ژن و سیاسەت

Green and Orange Woman Musicians Instagram Post Set (17)

دڵسۆز ڕەسوڵ

بابەتی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ و لە زۆر ڕەهەندەوە قسەی لەسەر دەکرێت، هەندێك ژنان بەبەرپرسیاری لاوازی بەشداریان دەزانن وهەندێکی تریش هۆکاری تر بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان دەکەن.

بەبڕوای من خودی پرۆسەی سیاسی وپرنسیپەکانی سیستەمەکە کاریگەری بەهێزیان لەم ڕووەوە هەیە، پرۆسەی سیاسی مەدەنی وهاوچەرخ وهاوسەنگ بریتیە لەوەی کە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا دەرفەتی بەشداریەکی ڕاستەقینە بۆ ژن بڕەخسێنێت، بەشداریەکی وەها کە کاریگەری ڕەگەزی مێینە لە گشت پنتەکانی پرۆسەی سیاسیدا هەستی پێبکرێت وبتوانێت  لەناو پرۆسەکە وەک کارەکتەری بنەڕەتی ڕۆڵ بگێڕێت.

لێرەدا کە دەڵێین سیستەمی سیاسی هاوسەنگ، مەبەستمان هاوسەنگیە لە ڕوی ڕۆڵی ڕەگەزی ژن و پیاو لە سیستەم وپرۆسەکەدا کە سیمایەکی تاك ڕەگەزیی بە پرۆسەکە نەبەخشێت، واتا هەردوو ڕەگەز خاوەن وکارەکتەری تەوەرەیی بن لە پرۆسەکەدا و ڕەگەزی مێیینە نەبێتە پاشکۆ و شوێنکەوتەی ڕەگەزی نێرینە و ئەرکی تەنها بریتی نەبێت لە پڕکردنەوەی پۆستەکان و ڕۆیشتن بەپێی ئەو نەخشەیەی کە پێشتر لەلایەن پیاوانەوە بۆیان دانراوە، بەڵکو خودی ژنانیش داڕێژەری ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان بن و بتوانن پرۆسەی سیاسی لە گشت ئاستەکاندا بکەنە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ژنانیش وەك چۆن تەبایە لەگەڵ خواستی پیاواندا.

بۆ بەرقەرارکردنی سیستەمی سیاسی هاوسەنگ لە ڕوی ڕەگەزیەوە چەندە یاسا و ڕێنمایی پێویستن لەوە زیاتر پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و پێگەیاندنیان گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە کارەکتەری سەرەکی و ڕۆڵی خۆیان وازی بکەن، چونکە ئەگەر ژنی چالاک و چاوکراوە و بەتوانا بوونی نەبێت لە ڕوی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریەوە ئەوا تەنها هەبوونی یاساکان ناتوانن هاوسەنگی ڕەگەزی و بەشداریی سیاسی ژنان بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بێننە کایەوە، بەڵکو تەنها هەنگاوی ڕوکەش دەنرێن کە لە ڕوی ژمارە و بوونەوە ژنانێك دەبینین لە پرۆسەکەدا بەشدارن، بەڵام لە ڕوی کردەییەوە تەنها بۆ نمایشێک دەبێت و هیچی تری لێ ناکەوێتەوە بێجگە لە جوانکردنی ڕوکەشانەی سیمای پرۆسەکە.

لێرەوە دەبێ جەخت لەوە بکەینەوە بۆ هاتنە ئارای بەشداریەکی ڕاستەقینەی ژنان لە گشت کایە سیاسیەکاندا دەبێت لە جومگە بچوکەکانەوە دەرفەتەکان بڕەخسێنرێن، لە حیزبە سیاسیەکان و ئۆرگانە بچوکەکانیانەوە ڕۆڵی ژنانی کارا و بەتوانا لە بەرچاوبگیرێت و هەوڵی پەرەپێدانی تواناکانیان بدرێت، تا وردە وردە تواناکانیان گەشە بکەن و پێشبکەون هەتا بەتوانا و لێهاتوویی خۆیان قۆناغەکان دەبڕن، بەم شێوەیە ژنانێك دەگەنە ناوەندە باڵاکان کە قاڵبووی بوارەکەی خۆیانن و خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی وسیاسی وەها دەبن بتوانن کاریگەریان لەسەر خواروی خۆیشیان هەبێت و دواجاریش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خواستەکانی ژنان دەکەن، بەمەیش ئەو حیزبە سیاسیانەی بەم شێوازە ژنانی سەرکردە پێ بگەیەنن دەبنە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی ژنان، بابەتی مافەکانی ژنان و ڕۆڵی ژنانیش نابنە هۆکاری ڕوبەڕووبوونەوەی نێوان پیاوان و ژنان و وەك بەرەیەکی هاو دژ تەماشای ڕەگەزی بەرامبەر ناکرێت، بەڵکو وەك تەواوکەری یەکتر ومیکانیزمی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی و خودی حیزبەکانیش تەماشا دەکرێن.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment