بەشی حەوتەم/ مارەیی لە یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان

4252

مارەیی مافێکی داراییە، خوای گەورە پێویستی کردووە لەسەر پیاو بیدات بە هاوسەرەکەی لە گرێبەستێکی درووستدا.

مادەی(١٩) لە یاسای باری کەسێتیدا دەڵێت:

ژن مافی ئەو مارەییەی هەیە کە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا دیاری کراوە، بەڵام ئەگەر دیاری نەکرابوو یان نکۆڵی لێ کرا، ئەوا مارەیی هاوشێوەکەی دەدرێتێ.

 جۆرەکانی مارەیی

مارەیی دیاری کراو/ ئەو مارەییەیە کە لەکاتی گرێبەستەکەدا دیاری کراوە، بەشێوەیەک کەماڵەکە سود بەخش بێت و هەردوو لا لەسەری ڕێکەوتبن.

جێگەی باسە کە مارەیی دیاری کراو لە دوو کاتدا پێویست دەبێت:

٭بە لێک جیابونەوەی هەردوو هاوسەرەکە

٭بە مردنی یەکێک لە هاوسەرەکان

مارەی هاوشێوە/ ئەو مارەییەیە کە لەکاتی گرێبەستەکە دیاری نەکراوە و دواتر دیاری دەکرێت لەسەر بنەمای هاوشێوەی ژنەکەکە لەکاتی گرێبەستەکە.

لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا مارەی هاوشێوە دروست دەبێت

٭ئەگەر مارەیی لەکاتی گرێبەستەکە دیاری نەکرابوو.

٭ئەگەر هەردوولا پێک هاتن لەسەر نەبونی مارەی لە گرێبەستەکە.

٭ئەگەر شتێکیان بە مارەیی دانا کە شیاوی مارەیی نەبوو.

٭ئەگەر ناکۆکی لەنێوانیان دروست بوو لەسەر بڕی مارەییەکە

٭ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا لەکاتی نەخۆشی کوشندەدا بە مارەییەکی زیاتر لە سنوری ئاسایی.

مادەی بیستەم

١/دەکرێت مارەیی پێشەکی هەموی یان هەندێکی وەربگیرێت یاخود دوابخرێت، ئەگەر دەقیشی لەسەر نەبوو ئەوا دابوو نەریت یان عورف پەیڕەو دەکرێت.

واتە مارەیی پێشەکی ئەو مارەییەیە کە پێش گواستنەوە بە ژن دەدرێت، دەکرێت هەمووی پێش وەخت وەربگیرێت، دەشکرێ بکرێتە دوو بەش، بەشی دووەم دوای گواستنەوە وەربگیرێت.

مارەیی پاشەکی/ئەو مارەییەیە کە لەکاتی گرێبەستەکە دیاری کراوە، بەڵام دوای گواستنەوە دەدرێت، بە جیابونەوە یان بە مردنی یەکێک لە هەردوو هاوسەرەکە پێویست دەبێت.

کەی ژنان هەموو مارەییەکەی دەکەوێت؟

مادەەی٢١:  ژن هەموو مارەییەکەی دەکەوێت دوای جوت بونی نێوان ژن و مێرد یان بە مردنی یەکێک لە دوو هاوسەرەکە ئەگەر پێش گواستنەوەش بێت، بەڵام ئەگەر پێش جوت بوون تەڵاق بدرێت ئەوا نیوەی مارەییەکەی دەکەوێت.

پرسیار/ئەگەر لە گرێبەستێکی نادروست جوت بون ڕویدا، ژنانەک چەندی مارەیی دەکەوێت؟

ماددەی٢٢:  ئەگەر دوای جوت بوون جیابونەوە ڕوویدا لە گرێبەستێکی نادروست، مارەییەکەش دیاری کرابوو، ئەوا لە هەردوو مارەیی دیاری کراو و مارەی هاوشێوە کامیان کەمتر بوو ئەوەیان وەردەگرێت،  بەڵام ئەگەر مارەیی دیاری نەکرابوو، ئەوا مارەیی هاوشێوە وەردەگرێت.

ئامادەکردن: پارێزەر ساکار عطا محمد

 

 

Leave a comment