نەبوونی باڵانسی جێندەری لە کەرتی بازرگانی لە ڕوانگەی ئاماری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، خاوەندارێتیکردن لە نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی موڵک و زەوی و زار لەو پارێزگایە لە ١٠٠% لەدەستی پیاودایە و بەپیشەیەکی پیاوانە لەلایەن خەڵکەوە ناسراوە، لە ژێر سایەی گەشەکردنی بەردەوامی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە کەرتی بازرگانیکردنی کڕین و فرۆشتنی موڵک، لە ئێستادا بە یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی بواری وەبەرهێنان دادەنرێت.
لەکاتێکدا ژنان لە جیهانی ئابووری ئەمڕۆدا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێن و لە زۆر کەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا وەبەرهێنان دەکەن کە پێشتر ئەو کەرتانە لە لایەن پیاوانەوە قۆرخکرابوون.
نەخشین نامیق، یەکێکە لە ژنە خاوەنکارەکانی پارێزگای هەڵەبجە، یەکەم ژنە خاوەندارێتی لەپڕۆژەیەک دەکات کە نانەواخانەیەکە تایبەتە بەژنان و نزیکەی بیست و یەک ژن تێیدا کاردەکات، ئەو دەمێکە خولیای کردنەوەی نوسینگەی بازرگانی کڕین و فرۆشتنی موڵکی هەیە و درکی بە کەلێنی جێندەری لەم بازرگانیەدا کردووە.
لەوبارەیەوە نەخشین دەڵێت ” وەک ژنێکی خاوەنکار سەرەتای کارکردنم بە دوور نەبووە لە بەربەست، هەندێکجاریش لەلایەن خێزانەکەمەوە بۆم دروستکراوە، ئەوەش لە ڕوانگەی ئەوەی کە توانای بەرێوەبردنی ئەم پڕۆژەیەم نیە کە ئێستا کاری تێدا دەکەم، بەڵام دواتر بەهۆی سووربوونی خۆم توانیم سەرکەوتووبم.”
لە یەکەم هەنگاوی نەخشین بۆ دانانی نانەواخانەکەی سەرمایەیەکی زۆر کەمی پێبووە، بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەش لەدەست نەدات پێویست بوو کەل و پەل بۆ ئەو شوێنە ئامادە بکات، هەر بۆیە ناچار بوو پەنا بەرێتە بەر قەرزکردن لەو شوێنانەی کەل و پەل و پێداویستی لێکڕییووە.
ئەوەى مایەی سەرنج بوو بۆ نەخشین کاتێک تێبینی دەکات بۆ هێنانی کەلوپەل و ئامێرەکان بۆ ئەو پرۆژیە، دەبوابە بنەماڵە و هاوسەرەکەی بناسێنت، بۆ ئەوەی بتوانێت قەرز لە خاوەن فرۆشگاکان وەربگرێت، چونکە ئەوان هیچ متمانەیەکیان بە نەخشین نەبووە، بەڵام بەهۆی بەردەوام بوون لە کارکردن و فراوان بوونی مەودای پرۆژەکەی نەخشین، ئێستا خاوەنی متمانە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیەتی لە نێو بازاڕی کارکردن لەو پارێزگایە.
لەلایەکی دیکەوە نەخشین پێی وایە بە پێی ئەو ئەزموونەی کە چەند ساڵە لە بازاڕی کاردا دەستی کەوتووە، کارکردنی ژنان لە پڕۆژەی بازرگانی بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە گێچەڵی سێکسی پارێزراو نیە.
لەکاتێکدا نەخشین دەیەوێت پیشەکەی بگۆڕێت و کاربکات لە بواری بازرگانیکردن لە کڕین و فرۆشتنی موڵک و زەوی و زاردا و خاوەنی نوسینگەی تایبەت بەخۆی بێت، بەڵام ئەو بازرگانیە لە پارێزگای هەڵەبجە بەتەواوی لە ژێر دەسەڵاتی پیاودایە و تائێستا لە مێژووی ئەو شارەدا ژنێک نەبووە لەو بازرگانیەدا کاری کردبێت.
بۆ ئەو مەبەستەش بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، ئامانج عین الدین وتی” تا ئێستا هیچ داواکاریمان بۆ نەهاتووە لەلایەن ژنان بۆ دەرکردنی مۆڵەتی کردنەوەی نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی موڵک، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە هیچ جیاکاریەکی نەکردووە بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ کردنەوەی نوسینگەی کڕین فرۆشتنی موڵک لە نیوان ژن و پیاودا، هەمان مەرج و پێوەرمان هەیە بۆ هەردوو ڕەگەز” .
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئامانج عین الدین، ئەوە دەخاتە ڕوو هۆکاری سەرەکی بۆ نەبوونی ژن لەم پیشەیدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان دەست پێشەخەری بۆ دەرهێنانی مۆڵەت ناکەن، سەرەڕای بوونی کلتووری زاڵی ناوچەکە بەسەر ئەم پیشەیەدا کە تا ئێستا بە پیشەیەکی پیاوانە ناسراوە.
سۆران محمود، خاوەنی نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی موڵکە، پێی وایە کارکردن بۆ ژن لەو پیشەیەدا کارێکی گرانە، ئەو کۆمەڵیک بەربەست و هۆکار دەخاتەڕوو، لەوانە مامەڵەکردنی ژن لەگەڵ بڕێکی زۆر لە پارە، هەروەها ئەو پیشەیە ڕۆژانە بەلایەنی کەم هەشت بۆ دە جار دەرچوونت دەوێت، پاشان پێویستی بە مامەڵەکردن هەیە لەگەڵ هەموو جۆرە کەسایەتیەکاندا، لەم کۆمەڵگەیەشدا مەحاڵە بۆ ژن بتوانێت خۆی لە گێچەڵ لەگەڵ کڕیارەکانیدا بپارێزێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو پیشەیە پێویستی بە شارەزایی و ئەزموونە، بەتایبەتی لە بوونی زانیاری تەواو لە سەر نەخشەی ناوچەکە .
هەر بۆ ئەم مەبەستە زریان محمد، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە (چاوی خەڵک)ی وت” لە لای ئێمە ژماریەک ژن مۆڵەتی کردنەوەی نوسینگەیان وەرگرتووە، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆ ئەم نوسینگانە دەرکەوتووە کە لەلایەن ژنانەوە بەرێوە نابرێت، بەڵکو تەنها هەڵگری ناوی مۆڵەتەکەن و دواتر لە لایەن هاوسەر یان باوک و براکانیان سەرپەرشتی دەکرێت.”
لە کاتێکدا ئەو جۆرە بازرگانیە کارێکی گران نیە، دەکرێت ژنان خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ ئەو پیشەیە و پێویستی بەسەرمایەکی ئەو تۆش نیە، لەکاتێکدا ژووی بازرگانی سلێمانی هیچ جیاکاریەک نەکات لەسەر بنەمای جێندەر لە کاتی پێدانی موڵەت بۆ کردنەوەی نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی موڵک.
هەر بۆیە پێویستە هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی گۆڕنگاری ڕیشیەیی بێتەدی لە پێدانی ڕۆڵ بۆ ژن لە بازرگانیکردنی کڕین و فرۆشتنی موڵک، ئەویش لە ڕێگەی هاندانی ژنان و دانانی ڕێبەری تایبەت لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ ئەوەی جۆرایەتی لەنێو ئەم کەرتەدا ڕەنگبداتەوە و دواتریش کاریگەری هەبێت لەسەر بەرتەسک کردنەوەی کەلێنی جێندەری لەم بازرگانیەدا
چاوی خەڵک/ تایبەت