هەوراز ئەحمەد؛ پاسەوانەکە دوو شەقی کێشا بەناو سکمدا لە کاتێکدا من هیچم پێ نەوتبوو

6eqc8Iw

دوێنێ شەو ٦/١٢/٢٠٢٠ لەکاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی پیرەمەگرون لە لایەن چەند پاسەوانێکی کۆمیتەی یەکێتی هێرش دەکرێتە سەر پەیامنێری دەزگای میدیایی شاپرێس هوراز ئەحمەد و ئازار دەدرێت.

هەوراز ئەحمەد، دەربارەی رووداوەکە بۆ چاوی خەڵک دوا ” خۆپیشاندەران لای بنکەی پارتی کۆببونەوە، تەقەیەکی زۆر دەکرا بەئاسماندا بە شێوازی هەڕەمەکی، شوێنەکە هیچ پارێزراو نەبوو بۆ ئەوەی من ڕووماڵی تێدا بکەم، جێگای خۆمم گۆڕی لە ڕووی کارەکەمەوە تا سەلامەتی خۆم و کارمەنداکانم بپارێزم، لەبەرئەوە ڕۆشتینە لای کۆمیتەی یەکێتی کە پێشتر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرابوو. لەوێ خۆم و ستافەکەمم ناساند و پێم وتن ڕوماڵێکی ئەم بارودۆخە دەکەم و باسێکی ڕوداوەکە دەکەم، سەرەتا ڕازی نەبوون، بەڵام دواتر خۆیان هاتن داوایان کرد کە ڕوونکردنەوە بدەن، هەرچەندە هەردوو بنکە لەیەکەوە نزیکبوون، هێشتا تەقە دەکرا بەئاسماندا،  من پرسیاری ئەوەم کرد ئێوە بوو تەقەتان دەکرد؟ ئەوانیش وتیان ئێمەش دەمانەوێت لەسەر ئەوە ڕونکردنەوە بدەین، سەرەڕای ئەوەی بنکەکەمان سوتاوە ئێمە هیچ گرژیەکمان نەنواندووە گیانی خۆپیشاندەرانمان پاراستووە.

هەروەها ووتی “ئەندامێکی کۆمیتەکەیان هات قسەی بۆ کردم باسی ڕوداوەکەی بەشێوەیەکی گشتی کرد و منیش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕوماڵم کرد. ئەویش باسی کرد کە چیبووە و و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران کردوە.”

کاتێک هەوراز خەریکی گواستەوەی روماڵەکە دەبێت بەشێوەی راستەوخۆ هێرش دەکرێتە سەری.

هەوراز لەسەر کاتی هێرشەکە دەڵێت “لەسەرو بەندی ئەوەی من ڕوماڵم دەکرد وێنەم دەگواستەوە ، ٣ کەس هاتن بە جل و بەرگی سەربازییەوە وتیان دەبێت ئەو راستەوخۆیە ڕابگری نابێت هەواڵەکان بگوازیتەوە.لەبەرئەوەی مقەڕی یەکێتی هێشتا ئاگری لێبەرز دەبۆوە و دۆخەکە خراپ بوو، لەبەر راگرتنی هەستی ئەوان وتمان بەسەرچاو  ڕوماڵەکە دەوەستێنین، بەڵام ئەوان بێڕێزیان نواند و پێیان وتم تۆ بۆئەوە هاتویت بە کارەکەت پارە پەیدا بکەیت. (بێ ئەدەبن بێ ئەخلاقن) زۆر وشەی دیکەی ناشرینیش کە ناکرێت لێرەدا باسیان بکەم.”

“من وتم لەسەرداواکاری خۆتان هاتووم پەخشی ڕاستەخۆم کردووە. ئەو کاتەی من لەگەڵ ئەو کەسەدا قسەم دەکرد یەکێک بە جلی مەدەنییەوە ملی گرتم و خەریک بوو دەیخنکاندم و دەیگوت بۆ وازیان لێ ناهێنیت، دوو کەسیش دەیانویست من ڕزگار بکەن بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە هێرشەکەی و دوو شەقی کێشا بە ناو سکمدا لە کاتێکدا من هیچم پێ نەوتبوو.” هەوراز وای وت.

مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان و بە تایبەتی ژن رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە، هەوراز وتی “پاسەوانەکان وەک یاسای دارستان مامەڵەیان دەکرد. ئەوەی بەرانبەر من کرا وەک ژنە ڕۆژنامەنووسێک کە تەنها کارە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆمم ڕادەپەڕاند، بەتەواوی کارێکی ناشارستانیی بوو. ئەو کەسەی کە ئازاری دام نە بەرپرسیاریەتی هەبوو نە خۆی ناساند نە جلی سەربازی لەبەردا بوو، بێ ئەوەی پێشتر بۆ تەنها جارێکیش ئاگادارم بکاتەوە یەکسەر هێرشی بۆ هێنام.”

لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا هەوراز دەڵێت “سکاڵایان لەسەر تۆمار ناکەم چونکە سەر بە هێزی دەسەڵاتن و هیچ سودێکی نییە ئەو کەسە کادری خۆبەخشی یەکێتی بوو. وە پێشتر من دوو سکاڵام لە دادگا هەیە بەڵام تا ئێستا وەڵامیشم نەدراوەتەوە.”

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment