هەوڵی پزیشکان بۆ گەڕاندنەوەی منداڵبوون بە شێوازی سروشتی

2286207e9701ce91d5b240fee0e58c13

ماوەی چەند ساڵێکە ژنان لەبەر چەند هۆکارێک بۆ منداڵبوون شێوازی نەشتەرگەری هەڵدەبژێرن، و پزیشکانیش لە هەوڵی گەڕاندنەوەی منداڵبوونی بەشێوازی سروشتی دەدەن.

هێڤی ئەنوەر، دەڵێت” پێشتر بڕیارمدا بوو بە سروشتی منداڵم ببێت، چونکە دەمویست ڕێگەیەک هەڵبژێرم کە زیانی نەبێت. بەڵام لە مانگەکانی کۆتاییدا پزیشکەکەم پێی ڕاگەیاندم کە حاڵەتێکی نائاسایی هەیە و پێویستە بە نەشتەرگەری منداڵەکە ببێت. هەر لەبەر ئەو هۆکارە منداڵبوونم بە شێوەی نەشتەرگەری هەڵبژارد.”

نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا چەند پزیشكێک لەهەوڵی ئەوەدان کە ژنان بە شێوازی سروشتی منداڵیان ببێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێکی گرنگیان ناوە.

د. ڕۆژگارعەبدوڵا سەلیم،بەرپرسی  چاودێری تەندروستی برایی و  چاودێری دایکان و تەندروستی زایندی، تایبەت بۆچاوی خەڵک دوا” لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نەخۆشخانەی منداڵ بوون د.شلێر فایەق کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێمان دەرکرد، بەتایبەت بۆ ئەوانەی منداڵی یەکەمیان بە نەشتەرگەری دەبێت، چونکە بۆ منداڵبونی دووەم و سێیەمیش دەبێت بە نەشتەرگەری بێت.

هەروەها دەڵێت” لیژنەیەکمان پێکهێنا و من و دکتۆرە شلێر پڕۆژەکەمان پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی کرد و هەنگاوێکی جوان و کاریگەرمان بۆ بەرەوپێشەوە نا و ئەوان ئێمەیان دەستکراوە کرد لێرە چی جێبەجێدەکەین لە هەولێرو دهۆکیش بەو جۆرە جێبەجێ بکرێت.”

د. ڕۆژگار وتی”. کێشەکە لەوەدایە لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی گەر سەیری داتاکان بکەین ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زۆر زیادی کردبوو وە لە ڕێژەی ئاسایی تێپەر بوو. لە کاتێکدا لە نەخۆشخانەی حکومی منداڵبوون  ڕێگەی شێوازی منداڵبوونی سروشتی بێ ئازار هاتبوو، کە ماسکێک بوو بۆ ژنانی دووگیان بەکار دەهات هاوکاری دەکردن ئازاریان نەبێت لەو کاتەدا.”

هەروەها دەڵێت” کێشەی ئێمەی پزیشکان لەوەدایە کاتێک ژنێکی دوگیان داوای نەشتەرگەری دەکات دەبێت هۆکارێکی پزشکیی هەبێت وە ئەگەر هۆکارەکە گونجاو بێت ئەوا دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت بەڵام زۆربەی دایکان لە ئێستادا بێ هۆکاری پزیشکی داوای منداڵبوون لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە دەکەن کە ئەمەش ڕێژەکەی بەرز کردۆتەوە. بۆ ئەمەش  لیژنەی ڕاوێژکاری دانرا .”

هەمیشە لەنەخۆشخانە حکومییەکاندا لیژنە هەیە بۆ بڕیاردان بۆ منداڵبوون بە شێوازی نەشتەرگەری بەڵام لە ناحکومییەکاندا داواکاری زیاترە، بۆ ئەم هۆکارە ئەو لیژنەیەی دانرا نوێنەری نەخۆشخانە ناحکومییەکانیشی تێدابوو.

ئەم هەنگاوەی پزیشکان کاریگەری گەورەی هەبوو، یەکە بەیەکەی ژنانی دووگیان کە داوای نەشتەرگەریان دەکرد قسەیان لەگەڵدا دەکرا و باسی سوود و زیانی نەشتەرگەریان بۆ دەکرا، هەروەها هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەش چییە،بەڵام هۆکارەکانیان زانستی نەبوو.

د.ڕۆژگار دەڵێت” بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوەمان وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبوو، تێیاندا هەبوو پەشیمان دەبۆوە بە سروشتی منداڵی دەبوو، ئێمە یەکەم هەنگاو کە هەستمان پێکرد منداڵبونی پێشوەختە و داخڵ بوونی خودەچ کەم بۆوە، چونکە زۆرینەی ئەوانەی داوای نەشتەرگەریان دەکرد بەهۆی هەڵبژاردنی بەروارێکی جوان بوو کە ڕۆژێکی تایبەتی خۆیان بوو یان بۆنەکیان هەڵدەبژارد.”

هەروەها وتی” بەداخەوە بەهۆی بڵاوبەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بارودۆخی نەخۆشخانەکان شتەکە لە ئێسادا ڕاوەستاوە،بەڵام بەدڵنیاوە بەردەوامی دەبێت چونکە بەهۆی ئەم باردۆخەوە هاوڵاتیان زیاتر ڕویان کردە نەخۆشخانە ئەهلییەکان.”

لەناو ژنانی دوگیاندا هەمیشە ترس و دڵەراوکێیەک هەیە لە خزمەتگوزاری نەخۆشەخانە حکومییەکان و ڕەفتاری ئەو ستافەی سەرپەرشتی پڕۆسەی منداڵبوونی سروشتی دەکات لەوەی کە توندن لەگەڵ ژنان و هەست بە نائارامی دەکەن لەو کاتە هەستیارەدا.

دەشنێ محەمەد لەتەمەنی ٢٠ ساڵیدا منداڵی یەکەمی بە نەشتەرگەری دەبێت لەگەڵ ئەوەی پزیشکەکەی زۆرهەوڵی لەگەڵ دەدات بە سروشتی منداڵی ببێت.

دەشنێ وتی” بۆیە ئەم ڕێگەیەم هەڵبژارد بەلامەوە ڕێگەیەکی ئاسانتر بوو، چونکە هیچ ئەزمونێکم نەبوو ترسێکی زۆرم لە پڕۆسەکە هەبوو، بەڵام بۆ منداڵی دوەمم ویستم بە سروشتی بمبێت بەڵام پزیشکەکەم پێی وتم منداڵی یەکەمت بە نەشتەرگەر بووە بۆیە ناتوانی بۆ ئەمە بە سروشتی بتبێت.”

سەبارەت بە ڕۆڵی پزیشکەکە تاچەند کاریگەری لەسەر دەشنێ هەبووە لەوەی منداڵی بەشێوازی سروشتی ببێت دەشنێ دەڵێت” لە یەکەم منداڵبوونمدا پێی وتم ئەگەر دەتەوێت من لەگەڵتدا دەبم و خۆم ئاگام لێت دەبێت لە نەخۆشخانەی ناحکومی تەنیا بۆ ئەوەی بە سروشتی منداڵم ببێت،بەڵام من ڕازی نەبووم. و نەشتەرگەرییەکەم هەڵبژارد.”

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment