لەیلا و دایکی پاش حەوت ساڵ دابڕان، جارێکی تر بە یەکتر شادبوونەوە

229107768_180919270766881_7222428718406796703_n

پاش کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە ٣/٨/ ٢٠١٤ و تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە دا، کچە ڕزگاربووی دەستی داعش لەیلا خەلەف بۆ یەکەم جار پاش ڕزگاربوونی لە دەستی داعش چاوی بە دایکی کەوت.

لەیلا بە (چاوی خەڵک)ی وت، سەرەڕای ئازاری ژێر دەستی داعش و ئەشکەنجەدان و ئەو توندوتیژیەی بەرامبەرمان ئەنجامدرا، سوپاس بۆ خوا پێش دوو ساڵ لە ژێر دەستی ئەو تیرۆریستانە ڕزگاربووم، بەڵام بەداخەوە دایکمم نەبینی، چونکە ئەویش ڕزگاربووی دەستی داعش بوو، کۆچی بۆ وڵاتی کەنەدا کردبوو.

هەروەها لەیلا ئەوەشی خستەڕوو، پاش حەوت ساڵ لە ئازاری غوربەت و دووربوونمان لە یەک دواجار دایکم لە غوربەت گەڕایەوە و بە دڵێکی پڕ لە خۆشی پێشوازیم لێکرد.

ئەو کچە ئێزیدیەی کە ڕزگاربووی دەستی داعشە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات کە بە جدی کار لەسەر کەیسی ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی ئێزیدی بکەن کە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە کە  لە نێویانیاندا ٥ کەسیان لە ئەندامی خێزانەکەی لەیلان.

بەپێی دواین ئامار، تا ئێستا چارەنووسی ١٢٩٣کەس لە ڕەگەزی مێ لە کۆی ٢٧٦٣ کەس دیار نییە، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان کە لە سنووری قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ڕفێندراوبوون کە ژمارەی تەواویان ٦٤١٧ هاوڵاتی بوون لە هەردوو ڕەگەز.

لە کاتێکدا لەیلا و دایکی و تەواوی خێزانەکەی لە ٣/٨/ ٢٠١٤ دا لە شنگال لەگەڵ هەزاران کچ و ژن و پیاو و منداڵیتر لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوون.

 

 

چاوی خەڵک/تایبەت

 

Leave a comment