ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 27ـی تەمموزی 2021، کۆمەڵەی پشتگیری ژنانی ئێزیدی، بە بەشداری دەیان ژن و بە چەندین ڕێ و ڕەسم حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شنگال یادکرایەوە تێیدا کچان و ژنانی قوربانی دەستی داعش بەبیرهێنرانەوە.
فەریدە شنگالی بەرپرسی کۆمەڵەی پشتگیری ژنانی ئێزیدی بە “چاوی خەڵک” ڕایگەیاند “بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی ژنان، لە شنگال و بە دروشمی “بە یەکێتی و بەرخۆدانی ژنان ئێمە دەبینە رێگری کۆمەڵکوژی” و بە بەشداری دەیان ژن و کچ و ژنە ڕزگاربووانی دەستی داعش حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانمان کردەوە.”
هەروەها وتی، “لەم یادکردنەوەیەدا، لە ڕێگەی شانۆگەریەک ئێش و ئازاری کچان و ژنانی ڕفێندراو کە ماوەی حەوت ساڵ ڕووبەرووی دەستدرێژی و توندوتیژی بوونەوە نمایشکرا. وە بە نیگەرانییەوە دەڵێین کە تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم کەیسە بێ دەنگە.”
بە هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر شنگال، ئێزیدییەکان حەفتا و چوار هەمین جارە کە ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە.
“بە ڕۆحی ئازادی ئێمە ئەوە تەئکید دەکەینەوە کە لەسەر خاک و نیشتمانی خۆمان دەمێنینەوە و سەرەڕای ٧٤ هەمین کۆمەڵکوژی کە گەڵی ئێزیدی رووبەڕووی بووەتەوە بە هیوا بەردەوامی بە بەرخۆدان و تێکۆشان دەدەین تا هەموو کچ و ژنە ڕفێندراوەکانی ئێزیدی لەژێر دەستی دوژمن و تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەین.” فەریدە وای وت
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاش چەند ڕۆژێکی کەم دەبێتە حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شنگال کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٨ و لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ئێزیدییەکان رووبەرووی کۆمەڵکوژی بوونەوەو و هەرازان کچ و ژن و منداڵ لەلایەن داعش فرێندران و وەچەندان پیاو و منداڵ لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە کوژران و تا ئێستا چارەنوسی ٢٧٦٧ ئێزیدی دیار نییە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
چاوی خەڵک / تایبەت