د. ڕافیدە قەرەداخی، یەکەم ژنە لە کوردستاندا وەک زانای شوێنەوار ناس کار بکات، ئەو بەجۆرێک شارەزایی لە بوارەکەدا هەیە و کارەکەی لا ئاسان بووە، سەختیەکان دەیخاتە پێکەنین، نزیکەی نیو سەدەشە لەو بوارەدا کاردەکات.
کاتێک تەمەنی نۆ ساڵ بووە، کتێبی (داستانی گلگامێش)ی خوێندوەتەوە، لەو تەمەنەوە حەز و خولیای لە بوارەدا پەرەی سەندووە.
د.ڕافیدە عەبدوڵا قەرەداغی، لە ١٤ی تەموزی ١٩٦٢ لە بەغداد لە دایك بووە، دکتۆرای لە بەشی سەرچاوەکانی خەتی بزماریدا هەیە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لەو پایتەختە تەواو کردووە، ساڵێك پێش ڕاپەڕینەکە دێنەوە بۆ سلێمانی.
د. ڕافیدە لە ساڵی ٢٠٠١دا لە زانکۆی سلێمانی و لە بەشی شوێنەوار دامەزراوە و وانە دەڵێتەوە، ئەو بە(چاوی خەڵک)ی وتی” بە حەزی خۆم ئەم بەشەم ھەڵبژاردوە، بیرمە کچێکی هاوڕێم لە بەشەکەمان لە گەشتێکدا گاڵتەی پێدەکردم دەیوت ئەوە کێ بوو لە بەشی شوێنەوار ناوی ھاتۆەتەوە، ھوھای لێکێشام گاڵتەی پێدەکردم.”
ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو زانایە نەبونی هۆشیار و هاوڵاتیانە بەرامبەر زانستی شوێنەوار، ئەوەی تەنها ئەو بێزار دەکات تێنەگەیشتنی دەوروبەرەکەیەتی.
” میللەتەکەم شوێنەوار بە بابەتێکی سەیرو سەمەرە و دێو درنج لێک دەدەنەوە، بێ ئاگان لە کارو چالاکیەکانی سەردەمی پێش خۆیان، ئێمە بەدوای ڕابردووی نەتەوەکەمان دەگەڕێن کە لێمان شاردراوەتەوە، چونکە لە چالاکیەکانماندا بۆمان دەرکەوتووە لەبارەی ڕابردوومان هیچ نازانین، د.ڕافیدە وای وت
هەر پاشماوەیەکی مرۆڤایەتی لە ڕابردوودا مابێتەوە و ماوەی دوو سەدەی بەسەردا تێپەڕ بوو بێت پێی دەڵێن پاشماوەی شوێنەواری، لەو ماوە زەمەنییەش کەمتر بێت ئەوا کەلەپوورییە.
“مخەڵکی کوردستان تەنها شارەزاییان دەربارەی (ئەکەدیەکان و سۆمەریەکان و بابلیەکان و ئاشوریەکان لەگەڵ لۆلۆیەکان) هەیە، چونکە میللەتەکەمان ھێندە چەوسێندراونەتەوە لەزۆر شتی تر بێ ئاگان، بەڵام من ئەو دەرەفەتەم بۆ ھەڵکەوت لە بەغداد ژیام کە پایتەختێکی پێشکەوتوو بوو، باوکیشم زۆر ھانی دام کە بەردەوام بخوێنم.”
عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە ڕوی شوێنەوارییەوە بە یەکێك لە دەوڵەمەندترین وڵات دادەنرێت، چونکە لانکەی شارستانیەتە، بەڵام دۆخەکەی خراپە، مۆزەخانەی عێراق بە پاشماوەکانی شوێنەواری کوردستان دەوڵەمەند بووە، ئەگەر بێت و مۆزەخانەی کوردستان دەربکرێت لە مۆزەخانەی عێراق ھیچی تێدا نامێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کوردستان دەوڵەمەندە بە پاشماوی چاخەکانی پێش مێژوو.
د.ڕافیدە دەڵێت” بەداخەوە شوێنەواری کوردستان ڕێژەیەکی زیاتر خەرج دەکات وەک لەوەی بەرھەم بهێنبێت واتا بۆ کوردستان داھاتی نیە، هەربۆیە دەبێت بەجۆرێک ھۆشیاری بڵاوبکەینەوە لەسەر شوێنەوار تا پاشماوەکان نەفرۆشرێت چونکە ناسنامەی نەتەوەکەمانە.”
کاتێك د.ڕافیدە دەست بە کارەکەی دەکات، بە وتەی خۆی، خەتی بزماری بۆ ئەوە دەخوێنن تا لەڕێگایەوە مێژووی گەلی کورد لە چاوی بێگانەکان و دوژمنان دەربھێنرێت و ڕابردووی میللەتی کورد بەدەست بھێننەوە.
خەتی بزماری لەعێراق سەری ھەڵداوە، تائێستا ناسنامەی ئەو خەتە لە هەرێمی کوردستان لە پەڕاوە کۆنەکاندا لەگەڵ ناوی کەسایەتی دەوڵەت پارێزراون.
ڕافیدە لە ژیانی پیشەی شوێنەواریدا گرنگی بە رەگەز نەداوە، کەمترین ژنان پسپۆڕایان هەیە لە شوێنەوارناسیدا لە کوردستان کە ژمارەیان ١٠ پسپۆڕە.
د.ڕافیدە دەربارەی شوێنەواناسی ڕەگەزی مێ دەدوێت” لە کاری شوێنەواریدا ژنان زۆر باشترن لە پیاوان چونکە وردبینترن، کچان و ژنان داھێنەرن، بەڵام پیاو بەرھەمھێنەرە، ئەوەش زانست سەلماندویەتی.
سەبارەت بە زمانی شوینەوار د. رافیدە وتی” زمانی کوردی لەگەڵ زمانی شوێنەوارناسیدا لە وشەکاری زۆر جیاوازیان نیە، وشەی (ئەوینە) لە شوێنەواریدا ( ئەھیینم)ە، تەنها گۆڕانی پیتە جەڕەکانە و ئامڕاز و ڕێزمانی تایبەتی نیە چونکە شوێنەوار زانستە.”
ئەم پسپۆڕە پێی وایە شوێنەوارناس دەبێت باج بدات، چونکە لە تاقە و وزەی جەستەی دەبەخشێت لەکاتی کارکردندا، توێژەرەکانی ئەو بوارە بەهۆی زۆر سەرنجدانی ورد زۆرێکیان توشی گرفتی چاو و سەوەفانی مل دەبن.
د.ڕافیدە لە ساڵانی ھەشتاکانەوە بەشدار بووە لە دەیان گروپی شوێنەواری لە بەغداد و کوردستان، لەو گروپەشدا هەر کەسە و تایبەتە بە بوارێکی شوێنەواری (خەتی بزماری، مۆری لولەیی، نەخشە ھەڵکەندراوەکان، نەخشەی قەدپاڵی شاخەکان، چەك و تەقەمەنی، جل و بەرگ، …ھتد)، لەگەڵ ئەوەی شوێنەواری کوردستان زۆرێکیان بەهۆی کارەساتی سروشتیەوە لەناو چون، ئەو شوێنەوارانەشی بە قەدپاڵی گردەکانەوە ماون خۆی ماوەتەوە بێگانە دەستی پێنەگەشتووە.
چاوی خەڵک / تایبەت