“پرۆژه‌ى ناوی من ناوی دایكمه‌” لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا چووە قۆناغێكى تر

217125246_2923898557856688_1622456228668704604_n

دوێنێ بەرواری ١٣-٧-٢٠٢١ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆی پێویست بۆ پرۆژە یاسایی “ناوی من ناوی دایکمە” کۆکراوەیەوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ناوی باوک ناوی دایک لەسەر کارتی نیشتیمانی زیادبکرێت. ئەندامێکی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت ئەم پرۆژە یاسایە خزمەتێکی گرنگ بە منداڵانی قوربانی جەنگ دەکات.

رێزان شێــــــــخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە وتی “پرۆژه‌کە قۆناغێكى باشی بڕیوە، له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق واژۆی پێویستمان كۆكردوەتەوە بۆ پێشنیاری پڕۆژه‌ یاسایی “ناوی من ناوی دایكمه‌” به‌و ئومێده‌ى خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت له‌ پێناو  خزمه‌تكردن به‌ته‌واوى منداڵانى قوربانى جه‌نگ و ماڵوێرانیه‌كانى عێراق.”

پڕۆژه‌یاساكه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌موارکردنەوەی یاسایی كارتى نیشتیمانى ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ئەو منداڵانەی ڕەچەڵەکیان دیار نییە و خاوەنی ناسنامە نین دایك بتوانێت ڕەچەڵەکیان دیاری بکات.

لە بەرواری ١-٦-٢٠٢١ ئەندامانی کەمپەینەکە پرۆژەیاسایەکەیان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغداد کرد. هەر لەو کۆبونەوەیەدا لیژنەیەکی تایبەت بۆ گفتوگۆ کردن و کارکردنی تایبەت بەم پرسە پێکهێنرا  لە چوارچێوەی لیژنەی ژنان بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ ئەندامانی کەمپەینەکە لە پێناو وەرگرتنی پرۆژەکە و بە یاساکردنی لە عێراقدا.

 

ئەم کەمپەینە لە ڕۆژی ٥/١٢/٢٠١٨ بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO) و ژمارەیەک لەرێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، پسپۆڕانى بوارى یاسا و هەروەها کۆمەڵێک ژنی پەرلەمانتار لەخولەکانى پێشوو و ئێستای پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و عیراق ڕاگەیەنراوە. ئەم هەوڵە ئامادەکردنى ڕەشنووسى هەموارکردنی تایبەت بەیاساى کارتى نیشتیمانى عێراقى ژمارە ٣ بۆ ساڵى ٢٠١٦یە، ئەوەش بە ئامانجى دۆزینەوەى چارەسەرێکى یاسایى گونجاو بۆ تۆمارکردنى ناوى منداڵان لەسەر ناوى دایکیان تا ژنان بتوانن ئەو مافە بەدەستبهێنن کە ڕەچەڵەکی خۆیان ببەخشنە منداڵەکانیان. لە ئەنجامی کاری بەردەوامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کردنەوەی دۆسیەی تایبەت بە نەبوونی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو منداڵانەی کە ڕەچەڵەکیان نادیارە، ئەم رەشنووسە لە ئێستادا دەکرێت چارەسەرێکی گونجاوتر بۆ ئەو کێشەیە.

ئامانجی هۆکاری هەموارکردنی یاسای کارتی نیشتمانی ژمارە (٣)ى ساڵی ٢٠١٦ ژنان و منداڵانی عێراق لەکاتی ئاشتی و جەنگدا بێبەشن لە مافی جێگیرکردنی رەچەڵەکی منداڵ لەسەر دایک، لە کاتێکدا منداڵ و دایک پێویستە سودمەندبن لەو مافە سەرەتاییەی کە دەبنە خاوەنی ناسنامەی راستەقینەی خۆیان و پاراستنیان. ئەوەش لە پێناوی راگرتنی هاوسەنگی جێندەری و بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا لەکاتی وەرگرتنی مافی رەچەڵەکی منداڵەکانیان، بەردەوامی تاوانی دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان و دانپێدانەنانی باوکان بەو منداڵانە وادەکات ئایندەی ئەو منداڵانە نادیار بێت.

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment