سارا، هونەرمەندیکی  بەتەمەن لاو، بە ئەزمون حەفتا ساڵ

photo_2021-07-15_10-46-05

سارا زیاتر بەشێوەکارێک ناسراوە، بەگشتی ئاشقی هونەرەکەیەتی، ئەمڕۆ لەسەر هونەرێک ئیش دەکات ڕەنگە بەیانی لە بەشێکی تریداکار بکات، ئەوەش مانای بێزاربوون نیە، بەڵکو حەزی ئەوە بەگۆڕانکاری، لەبەرئەوە لەچەند بەشی جیاوازدا چالاکی هەبووە.هەر بۆیە لە مهاباد فێرگەیەکی هونەری داناوە.

سارا تەڵایی، لە ١٩٨٦ لەدایک بووە و خەڵکی مهابادە، ئەو هەم شێوەکار، هەم شاعیر و دەف ژەنە، ماوەی چوار ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە و خاوەنی چوار خوشک و چوار برایە، زیاتر لە ١٥ساڵە سەرقاڵی پەروەردەکردنی خوێندکاران بووە و خزمەتی بەردەوامی لە نێو هونەردا هەبووە.

سارا بە(چاوی خەڵک)ی وت” لە مهابادەوە کارە هونەرییەکانم هێناوەتە باشوری کوردستان و یەکەم پێشانگام لەئەمنە سورەکە کردەوە، دواتر لەمیدیاکان بانگهێشت کرام بۆ هەرسێ بواری (شعر، مۆسیقا و شێوەکاری)، دواتر چومە هەولێر لە پارکی شانەدەر پێشەنگایەکم کردەوە و ئیتر بڕیارم دا لەهەولێر بمێنمەوە خزمەت بەهونەرەکانم بکەم.”

سارا ئێستا لەسەنتەرێکی سەر بە زانکۆی جیهان سەرقاڵی کاری هونەری و وانەوتنەوەیە، بەردەوام تە نیاییەکانی لەگەڵ هونەرەکەی بەسەر بردووە.

“بەشی بەرد، خولیای من بوو، زۆرجار کاتی پشوەکان و ڕۆژانی هەینی دەچومە دەرەوە، بۆ دۆزینەوەی بەردە گرانبەهاکان و دانانی لە نێو سەنتەرەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کارە هونەرییەکانی ترم بەردەوام بووم، وەکو (هونەری میوزیک، ژەنینی دەف و گرافیک)، کە لەو سەنتەرە ڕۆشنبیررییەدا سەرپەرشتی بەشی گرافیک و بەرد و گەوهەرەکان دەکەم” سارا وای وت.

بەپێی وتەکانی سارا بڕیار بوو ئەو سەنتەرە ببێتە بەشێک لە زانکۆی جیهان، چونکە لە پەیمانگا و کۆلێژی هونەر کۆمەڵێک خوێندکار هەن دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە بەهێز بن، بۆیە ئەو سەنتەرە بوو بە ماڵێکی هونەری گەورە کە پێک هاتووە لە (بەشی شێوەکاری،گرافیک، پەیکەرسازی، بەشی بەرد و گەوهەرەکان)، بڕاوانەمەی ئەو سەنتەرە کە دەدرێت بە خوێندکار مۆری وەزارەتی کار و ئەکادیمیای زانکۆی لەسەرە.

سارا لێوان لێوە لە هونەر، هەرچەندە بەتەمەن ٣٥ساڵە، بەڵام ئەزمونێکی حەفتاساڵەی هونەری هەیە و خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوی هونەری، ٨٦ پێشانگای شێوەکاری کە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون، ٥ لەوپێشەنگایانەش تاکەکەسی بوون، سارا تا ئێستاش بە دەستەکانی ٢٠٠٠ وێنەی نەخشاندووە.

گەورەیی و جوامێری ژنان پەیامی سەرەکی بەشێک لەتابلۆکانی سارایە، لەو بارەیەوە دەڵێت” هاتوم جوانیەکانی ژن بنوسمەوە، نەک پەیکەرێکی داڕماو لە ناو تابلۆکانمدا بکێشم کە پیاو گەشەی پێبدات، دەمەوێت خۆم و تابلۆکانم  هێمای ئازایەتی بین، هەروەها ئامانجیشم ئەوەیە من بتوانم وەک سومبولێک لە کوردستان ڕێگە و پێشڕەوی ئەو ژنانە بم کە دەیانەوێت چالاکبن و بێنە ناو مەیدانی کارەوە، لەو چواردیوارەی خۆیان حەشارداوە یان بەسەریاندا سەپاوە بتوانن ئازادیەکانی خۆیان وەربگرن و بێنە ناو کۆمەڵگەوە.”

هەریەک لە هونەرەکانی سارا هەنگاویکن بۆ گەشتن بە ئامانجەکەی، پەیامی خۆی لە شعرو تابلۆ و میوزیک نمایش دەکات. کاتێک سارا سەرقالی کێشانی تابلۆیەکی ژنێکی کورد بوو، سەرەڕای ئازارەکانی کە لە ناو چاوەکانیدا بەدی دەکرا، لەجەستەیدا بوێری و خاوەن هونەر دەردەکەوت، بە گشتی تابلۆکانی ئامانجێکیان هەیە، هەموو ئەو شعرانەی نوسیویەتی ئامانجێکیان لە پشتە،کاتێک ڕوداوێک بە خۆش و ناخۆش یاخود کەموکوڕییەک ڕویداوە، ئەو لە سیمای تابلۆیەکدا نەخشاندویەتی. ئەگەر هەست بکات پەیامەکەی ناگات پەنای بۆ شعر بردووە یاخود هونەری تری بەکار هێناوە.

سارا تابلۆکانی لە نێو پێشەنگاکاندا دەفرۆشێت، تا بەو پارەیە چالاکیەکانی ئەنجام بدات، ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ ئەرشیفی خۆی هەڵیدەگرێت، بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەشارەکانی دیکەی هەرێم پێشەنگا بکاتەوە.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment