ئەفغانستان؛ ژنان و منداڵان قوربانیی سەرەکی توندوتیژییەکانن

photo_2021-08-01_12-02-38

دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا قوربانیانی سەرەکیی رووداوەکانی ئەفغانستان ژنان و منداڵانن.

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢١ قوربانییانی توندوتیژییەکان بە رێژەی ٪٤٩ زیادیکردووە.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشاونەتەوە و بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی چەکداریی تاڵیبان بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زیاتر.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ سەختترین ماوە بووە بۆ ژنان و منداڵانی ئەو وڵاتە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە. و هەر لەو ماوەیەشدا هەزار و ٦٥٩ کەسی مەدەنی کوژراون و سێ هەزار و ٢٥٤ کەس برینداربوون.

راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی دەرخستووە کە رێژەی ٪٤٦ی کۆی قوربانییانی ململانێکانی ئەفغانستان لە ژنان و منداڵان بوون، لەکاتێکدا ئەوان بەشێک نین لە ململانێ و پێکدادانەکان.

نەتەوەیەکگرتووەکان بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بەرنامەکەی لە ئەفغانستان جێبەجێکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت ئامارەکانی توندوتیژییەکان و کوشتنی خەڵكی مەدەنی زیاتر روو لە هەڵکشان بکات بەهۆی ئەو شێوازە مامەڵەیەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ خەڵكی مەدەنی ئەو ناوچانە ئەنجامیدەدات کە دەستیان بەسەردا دەگرێت.

 

 

چاوی خەڵک 

 

Leave a comment