ژنان رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەیان لە رووداوەکانی ئەمدواییەی تونسدا هەبوو

1622934569_image.jpg-1280x720

لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ئەمدواییەی تونسیدا کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و سڕکردنی پەرلەمان، ژنان رۆڵێکی کاریگەریان هەبوو، تەنانەت هەندێک لە چاودێران رۆڵەکەیان بە یەکلاییکەرەوە لەقەڵەم دەدەن.

ماوەی چەند مانگێکە لە تونس، خۆپیشاندان و نارەزایەتی هاوڵاتیان دەستیپێکردووە، لە ریزی خۆپیشاندەرانیشدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەبینران کە بەشداری و سەرکردایەتی نارەزایەتییەکانیان دەکرد.

چیرۆکی بەشداری ژنان لە نارەزایەتییەکانی ئەمدواییەی تونسدا لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانەوە دەستیپێکرد، کاتێک سەمیرە شواشی، وەزیری کاروباری ژنان و خێزان لە پەرلەماندا میوانداری کرا و هەریەک لە عەبیر موسا و سامییە عەبۆ، پەرلەمانتارانی حزبی دەستووری ئازاد، باسی دۆخی ژنان و یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە باری شارستانییان کرد.

لە وەڵامی ئەواندا پەرلەمانتارێکی حزبی نەهزە رووی کردە دوو پەرلەمانتارەکە و وتی “ئەوەی ئێوە دەیڵێن ژن دەکات بە کاڵا، ئەوە دژی ئیسلام و ئەخلاقە”.

ئەم گفتوگۆ توندە، بوو بە دەرخەری ئەو دۆخەی کە لە سایەی هەژموونی حزبی نەهزەدا ژنانی تونس دووجاری بوونەتەوە، پرسی ژنان سەرباری قەیرانەکانی تری وەکو؛ ئابووری، تەندروستی و سیاسیی بوو.

ئەوە بوو ژنان لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکاندا بەشداری کارایان کرد و بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەمانەوە تا بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتن.

دوای ئەوەی سەرۆکی تونس حکومەتی هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانی سڕکرد، زەحا تەلیق، رۆژنامەنووس و چالاکوان قسەی بۆ کەناڵی سکای نیوز کرد و رایگەیاند “ژنان خۆشحاڵن بەو دۆخەی روویداوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە ژنانی تونس یەکەم زیانمەندبوون لەو سەردەمەی کە بزووتنەوەی نەهزە هەژموونی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەیاندا هەبووە.

“هەست بە شانازی دەکەم کاتێک دەبینم ژنانی وڵاتەکەم رۆڵی یەکلاییکەرەوەیان هەبووە لە گۆرانکارییە سیاسییەکانی تونسدا” تەلیق وا دەڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی 2011ش لە سەروبەند بەهاری عەرەبیدا ژنانی تونس رۆڵی بەرچاویان گێرا و توانییان هاوشانی پیاوان بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن کە بوونە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەلاتی زەینولعابدین.

Leave a comment