نەغەم نەوزاد، پزیشكێکی ئێزیدی خەڵاتی نێو دەوڵەتی مافی مرۆڤی بەدەست هێنا

5-1

لە نێوان ١٥ کەسایەتی جیهانیدا پزیشکێکی عێراقی بەناوی د. نەغەم نەوزاد حەسەن لە لایەن هەردوو  باڵیۆزخانەی فەرەنسی و ئەڵمانی لە عێراقدا، خەڵاتی ئەوروپی  فەرەنسی- ئەڵمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی یاسا لە ساڵی ٢٠٢٠دا پێبەخشرا ، لە بەرامبەر پێزانین بە ڕۆڵی خۆبەخشانەی لە چارەسەرکردنی قوربانیانی تاوانی داعش و یارمەتیدانی زیاتر لە ٢٠ منداڵی نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و کوردستان و ناردنیان بۆ چارەسەر لە ئەوروپا.

هەروەها ئەو کارە ماندو نەناسەی لە جیاتی ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش کردویەتی بە دابینکردنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی لە کەمپەکانی پەنابەران دا لە ڕێگەی ڕێکخراوە هیوابەخشەکانی ژنان.

برونۆ ئۆبەر، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا، ڕۆژی یەکشەممە لە مەراسیمێکدا لە بەغدا ڕایگەیاند” بۆنەیەکی نائاساییە بۆ ڕێزگرتن لە دکتۆر نەغەم چەند ڕۆژێک پاش ساڵیادی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ”  ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم پزیشکە کەسێک و پزیشکێکی دیارە لە ٦٤ کەس هەڵبژێردراوە و سەرکەوتنەکەشی شێوازی و ڕوکەشی نییە.”

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک، سەردانکردنی بڵاو کردەوە، دەڵێت “شانازییە لەگەڵ هاوکارە فەرەنسییەکانمان خەڵاتی ئەوروپی فەرەنسی-ئەڵمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی یاسا ببەخشینە د. نەغەم نەوزاد.”

ئەم پزیشکە لە هەموو ناوچەکاندا مۆدێلێکە کە بەردوام یارمەتی درێژخایەنی  زۆری ژنانی داوە بۆ ئەوەی بەسەر ئازارەکانیان زاڵ بن.

شایەنی باسە ئەم خەڵاتە لە مەراسیمی ڕێزلێنانی ٧٠هەمین ساڵیادی جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێیبەخشرا کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم مەراسیمە سازدەکرێت ساڵانە  و خەڵات دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتیانەی کە بەشدارییەکی زۆر تایبەتیان کردووە بە پاراستن و بەرزکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە وڵاتەکانیان و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەم خەڵاتە پابەندبوونی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی یاسا دەناسنێت و بەشداری دەکات لە پتەوکردنی هاوکارییەکانیان لەم ناوچەیە.

Leave a comment