سارا و خەونی بوون بە بازرگان

IMG_3740

خولیای بوون بە بازرگان وای لەسارا کردووە ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی کتێبی تایبەت بە بازرگانی بخوێنێتەوە و بەشداری چەندین سیمینار بکات، لە کاتێکدا ئەو لەو بەشەدا ناخوێنێت، ئێستا جگە لەوەی خاوەنی براندی کاکتۆسە، لە پلانیدایە لقی دووەمی بکاتەوە.

سارا سەردار (٢١) ساڵ، لە منداڵییەوە خەونی ئەوەی هەبووە سەرچاوەی دارایی خۆی هەبێت و ببێت بە بازرگان. ئەو لە تەمەی ١٨ ساڵییەوە لە یەکێک لە مۆڵەکانی سلێمانی وەک کاشێر دەستی کردووە بە کارکردن، هەر لەو ڕێگەیەشەوە پارەی بۆ دانانی ئەو براندە پاشەکەوت کردووە.

 

 

سارا خاوەنی براندی کاکتۆس، لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دوکانێکیان داناوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمکانیان، لەسەرەتاوە ئیشەکە تەنیا بۆ خۆیان و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان بوو، بەڵام کاتێک بابەتەکان بڵاوبۆوە کارەکەیان گەورەتر بوو.

کاکتۆس براندی دروستکردنی چەندین بەرهەمی تایبەتمەندە وەک (جانتا، سندوق، بوکەڵە، دەفتەری بچوک، ژێر کوپ، گوڵە یەخە و چەند بەرهەمێکیتر کە وێنەی تابلۆ بەناوبانگەکان دەخرێنە سەر بابەتەکان.

سارا بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئەو هەستە زۆر ناخۆشە داوای پارە لە کەسێک بکەیت، بەردەاوم دەموت بۆ نابێت من کارم هەبێت و دەستی کەسانی تر بگرم، نەک هەر ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بکەم کەسانی تر دەستی من بگرن. لە ڕێگەی کارەکەمەوە توانیومە زۆر کەس لای خۆمان بخەینە سەر کار، چونکە ستافێکیش لە پشت ئێمەوە کاردەکەن کە هونەرمەندن و بەپێی داواکاری خۆت وێنەکەت بۆ دەکێشن و دواتر دەخرێنە سەر بابەتەکان، لە ئێستاشدا شێوەکارێکی کچ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵمانە.”

 

 

براندی کاکتۆس کار لەسەر ئەو بیرۆکەیەش دەکات کە ئەو تابلۆیانەی شێوەکارە کوردەکان کێشاویانە بیناخاتە سەر جانتاو بەرهەمەکانی تر.

“سەرەتا بە ئۆنلاین دەستمان پێکرد کە لە مانگی ١١ ساڵی ڕابردودا بوو، کاتێک بابەتەکان زۆر چووە ناو خەڵکەوەو بەدڵیان بوو داوای ئەوەیان لێدەکردین شوێنێکمان هەبێت، هەر بۆیە لە ٥/٣/٢٠٢١دا دوکانێکمان کردەوە.” سارا وای وت.

لە کاتێکدا خێزانەکەی سارا  پشتگیریان نەکردووە بۆ دەستپێکردن بەو کارە، بەڵام وزەی سارا بۆ کارەکەی وای لێکرد سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. بۆیە ئێستا  زۆر کار لەسەر ئەوە دەکات پشتگیری کچان بکرێت لەدەست پێکردن بە کارێک، کاتێک هەندێک لە کچان داوای یارمەتی دەکەن و شوێنێکیان نییە بابەتەکانیان نمایش بکەن، ئەگەر بیرۆکەکەیان تازە بێت لای خۆیان بۆیان دادەنێین تا کاڵاکانیان بفرۆشرێت.

سەبارەت بە شێوزای وەرگرتنی داواکارییەکان سارا وتی”هەر براندێک یاخود شوێنێک بیەوێت گوڵە یەخەی تایبەت بەخۆی دروست بکات ئێمە بۆیان دەکەین، لەهەمانکاتدا تاک تاکیش داواکاری خەڵک وەردەگرین بێ ئەوەی نرخی زیادەی بخەینەسەر، بەڵام هەموو سەری مانگێک داواکارییەکان کە کۆبۆوە دەینێرین بۆ چاپخانە کە تایبەتە بە خۆمان.”

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment