پێگەی ژنان لە میدیا کوردییەکاندا

Women in media

بەگشتی لە میدیاکانی جیهان و بەتایبەتیش لە باشوری کوردستاندا، دیاردەیەک زۆر ڕەنگی داوەتەوە ئەوەیە ژنان زیاتر بۆ بەرشاشەکان ئامادە دەکرێن، کاتێک کچێک دەیەوێت لە دامەزراوەیەکی میدیاییدا کار بکات ڕاستەوخۆ بۆ بەرچاوی بینەر ئامادەی دەکەن بێ ئەوەی تێبینی ئەوە بکرێت ئەو کەسە لە ڕەگەزی مێ چ تواناو بەهرەیەکی تری هەیە لە بەشەکانی تری دامەزراوە کەدا.

تەوار عادل، سەرنوسەری ئاژانسی ژنها بەشی سۆرانی بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گشت هۆکارەکان، دەبینین ئەو بیرو بۆچون و سیستمی پیاو سالارییەی هەیە، ئەو توانایەی لە ژن سەندۆتەوە کە ئەوان وەک خاوەنی هێز و توانا سەیر بکرێن. بەڵکو تەنیا ژنان وەک کاڵایەک سەیر دەکەن ئەوەش بۆ زیاتر ڕاکێشانی بینەر دەیانخەنە بەرچاو، بەتایبەتیش ئەو ژنانەی کە سیمایەکی سەرنجڕاکێشیان هەیە.”

هەر لەو بارەیەشەوە دەڵێت “ئێمە لێرە و لەوێ دەیبیستینەوە، داوا لەو پەیامنێرانە دەکرێت کە دەچنە ناو خەڵک و بەردەم شاشەکان، بەجۆرێکی جیاواز خۆیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی زۆرینەی چاوەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن، دیارە ئەوەش بەهۆی سیستمی سەرمایەدارییەوەیە کە وادەکات ژنان بەو شێوەیە بەکاڵا بکرێن تەنها وەک ڕوکەش سودیان لێوەربگیرێت.”

بەپێی ئەو ئەزمونانەی تەوار عادل هەیەتی لەگەڵ ژنانی ڕۆژنامەنوس ئەوەیە میدیاکاری ڕەگەزی مێ خاوەنی بەهرە و توانای شاراوەن، ئەو (ژن تیڤی، چاوی خەڵک، ئاژانسی ژن ها، وێبسایتی نەوژین) وەک نمونەی سەرکەوتوو باس دەکات کە لە باشوری کوردستاندا هەن و ژنان تێیاندا کاردەکەن، جگە لەوەی ژنان پەیامنێرو پێشکەشکاربن، ئەوان لە پشتی کامێراکانیشەوە بە سەرکەوتویی ئیشی خۆیان دەکەن وەک بەڕێوەبەر و ئاراستەکەری دەزگا، هەروەها لەبەشەکانی تر وەک وێنەگر، منتێر، هەواڵساز و پڕۆدیوسەری بەرنامە.

لە هەرێمی کوردستاندا بەشیکی زۆری میدیاکان ئارەزوییەکی گەورەیان بۆ ئەوە هەیە کە زیاتر وێنەی ژنان بخەنە سەر شاشەکان، بەتایبەت لەو کەناڵانەی لەبواری کلتوری و هەواڵیدا کاردەکەن.

سەبارەت بەو باسە جەمال ئەحمەد جەمیل، بەرپرسی پەیامنێرەکان لە کەناڵی ئێن ئاڕتی دەڵێت” کۆمەڵگە کاریگەری هەیە بەسەر کایەی ڕۆژنامەنوسییەوە، بۆ ئەوەی ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنوس لەناو دامەزراوە میدییاییەکاندا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی پیاو کەمترە، ئەوەش وادەکات پانتاییەکی فراوان گەورەتر لەبەردەم ژناندا هەبێت کە بتوانن تواناکانیان لە شاشەکانەوە بخەنە ڕوو، هەروەها بەشێکی زۆری میدیاکانیش گرفتی ئەوەیان هەیە کە توانایەکی باشی ژنایان دەست بکەوێت و ڕاستەوخۆ بیانخەنە سەر شاشەو ئەو بۆ شاییەیان پێ پڕ بکەنەوە.”

هەروەها وتیشی” بەپێی ئەو ئەزمونەی هەمە لە کاری رۆژنامەنوسی و کارکردنم لە گەڵ ژناندا، توانای ئەوان کەمتر نەبووە لە پیاوان بەتایبەتی لە بواری ڕۆژنامەنوسی بینراودا، تەنها خاڵێکی جەوهەری لە نێوان ئەو دوو ڕەگەزەدا هەبێت ئەوەیە ژنان زیاتر حەزیان لەوە هەبووە تواناکایان لە بواری ڕۆژنامەوانیدا لە شاشەکانەوە بخەنە ڕوو وەک (بێژەر، پێشکەشکار و پەیامنێر)، بەڵام بە دیوەکەی تردا پیاوان بە بەراورد بە ژنان گرنگی زۆریان نەدواوە بەوەی دەربکەون.”

لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکە تەنیا ئەوە نییە ژنان لە دامەزراوە میدیاییەکاندا زیاتر وەک پێشکەشکار و پەیامنێر کاریان پێ دەدرێت، بەڵکو لەڕووی بابەتەکانیشەوە جیاوازیان دەکرێت لەگەڵ ڕەگەزی نێردا.

تەرزە تەها، ڕۆژنامەنوس وتی” ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین بابەتە تەرفیهی و ساردەکان دەدرێت بە میدیاکارە ژنەکان، لەکاتێکدا ڕۆژانە چەندین بابەتی گرنگ هەیە نادرێت بە پێشکەشکار و بێژەرەکان لە ڕەگەزی مێ، تەنانەت لەکاتی زێڕینی تەلەفیزیۆنەکاندا بۆ نمونە کاتژمێر ٨ی شەو، گەشتی هەواڵەکان لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا پێشکەشکارەکان پیاوانن، واتا بابەت و هەواڵە گرنگەکان دەدرێتە دەست پیاوان لە کاتێکدا ژنان تەنیا بۆ سەرنجڕکێشانی بینەر بەکاردەهێنن.”

بە پێ تێڕوانینەکانی تەرزە لە ئێستادا میدیای ئەلکترۆنی کۆنتڕۆڵی زۆرینەی دۆخەکانی کردووە، بابەتە سارد و کات بەسەربردنەکان و ئەوانەی بابەتی ڕوکەشن پێشکەشکارەکەیان ژنە، بەڵام کاتێک دێتە سەر بابەتە جدیی و سیاسییەکان سیاسەی دەزگاکە دەردەخات پیاوەکانن.

تەرزە تەها ئەوەشی خستە ڕوو” زۆرینەی دامەزراوە میدیایەکان پێیان وایە بابەتێک تایبەت بێت بە سیاسەت و ئابوری بۆ ژنەکان نابێت، لەکاتێکدا ئەو بابەتانە پەیوەست نییە بە کەسێک یاخود ڕەگەزێک، بەڵکو پەیوەستە بە ئاستی هۆشاری کەسەکە تاچەند ئاگاداری ڕودواو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆ و جیهانە، بەداخەوە زۆربەی کات ئەو بابەتانە بەستراونەتەوە بە پیاوانەوە.”

“بەڵام لە هەمویی گرنگتر ئەوەیە ژن پشت بە خۆی ببەستێت و بیسەلمێنێت کە چ توانایەکی هەیە، هەروها پێدانی دەرفەت لە دەزگا میدیاییەکان لە پێشاندانی تواناکانیدا بەدەست خۆیەتی، زۆر گرنگە پەرە بەتواناکانی خۆی بدات، نابێت هەر بەدەم بڵێیت ئەم کارە دەزانم، بەڵکو بیسەلمێنە ئەو کارە لە توانای تۆدا هەیە، بەداخەوە زۆر جار ئەو کچە ڕاگەیاندکارانە خۆیان بەوە ڕازین بەو جۆرە لەسەر شاشە دەربکەون، ئەوەش وادەکات بڵێین ئەو هۆکارەی وای کردووە ژنان بەو جۆرە سەیر بکرێن دوو لایەنە، کە ژنێک چۆن وابکات خۆی پێش بخات لەڕوی بیر کردنەوە و هۆشیار بوون و ئاگادار بوون لە ڕوداوەکانی ڕۆژ و بونی پاشینەیەک، دووەمیش دەکەوێتەوە سەر لایەنی دەزگاکان کە هەر دەزگایەک سیاستێکی خۆی هەیە وا بکات زیاتر بەو جۆرە کار بە میدیاکاری ڕەگەزی مێ بدرێت” تەرزە تەها وای وت.

بەپێی لێکۆڵینەوەى رێکخراوی بیل و مەلیندا گەیتس، لە ١٠ ساڵی دوایدا و لە ئاستی جیهاندا لە میدیا و راگەیاندندا جێگە و پێگەی ژنان زۆر لاوازە.

لێکۆڵینەوەکە لە بواری هەواڵ، رێژەى رۆژنامەنووسانی ژن و کاریگەرییان لەسەر میکانیزمی بڕیار و بەرهەمێهنانی هەواڵ لە میدیا نێونەتەوەییەکاندا ئەنجامدراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێگەى کاریگەر لە ناوەندەکانی هەواڵدا بە زۆرینەى زۆر لە دەستی پیاواندایە، هەروەها لە بابەتی هەواڵی سەر ژنانیش دا، زۆربەى میکانیزم و بڕیارەکان لە دەستی پیاواندایە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە سەدا ٨٠ی هەواڵەکاندا رێگا بە بەشداریی پسپۆڕانی پیاو دەدرێت. هەروەها دەزگاکانی میدیا و راگەیاندن گرنگی بە رێنماییەکان بەرامبەر بە ژنان نادەن، کە سەدا ٥٠ دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.

لە راپۆرتەکەدا شیکاری و ئانالیز بۆ ١٢ هەزار پەخش و ٥٦ ملیۆن هەواڵ کراوە، زۆربەى هەرە زۆری رۆژنامەنووسانی ژن و بابەتەکانی ژنان لە بواری کۆمەڵایەتیدا، یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایە، بەڵام لە بابەتە سەرەکی و ستراتیژییەکانی وەک بواری ئابووری و سیاسەت دا بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە دەنگی ژن نابیسترێت.

لە میدیاکاندا لە ٨ پسپۆڕی بواری سیاسەت دا ٧ پسپۆڕیان پیاون. لە بواری ئابوریشدا ئەو جێگەیەى بە پسپۆڕانی پیاو دەدرێت، ٣٠ هێندە زیاترە لەوەی کە بە ژنان دەدرێت.

 

 

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment