پەرلەمانی عێراق ئەو یاسایە هەموار دەکاتەوە کە دوای جیابونەوە، مناڵ بدرێت بە باوک  

217583839_3065218793756751_393506762780101999_n

لە پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ  ئەو یاسایە کرا کە دوای جیابونەوە و هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی هاسەرگیری، مافی سەرپەرشتیکردن و بەخێوکردن منداڵ دەدرێت بە باوکەکان تا ئەو تەمەنەی منداڵەکە گەورە دەبێت و خۆی بڕیاردەدات دووبارە لای کێ بمێنێتەوە.

بەهار مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی هەمواری ئەو یاسایەوە دەڵێت” هەمو هەوڵێکمان داوەکە ماددەی ٥٧لە یاسای باری کەسێتی تایبەت بەسەرپەرشتی منداڵ دوای جیابونەوەی دایک و باوک هەموار نەکرێتەوە، چونکە ژنان لە مافی دایکایەتی بێبەش دەکات، وە لە لیژنە و هۆڵی پەرلەمانیش ڕای خۆمان بە ڕاشکاوانە وتوە و هەوڵمانداوە ئەم ماددەیە هەموار نەکرێتەوە.”

بەپێی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای ژمارە ١٨٨ی باری كەسێتی ساڵی ١٩٥٩ كە ئێستا لە پەرلەمانی عیراقە و هێشتا پەسەندنەكراوە، ماددەی ٥٧ گۆڕانكاری تیادا دەكرێت بەشێوەیەك كە دایك لە كاتی هاوسەرگیری یان جیابونەوەدا مافی پەروەردەكردن و لەخۆگرتنی منداڵەكەی هەیە تا ئەوكاتەی تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ.

نەسرین عومەر، پارێزەر سەبارەت بەو بابەتە وتی” ئەگەر ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەدڵنیاییەوە زیانێکی زۆری بۆ ژنان دەبێت، ئێستا زۆربەی ژنان کە لە ژیانێکی سەختدا دەژین و داوای جیابونەوە ناکەن لەبەر منداڵەکانێتی تاکو پەرتەوازە نەبن، یاخود ماڵی باوکی ژنەکە ڕازی نین منداڵەکان وەربگرنەوە. ئەگەر یاسایەکی واش دەرچێت باوک بتوانێت منداڵەکە وەربگرێت تاکو ئەو تەمەنەی گەورە دەبێت و خۆی بڕیار دەدات دایک یان باوک کامیان هەڵبژێرێت، لەو کاتەشدا مافی دایکەکە دەفەوتێت.”

هەروەها وتیشی” ئەو بارودۆخە بۆ منداڵەکەش زیانی هەیە چونکە ئەو هەست و سۆزەی دایک بە منداڵەکەی دەدات باوک ناتوانێت ئەو جێگەیەی بۆ پڕبکاتەوە، یاخود کاتێک باسی ئەوە دەکەن کە باوەپیارە لەوانەیە زیانی هەبێت و دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵی ژنەکەی، وە ئێمە حاڵەتی زۆریشمان هەیە کە باوک هەبووە دەستدرێژی کردۆتە سەر کچی ڕاستەقینەی خۆی، ئەگەر ئەو یاسایە ئەو لایەنە لێکبداتەوە ئەوا هێشتا یەکسانی تێدا نییە و ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ڕێگر بێت لەوەی منداڵ لای دایکەکە بێت کاتێک هاوسەرگیری بکاتەوە.”

بەپێی وتەکانی نەسرین عومەر، لە ئێستادا ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، ژنان زۆربەیان ناچارن قوربانی بەژیانی خۆیان بدەن و لە هاوسەرەکانیان جیانەنەوە، هەروەها ئێستا یاسای بینینی منداڵیش هەموار کراوتەوەکە جاران لە مانگێکدا دووجار بۆ چەند کاتژمێرێک لایەنەکەی تر دەیتوانی منداڵەکەی ببینێت کە لای نەبوو، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو یاسایە لە هەفتەیەکدا ٢٤ کاتژمێر لای دەمێنێتەوە.

هاوکات ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە ئەوە نیشاندەدات کەچۆن بەرامبەر ئەو مافانەی دایک هەیەتی دەوەستنەوە.

بەهار مونزیر، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، لەوبارەیەوە دەڵێت” لە کاتێکدا ئێمە وەکو ڕێکخراوەکان ئیش لەسەر ئەوە دەکەین و خەریکی پڕۆژەیاسایەکین کە ئەو منداڵانەی ڕەچەڵەکیان دیاری ناکرێت دایکەکان بتوانن دیاریبکەن، کە ئەم پڕۆژەیاسایە لە کوردستان و عێراق پشتیوانیان لێکردووە. بەڵام  سەیردەکەین لەبەرامبەر ئەوەدا یاسایەکی خراپ هەموار دەکرێتەوە کە بەهەموو جۆرێک مافی بەخێوکردنی منداڵ لە دایک دەسەندرێتەوە و ئەمەش پێمان دەڵێت پەرلەمان یاخود ئەو حیزبانەی پێشنیاری ئەویاسایە دەکەن چەنێک دەیانەوێت کۆمەڵگە بەشێوە گشتییەکەی ببەنەوە دواوە و وابکەن ژن هیچ مافێکی نەبێت. هەروەها ئەگەر بزانین ئەو یاسایە مەترسی بۆ کوردستان دەبێت، ئێمە دەبێت وەکو ڕێکخراو دەنگمان هەبێت و نەهێڵین ئەو بڕیارە سەر بگرێت، چونکە چۆن دەبێت دایک بۆی نەبێت منداڵەکەی لەدوای جیابونەوەی لەلای بێت،کەواتە دایک چی کردووە!”

بەهار مونزیر بەپێی ئەزمونی کارکردنی لەو باوەڕەدا نییە دایکان لە کوردستان ئەوە قبوڵ بکەن، یان کەسانێک کەلەسەر مافەکانی یەکسانی جێندەر کار دەکەن لای ئەوان جێگەی قبوڵ بێت، ئێستا مافی دایکایەتی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ڕێکخراوەکانیش توانیویانە ئەوە بکەن.

بەهار مونزیر ئەوەشی وت”هیچ کات لەگەڵ ئەوەشدا نیم دایک هەیە ناهێڵێت پاش جیابونەوە باوک منداڵەکەی ببینێت، من زۆر بەرامبەر ئەوە وەستاومەتەوە، چونکە هەموو باوکێک مافی ئەوەی هەیە منداڵەکەی خۆی ببینێت و لەلاشی بێت، واتا بەش بکرێت لەو کاتەی هەیە، ئەمە باشترین ڕێگەیە لەوەی دایک و باوک هەردوکیان دەستیان هەبێت لە بەخێوکردنی منداڵەکەدا.”

مافی بەخێوکردن و سەرپەرشتی کردنی منداڵ دەبێت لە نێوان دایک و باوکدا ڕێکەوتنێک بکرێت، ئەگەر خۆشیان ڕێک نەکەوتن دەبێت دامەزراوەیەک ڕێکیان بخات، بەپێی خواست و پێویستی بارودۆخەکە.

بەنان وەهاب شەریف، توێژەری کۆمەڵایەتی و ماستەر لە ڕێنمایی دەرونی وتی” ئەگەر وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی سەیری ئەو بابەتە بکەین، دەبێت بارودۆخی دایک و باوکەکە لەبەرچاوبگرین، نەک ئەوەی بڵیین لای دایک خراپە یاخود لای باوک، بەڵام بەپێی سایکۆلۆژی ژن و ئەو خەسڵەتانەی ژن هەیەتی هەستی دایکایەتی وای لێدەکات بەردەوام سۆزو میهرەبانی بگەیەنێت بە منداڵەکە و چاودێریەکی باشی بکات، لە هەمانکاتدا ڕێژەی خۆپەرستی لە ژندا کەمترە لەچاو پیاوان و لە ژیانی خۆی دەگرێتەوە بۆ منداڵەکانی، لەیەککاتدا دەتوانێت چاودێری و پەروەردەی چەند منداڵ بەیەکەوە بکات.”

ئەو توێژەری کۆمەڵایەتییە ئەوەشی خستەڕوو” کاتێک پاش جیابونەوە ئەو بەرپرسیارێتتە دەدرێت بەپیاو، تەنیا بۆ ڕازیکردن و غروری پیاوەکەیە و وەک چەکێک لەدژی ژنەکە بەکاری دەهێنێت، ئەو یاسایەش یەکێکە لە یاساکانیتر کە خزمەت بە پیاو دەکات.”

“کاتێک ئەو منداڵە دەدرێت بە باوک، ئایا ئەو یاسایە لەکوێی پاراستنی مافەکانی ئەو منداڵەدا جێی دەبێتەوە، ئایا یاساکە ئەوەی بۆ دیاری کردووە ئەگەر لای باوەژن بێت بێبەش ناکرێت و مافەکانی خۆی دەبێت؟ بۆیە دەبێت لە پاڵ یاساکەدا بوترێت بە لەبەرچاوگرتنی مافی منداڵەکە.” بەنان وەهاب وای وت.

فریشتە کەریم ژنێکی دانیشتوی سلێمانییە، تەمەنی ٣٠ ساڵە و منداڵێکی ٢ ساڵ نیوی هەیە.

فریشتە دەربارەی ئەم پرۆژە یاسایە بە(چاوی خەڵک)ی وت” پێش ئەوەی منداڵەکەم ببێت من لە هاوسەرەکەم جیابومەوە، لەوکاتەشەوە بۆ یەکجار هەواڵی نەپرسیوە و نەیویستووە بیبینێت، بەڵام ئێستا داوای دەکات بیباتەوە لای خۆی، هەرگیز بەوە ڕازی نابم منداڵەکەم لای خۆم نەمێنێت، بەڵام کێشەم نییە ئەگەر هەفتانە داوای بینینی بکات، چونکە ئەو دووساڵ و نیو هەستی باوکایەتی نەبوبێت چۆن دڵنیابم منداڵەکەم لە نازو پەروەردەکردن بێبەش نابێت.”

هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە لە کاتێکدایە دایکان دەتوانن منداڵەکانیان دوای جیابونەوە وەربگرن، بە هەموارکردنەوەشی ژنان لە دوای جیابونەوە لە مافی دایکایەتی  بێبەشدەکرێن.

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment