کەیسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان گەیشتووە بە چ ئاستێک؟

Displaced people from the minority Yazidi sect, fleeing violence from forces loyal to the Islamic State in Sinjar town, walk towards the Syrian border

نزیکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ٣/٨/٢٠١٤دا، قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی  ئێزیدی بوون، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکران و گەورەترین کۆمەڵکوژی لە سەدەی بیست ویەکدا لە دژی ئێزیدییەکانی ئەو ناوچانە ئەنجامدران.

لەو کاتەوەتا ئێستا چەندین لایەن کار لەسەر گەیاندنی پەیام و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی ئێزیدی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی نێودەوڵەت دەکەن، بەڵام تا ئێستا کەیسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقیش تەواو نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پەرلەمانی کوردستان و بەشێک لە دەزگاکانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەوروپا ئەو کۆمەڵکوژیەیان وەکو جینۆساید ناساندووە.

دکتۆرە نەغەم نەوزاد، چالاکوان لە بواری مافی مرۆڤ بە (چاوی خەڵک)ی وت” پەرلەمانی چەند وڵاتێک و ژمارەیەک لە دەزگاکان دانیان بە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکاندا ناوە، بەڵام بەڕاستی تەنیا ئەوان بەس نیین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان. هەروەها وڵاتی بەلجیکاش لەم دواییەدا کە ئەویش دانی بە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکاندا نا شتێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە تێیدا ئاماژە بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری شنگال و سزادانی تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی کە دەستیان لەو کۆمەڵکوژیەدا هەبوو، بەڵام زۆر بەداخەوه کە تا ئێستا حکومەتی عێراق دانی بەو کۆمەڵکوژیە دا نەناوە.”

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاوی خەڵک تا ئێستا ١٦ وڵات و دەزگای نێودەوڵەتی دانی بە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکاندا ناوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پاش چەند ڕۆژێک ئێزیدییەکان حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی خۆیان کە لەسەر دەستی داعش لە هاوینی ٢٠١٤لە قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر ڕوودابوو یاد دەکەنەوە.

لە ٣٠/٦/٢٠٢١دا نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپا رایگه‌یاند، لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ فیدڕاڵی‌ به‌لجیكا، به‌ تێكڕای‌ ده‌نگ پرسی‌ جینۆسایدی‌ هاوڵاتیانی‌ ئێزیدی به‌ فه‌رمی‌ ناساند.

دکتۆر میرزا دنائی، چالاکوان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پردی ئاسمانی و یەکێک لەو کەسانە کە کار لەسەر گەیاندنی ئێش و ئازاری ئێزیدییەکان دەکات بۆ دەرەوە بە (چاوی خەڵک)ی ڕایگەیاند” ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ئێزیدییەکان دەکرێت لە داهاتوودا دووبارە نەکرێنەوە کە سەدان ساڵە گەلی ئێزیدی قوربانی کوشتار و کۆمەڵکوژین.”

هەروەها ئەوشی خستەڕوو کە دنیای دەرەوە و ئەوەی لە ڕابردوودا بەسەریان هاتووە نەبیستراوە، بەڵام ئەم جارە دەنگی ئەوان و  ئازار و قوربانیەکان گەیشتوونەتە هەموو جیهان، لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکەوتن و پەیماننامەی نێودەوڵەتی کە داوا لە ویلایەتەکان دەکات ڕێگە لە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر بگرن.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پردی ئاسمانی ئاماژە بەوەش دەدەات، ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەلایەن ژمارەیەک وڵات و دامەزراوەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی فشاری سیاسی لەسەر دەوڵەتی عێراق دروست بێت بۆ لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەو تاوانە و قەرەبوکردنەوەی قوربانیان، زامن کردنی مافەکانی ئێزیدییەکان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە.

دکتۆر میرزا دنائی دەشلێت، هەندێک وڵات لەسەر بنەمای هاوسۆزی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانیان ناساند، هەندێک وڵاتیش لە لایەنی مرۆییەوە یارمەتی قوربانیان دەدەن و هەندێکی دیکەش  حکومەتەکانیان هان دەدەن کە زیاتر کار بکەن بۆ یارمەتیدانی ئێزیدییەکان و قوربانیەکانیان.”

سەرەڕای ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ڕزگاربوانی ئێزیدی لە پێش چەند مانگێک پەسەند کرد، بەڵام تا ئێستا نە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بە جینۆساید ناسێندراوە نە ئەو ماددانەی کە تێیدا هاتووە جێبەجێکراون ئەوەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی ئێزیدییەکان.

خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر پڕۆژە یاسای بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی پێشکەش بەئەنجومەنی نوێنەران ی عێراق کردوە و پێش چەند مانگێکیش ڕێکارەکانی یاسادانانەکەی بە ویستی کۆمەڵێک هێز بە هۆکاری سیاسی ڕاگیراون، بەو پاساوەی کە ئەوان بە مادەیەک لە یاسای ڕزگاربواندا باسی کۆمەڵکوژیان کردووە بە داخەوە دەڵێن خەڵکی ئێزیدی شایەنی هیچ شتێکی زیاتر نییە لەوەی کە بە چەند وشەیەک باس بکرێت کە هیچ رێکارێکی یاسایی تێدا نەپێکرابێت.

“داواش لە پەرلەمانی عێراق دەکەم کە هەر چی زووبێت ئەم پڕۆژە یاسایە تەواو بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بکرێین کە ئەو پەرلەمانە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی عێراق دەکات” خالیدە خەلیل وای وت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدی، لە کۆی شەش هەزار و ٤١٧ هاوڵاتی ئێزیدی کە ڕفێندرابوون لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە کاتی هێرشیاندا بۆ سەر قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر، سێ هەزار و ٥٤٥ کەس ڕزگارکراون، لەو ژمارەیەش ٢٢٥٠ کەسیان لە ڕەگەزی مێینە بوون هەروەها تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار و ٧٦٨  هاوڵاتی ئێزیدی لە هەردوو ڕەگەز دیار نییە،  بەپێی ئەو لایەنانەی کە لەم بوارەدا کار دەکەن، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لەوانە لە ناو خێزانەکانی داعشدا بن لە کەمپی جەدعە لە عێراق، کەمپی هۆڵی و چەند شوێنێکی تر لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment