جوان ئۆغەنای کریستیانی بێدەنگی دەشکێنێ و چیرۆکی دەستدرێژی لەلایەن قەشەیەکەوە دەگێڕێتەوە

Untitled

جوان ئۆغەنا، ژنێکی کریستیانە و لە هەولێری گەڕەکی عەنکاوە دادەنیشێت، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت “١١ ساڵ بووم لە دوای ڕێوڕەسمێکی ئایینی قەشەکە جیای کردومەتەوە، کاتێک هەردووکمان بە تەنیا بوون بە شێوەیەکی نەشیاو دەستی لێداوم و قسەی سێکسی لەگەڵدا کردووم.”  

جوان وتی” ئەوکاتە منداڵ بووم و نەمزانیوە چی ڕوویداوە، بەڵام ئەو هەستە نامۆیە و لەگەڵمدا بەردەوام بووە، تاوەکو دوایی بەهۆی کارەکەوە ڕوە جیاوازەکانی ئەو ڕووداوەم بۆ دەرکەوتووە زانیومە ئەوەی ڕویداوە دەستدرێژیی سێکسی بووە”

جوان باسی ئەوەش دەکات کە ماوەی پێنج ساڵ لە بواری تەندروستیی دەروونی کاری کردووە، پاشان بۆ ماوەی ٣ ساڵ کاری لەسەر پاراستنی منداڵان کردووە، ماوەی چەند ساڵێکیشە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کار دەکات، لەوانە لەبارەی کەیسی دەستدرێژیی سێکسی لەکاتی شەڕی داعش.

جوان لە درێژەی ڤیدیۆکەدا باس لەوە دەکات دوو ساڵ لەمەوبەر لای دادگای کەنیسە سکاڵای تۆمارکردووە، لە دانیشتنی یەکەم قەشەکە نکۆڵی کردووە، دەشڵێت، لە کاتی دادگاییەکەی ویستویانە لۆمەی بکەن و لێیان پرسیوە ئاخۆ جلوبەرگی لەوکاتەدا چۆن بووە؟

جوان دەڵێت”  قبووڵی نەکردووە دادگە پەنجەی تۆمەت بۆ جلوبەرگەکەی رابکێشێت. ”

پاش چەند دانیشتنێک، کاری لێکۆڵینەوە گوازراوەتەوە بۆ داگەیەکی دەرەکی و لیژنەیەکی هاوبەش لەلایەن ڤاتیکان و لە کەنیسەیەکی لووبنانەوە هاتووەتە هەولێر و لەگەڵ هەردوولا قسەی کردووە.

جوان لە درێژەی ڤیدیۆکەدا دەڵێت، لە دوای سەردانی لیژنە هاوبەشەکەی ڤاتیکان، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون سکاڵاکە “بە نهێنی” بپارێزن، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات، قەشەکە دواتر پابەندنەبووە و لەناو عەنکاوە ناسنامەی جوان ئۆغەنای بڵاوکردووەتەوە، تاوەکو بەوجۆرە گوشاری لەسەر دروست بکات.

ئەو دەڵێت، ئەگەر ئەو سکاڵا لە شوێنێکی دیکە بووایە، بۆ نمونە ئەوروپا، ئەوا پۆلیس کاری لەسەر سکاڵاکە دەکرد.

 

 

Leave a comment