هوەیدا نزیکەی ١٠ ساڵە لێکۆڵەری پۆلیسە لەبەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دەربەندیخان، ئەو شەیدای کارەکەیەتی و کەیسەکان وەردەگرێیت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. پیشەی هوەیدا مرۆڤانەیە و جێی متمانەی خەڵکە، چونکە ھاوکاری خێزان و منداڵ دەکات، سەرباری کاری لێکۆڵینەوە، ئەو پیشەی توێژەریشی پشتگوێ نەخستووە.
ھوەیدا وەلی حەسەن؛ خەڵکی قەزای دەربەندیخانە، تەمەنی ٣٤ ساڵە، هەروەها لە ٢٠١٣وە کاری لێکۆڵینەوە دەکات، سەرەتا وەکو توێژەرێکی دەرونی دامەزراوە لەبەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سلێمانی، پاشان بەهەمان پیشە بۆ دەربەندیخان گوازراوەتەوە، دواتر بەڕێوەبەرەکەیان پێی خۆشبووە ژنان زیاتر لەو بوارەدا کار بکەن، ھەر بۆیە لە ئێستادا لەگەڵ دوو خانمی تر کاری لێکۆڵینەوە دەکەن.
بەهۆی سەرکەوتنەکانی هوەیدا لە بواری پۆلیسیدا زۆرێک لە ژنان و کچان پەیوەندیان پێوە کردووە و لەوبارەیەوە بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئەوان چاوەڕێی دەرەفەتێکیان کردوە لە بوارەکەی مندا کار بکەن، من ھانیان دەدەم بەڵام لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە کە ژنان دابمەزرێنین چونکە وەزارەتی ناوخۆ ئەو دەسەڵاتەی ھەیە.”
پیشەی لێکۆڵەر هوەیدای زیاتر بەرەو پێش بردوەو و ڕێز و شکۆی زیاتر کردوە لەناو خەڵکی دەڤەرەکە و دەوروبەری، هەروەها لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەرکەشیدا ڕوبەڕوی ھیچ سانسۆر و ھەڕەشەیەک نەبوەتەوە.
هوەیدا دەڵێت” لە سنوری دەربەندیخان پێگەی ژنان لە بواری پۆلیسیدا ڕێز لێگیراوە و زۆرترین پۆلیس لە ڕەگەزی مێ لە دەربەندیخانە وکۆرس و خولی زۆریشیان پێ دەبینرێت، ھەتا بێت ژمارەشیان زیاد دەکات ، هەروەها بە هۆکارەی ئێمە زیاتر خێزان ڕومان تێدەکات، بەمەبەستی زیاتر متمانە وپێکردن و هەروەها بۆ ئەوەی سامناک دەرنەکەوین ئازادین لەوەی چ جلێک دەپۆشین و هەڵوکەوتیشمان لەگەڵ پۆلیسەکانیتر تەواو جیاوازە.”
هوەیدا ئەوەش ناشارێتەوە کە جیاوازی جێندەری هەیە لەکارو بارەکان بەتایبەت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرک و چالاکی بۆ گرتنی تاوانبارەکان، لەو کاتەدا پۆلیسە پیاوەکان دەنێرن و هەروەها بۆ کەشفی ڕوداوەکان و ئیفادە وەرگرتن و گەیاندنی بە دادوەر کاری پۆلیسە ژنانکان دەبێت.
هونەری بەرگری بەشێکە لە هونەرە جەنگیەکان، زۆربەی ڕاهێنەرەکان و پیشەوەرەکان لەو بوارەدا بە (بەرگری کەسی) ناوی دەبەن، ئەو ڕاهێنەرانەی کە ئەزمونێکی باش و مێژوویەکی دێرینیان هەیە لەم بوارەدا بە چەکی شاراوە ناوی دەبەن، ئەم هونەرە بۆ بەرگریە بۆ شەڕکردن بەکار نایەت. لە هەموو جیهان بەهەردوو ڕەگەزەوە گرنگی زۆری پێدەدەن بەردەوام لە پەرەسەندندایە.بەڵام بۆ خولی ھونەری بەرگری تائێستا هوەیداو هاوپیشەکانی بانگ نەکراون، کە زۆر پێویستە بۆ پۆلیسە ژنەکان.
هەر لەو بارەیەوە هوەیدا وتی” ھەندێكجار ڕوبەڕوی ھەندێك بارودۆخ دەبینەوە کە پێویستە ھونەری بەرگری بزانین، بەتایبەت لە کاتی بینینی منداڵ کە زۆرجار کێشە ڕودەدات و توڕەبون و دەمەقاڵێ دروست دەبێت لەنێوان دایك و باوكی منداڵەکە، گەر شەڕ دروست ببێت لەو کاتەدا ھونەری بەرگری بزانین دەتوانین ھەم خودی خۆمان ھەم بەرامبەریش بپارێزین.”
چاوی خەڵک/ تایبەت