دەسەڵاتی هەرێم بە ژنان بسپێرن

photo_2020-08-10_12-07-43

سۆما خالید

ئەگەر سەیری مێژووی وڵاتان بكەین، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپا داوای مافی یەكسانی هەردوو رەگەز لە ناو كۆمەڵگەدا كرا، كە لە بەریتانیا بە شێوەیەكی فەرمی دەستەی چالاكی سیاسیی ژنان بۆ وەرگرتنی مافیان لە كاروباری سیاسی لە ساڵی ١٨٦٥ دامەزرا.

لە ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆنگرەی ژنان لە ساڵی ١٨٥٠ بۆ بەرگری لە مافی مێینە بەسترا و بایەخی پێدرا، ساڵی ١٨٦٩  ئەنجومەنەكانی سیاسیی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی دامەزران و چالاكی خۆیان دەست پێكرد.

لە ١٩١٨ تا ١٩٢٨ ژنان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی مافی دەنگدان و بەشداری لە كاروباری سیاسییان هاوشێوی پیاوان بە دەست هێنا و سیستمی دیموكراسی پەیرەو كرا و هەر ئەو سیستەمەش رێگا دەدات ژن لەناو سیاسەتدا كار بكات و دەستی باڵای هەبێت، و لە ئێستادا لە ولاتە پێشكەوتووەكان ژنانی سیاسەتمەتدار زیاتر دەبینرێت لەچاو ژنانی كورد كە رێژەیان زۆرە، ئەمەش لەرووی دیموكراسییەوە هەوڵی جدی بۆ نراوە كە مێینەكان زیاتر بهێندرێنە ناو بواری سیاسەت.

هەرێمی كوردستان كە باس لە دیموكراسیبوون دەكات و خۆی بە دیموكراسی ناو دەبات، پێویستە لەمەودوا پیاوانی دەسەڵات، هەرێم بە ژنانی باشوور بسپێرن و ئەوەی پیاوانی سیاسەتمەدار و سەركردە تا ئێستا نەیانتوانیوە پرسی كورد چارەسەر بكەن، جگە لە بەرهەمهێنانی هەرێمێكی شكستخوارد كە جێگای حاشا كردن و نكوڵی كردن نییە و رووداوەكانی ئەمڕۆ شاهیدی ئەو ڕاستیەن.

بەمانایەكی تر، تاقیكردنەوەیەكی گرنگ لەپێشە، تائێستا پیاوان لە تەواوی سێكتەرەكان ئەسپی خۆیان تاو داوە و بەردەوام گلاون، شكست لە دوای شكست تۆماریان كردوە، كاتی ئەوەیە جۆرێكی تر لە دەسەڵات پیادە بكرێت و تاقی بكرێتەوە كە ئەویش ووزەی ژنە لە حوكمەتداری و بەڕێ,ەبردنی دەسەڵات و وەرگرتنی جومگە گرنگەكانی سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لە كوردستان.

ئیتر كاتی ئەوەیە ژنان بەشداری سیاسەتیان پێبكرێت و جگە لە پۆستە باڵاكانی حكومەت، نەتەوە و گەلیان پێی بسپێردرێن و بەرێوەی ببەن، نابێت چیتر لە چوارچێوەی پۆستە لاوازەكانی حكومەت ببینرێت، چونكە سیاسەت ئەو زانست و مەعریفە قورسە نییە كە ژنان توانای پلان و بەڕێوەبردن و رێكخستنی نەبێت، پاشان بە بەشداری پێكردنیان نەتەوەی كورد بەرەو پرۆسەی رزگاری و سەروەری دەبات و هەر كۆمەڵگایەك گرینگی بە ژنان بدات گەشەی بەخۆیەوە دەبینێت و پەرە دەسەنێت و سەروەری نەتەوەكەی مسۆگەر دەكات. بەڵام هۆكاری رێگری كردنی پیاوان و دروستكردنی ئاستەنگ و گرفت لەبەردەم ژنان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پێیان قبوڵناكرێت ژنێك رابەرایەتیتان بكات و لە ژێر فەرمانیدا بن، بە بیانوی لاوازی و هەڵسوكەوتیان كە ئەمەش پەیوەندی بە نواندنی رەق و نەرمی ژنەوە نییە، چونكە سیاسەت پرۆسەیەكی تایبەتە و ململانێ و ركابەری و توندوتیژی هەیە.

هەرچەندە بە درێژای خەبات و شۆڕشەكانی كورد ژنان شانبەشانی پیاوان پێشمەرگایەتی و كاری رێكخستنیان كردووە، بەڵام پێكهاتەكانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پێگەیان كەمتر كردونەتەوە و كردویانن بە پاشكۆی خۆیان، ئەو ژنانەشی لە بواری كاركردنی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهوی عەقڵیەتی پیاوسالاریدا دەبیندرێت وەك ئامرازێك بەكاریان هێناون لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بۆ بەهێزكردنی پێگەیان، چونكە ئەگەر ئەو توانایە بۆ بەهێزكردن و پشتگیریكردنی پیاو بەكاری نەهێنن ئەوا رێی پینادرێت وەك ژنێك و بۆ بەرژەوەندی ژن و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەی كار بكات.

ئێستا كاتی شۆڕشی ژنانە بە یەكدەنگی داوای ماف و بەشداریكردنیان لەناو كاری سیاسی بكەن و ئەو دەسەڵاتە بەدەست بهێنن، تا كاریگەری خۆیان لە پێشخستنی گشت لایەنەكانی كۆمەڵگا بسەلمێنن. كاتی ئەوەیە كە ژنان بێ،ە دەنگ لەسەر ئەو كارەستانەی توشی وڵات كراون لەسەر دەستی سەردارانی پیاو و رێگە نەدەن هەڵەكانی دەسەڵاتی پیاوسالاری، ژنان خۆیان و خێ.انەكانیشیان بەرەو تونێلێكی تاریكتر ببات.

كاتی ئەوەیە بە پیاوانی دەسەڵات بوترێـ، ئێوە هەموو رێگەیەكتان تاقی كردەوە، دەیان ساڵە دەسەڵات بەخواستی خۆتان بەرێوە دەبەن، ئیدی دەسەڵات بە ژنیش بسپێرن وەك تاقیكردنەوەیەكی دیكە بۆ چارەسەری كارەساتەكانی ئێ,ە، وەك ڤاكسینێك بۆ ئەو دەردە كوشندانەی ئێوە لە دەسەڵاتدا دروستتان كردوە و توانای چارە كردنیتان نیە، بەڵكو هەتوان و چارەكە لای دەسەڵاتی ژن بێت! بە تایبەت لە تەواوی دنیا ئەو ئەزمونانە سەركەوتوو بون كە ژنان تیایدا باڵادەست و خاوەن بڕیار و دەسەڵات بون!

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment