کچێکی ئێزیدی؛لەنێو خێزانێکی داعش لە پارێزگای بەغداد ڕزگارکرا

218807824_551011819269012_6804283893566258393_n

پاش ڕزگارکردنی لە چەند ڕۆژێکی ڕابردوودا لە پارێزگای بەغداد، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ـی تەمموزی ٢٠٢١ کچێکی ئێزیدی خەڵکی گوندی کۆچۆ کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندرابوو گەیشتە نێو کەسوکاری خۆی.

حەمید مەحمود خالی عەمشە عەلی ڕەڤۆیە بە ماڵپەری “چاوی خەڵک” ی ووت” پێش نزیکەی هەفتەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کچەکەمان بە ناوی عەمشە عەلی ڕەڤۆ لەنێو خێزانێکی داعشدا لە پارێزگای بەغداد بینراوەو ڕزگار کراوە، هەر بۆیە دەستبەجێ ڕۆیشتن بۆ بەغداد و پاش نزیکەی حەوت ساڵ دووبارە بە بینینی کچی خۆمان شاد بووینەوە.”

“دۆخی عەمشە تا ڕادەیەک باشە بەڵام پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە تا ئەو نەهامەتییەی بەسەریدا هاتووە تێی بپەڕێنێت.” خاڵی عەمشە وای وت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاوی خەڵک عەمشە تەمەنی ٢١ ساڵە و خەڵکی گوندی کۆچۆیە لە باشووری چیایی شنگال،  و لەکاتی هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شنگال ڕفێندراوە و لە ئێستادا و لە پاش ڕزگاربوونی لە کەمپی ڕوانگە لە سنووری پارێزگای دهۆک لەگەڵ ماڵی خاڵیدا نیشتەجێیە.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباریی ڕزگاربووان سەراب ئەلیاس بە (چاوی خەڵک)ی ڕاگەیاند ” ئەو کچە ئێزیدییە بەم دواییانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و بە هەوڵی دادگای کەرخ کە تایبەتمەندە بە کەیسەکانی تیرۆر ڕزگارکرا و دواتریش ڕادەستی خانەوادەکەی کرا.”

بەپێی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی، لە کۆی شەش هەزار و ٤١٧ هاوڵاتی ئێزیدی کە ڕفێندرابوون لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤، سێ هەزار و ٥٤٥ کەس رزگارکراون، کە لەو ژمارەیە ٢٢٥٠ لەوانە لە ڕەگەزی مێینە هەروەها تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار و ٧٦٨  کەس لە هەردوو ڕەگەز دیار نییە.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment