەیی بۆ پرسی سیاسەت لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و مامۆستایانی زانکۆ کە بەشێکیان بیانین دەوترێتەوە.

د. فاروق ڕەفیق توێژەری بواری فەلسەفە تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” ئەمە کۆرسێکی فەلسەفییە وەکو کۆرسە فەلسەفیەکانی تر کە لە ئاسیای خۆرئاوا دەوترێتەوە کە فەلسەفەی سیاسی لەسەردەمی قیرانە وجودییەکاندا، ئەمەش واتا لەسەدەی بیستەکاندایە کە ١٩١٤ بۆ ١٩٩٢وە کەچەند بیرمەندو فەیلەسوفی خۆرئاواییمان هەڵبژاردوە،لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی دیدی فەلسەفیانەی ئەوانەوە دەمانەوێت بزانین کە ئەو سەدەیە لە کایەی فەلسەفەی سیاسی چی بەرهەم هێناوە، بۆ ئەوەی بزانین کیشەو نیگەرانی و پرسیارەکان چین، ئەوانەشمان هەڵبژاردوە کە کاریگەری زۆریان لەسەر سەدەکە بەجێ هێشتووە.”

هەروەها دەڵێت ” کۆرسەکەش هەر کڵاسەی سێ کاتژمێرە، لەو ماوەیەشدا لەگەڵ بیرمەندێک  قسە لەسەر ئاشناترین و بەناوبانگترین کتێبەکانیان دەکەین، لەگەڵ ئەوە پرسیارە گەروانەی کە پێشنیاریان کردوە، هەروەها بەستنەوەی ئەمانەش بە یەکتروە، بەڕاستی هەندێک لەم فەیلەسوفانەی لێرە دەخوێنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستیشدا ناخوێنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە شکستی ئەو کایانەی کە پێی دەوترێت کایەی زانستی کۆمەڵایەتی لەناوچەکانی نەک ئێرە لە خۆرئاواش شکستی هێناوە ئەو هۆشیاریە دروست بکات سەبارەت بەو کێشانەی کە مرۆڤ هەیەتی، فەلسەفەی سیاسی دەتوانێت هۆشیارییەکی بەرفراوان دەربارەی کێشەکانی مرۆڤ لەناویشیاندا ژنانی ئێرە بەتایبەتی ئەم ناوچەیە دروستبکات.”

“کۆرسەکە چاوی لەوە بڕییەوە هۆشیارییەکی گشتی بەرهەم بهێنێت وەکو ئامڕازێک، لەدواجاردا بۆ گۆڕانکاریەکانی دوایی بەکاربێن و بخرێتە گەڕ، واتا مەبەست لەوەیە ئەم ژنانەی بەشداری ئەم کۆرسە دەکەن هۆشیاریەکیان هەبێت دەربارەی ئەو کێشانەی ئەم سەردەمەی کە تێدا دەژین چ سەردەمێکە و کێشەکانی کامانەن، لە زمنی ئەوانەش توانای ئامڕازێکیان هەبێت بۆ ئەوەی کیشەکانی خۆیانی پێ ببنینەوە کە ئەمە لە ڕاستیدا هۆشیاری ئەم کۆرسە دەیدات بە کەسێک کە بەشداری دەکات، لە دواییدا کۆرسەکە تەواو دەبێت دەتوانێت تاقیکردنەوەیەکی ئەو هەل و مەرجەی تێیدا دەژی و ئەو دیدەگایەی ئەم ڕوبەڕویان دەبێتەوە و ئەو داب و نەریتانەی ڕێگرن لەبەردەمیدا خۆی تاقی بکاتەوە.”  د. فاروق ڕەفیق وتی

 

سەبارەت بە گرنگی کۆرسەکە د. فاروق ڕەفیق دەڵێت” خود ئاگاییەک لەناو کەسەکەدا دروست دەکات کە بەشدار بوو دەربارەی ئەو کێشەی کە خۆی وەک و مرۆڤ و هەروەها ژینگە و  ڕەگەزهەتا جڤات و نەتەوەکەی  و ئەو کێشانە چین کە ڕوبوڕووی دەبێتەوە، کەواتە بەبێ ئەم ‌هۆشیاریە ئێمە لە بازنەیەکدا دەخولێینەوە کە زۆربەی بەداخەوە گلەیی گازندەیە لە هەل و مەرجێک کە ئێمە تێدا دەژین، بەڵام ئامرازێکمان نیە بۆ ئەوەی ئێمە لێی تێبگەین و بزانین ئەوانە لە کوێوە هاتون، هەندێک جار کار گەیشتووە بەوەی ئێمە وابزانین ئەمە قەدەری ئێمەیە یان نەفرەتێک لە ئێمە کراوە، لە کاتێکدا ئەمە هی ئەوەیە نەمان توانیوە دەستمان بە زانیارییەکی دروست بگات، ئەم مەعریفەیەش ببێت بە ئامڕازێک بۆ ڕزگار بونمان.

بەشدار بوو باخان جافەر لە ڕێکخراوی ستێپ دەڵێت” ئەم کۆرسە زۆر گرنگە و جێگەی دەست خۆشییە بۆ ڕێکخەرانی، نەک هەر بۆ ژنان دەتوانم بڵێم بۆ هەمو تاکێکی کۆمەڵگا گرنگە زانیاری وەربگرێت لەسەر ئەم بابەتانە، دەتوانم بڵێم فکری زۆرمانی جوڵاندوە لەسەر کۆمەڵێک پرسی زۆر گرنگ کە پێویستە هەر تاکێک و هاوڵاتییەکی ئەم کۆمەڵگایە پرسیاری هەبێت لەسەر ئەو بابەتانە  و بیر بکاتەوە لەسەریان، بە هیوام گرنگی زیاتری پێبدرێت و بابەتەکانی دەوڵەمەنتر بکرێت.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment