کتێبی (کاتژمێرێک دوای نیوەشەو) کە باس لە خەتەنەکردنی سێ خوشک دەکات لە ئاهەنگێکی ناساندندا بڵاو کرایەوە.

photo_2021-07-11_21-30-52

ناوەڕۆکی ئەو کتێبە چیرۆکی سێ خوشک دەگێڕێتەوە، دوانیان خەتەنە کراون و یەکێکیان ترانس جێندەرە، لەوکاتەی ژنێک هاتووە بۆ ئەوەی ئەو سێ خوشکە خەتەنە بکات، کە ژنێکە نەزانانە لە ڕێگەی گوێزانێکەوە بەشێک لە ئەندامی مێینەی کچان دەبڕێت، لە کاتی بڕینەکەدا بە یەکێک لە خوشکەکان دەڵێت؛ ئەمەیان هیچی پێوە نییە لایبەن، بێ ئەوەی سەرنجی ئەوەبدات ئەو کچە ترانس جێندەرە.

ئەو کتێبە لە نوسینی خالید سلێمانە، نوسەر بەشێوازی دەقێکی شانۆیی نوسیویەتی، کە تێیدا باس لە خەتەنەکردنی سێ خوشک دەکات و شێوازی ژیانی ئەوان دەخاتە ڕوو، ئەو خەتەنەیە بۆتە سەرچاوەی نەهامەتی و ژیانێکی سەخت بۆ ئەو سێ خوشکە، بەڵام ئەوەی بەها بە ژیانی ئەوان دەدات تەون کردن و چنینە.

سەبارەت بە نوسین و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە خالید سلێمان بە (چاوی خەڵک) ی وت” لەڕاستیدا تێکستێکی کورتە،بەڵام بۆسەر شانۆ نوسراوە، ئەوەش بەپێی ئەوەی دەرچوی بەشی دەرهێنانی شانۆم و باکگراوندێکی هونەریم هەیە لەسەر شانۆ کە لەسەر بنەمای تەکنیکی شانۆ ئەو کتێبە نوسراوە.”

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بابەتەش نوسەر دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا لەناو ئەدەب و چیرۆک و شانۆی کوردیدا باس لەخەتەنەکردنی کچان و چارەسەری نەکراوە، وتار و لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییش بۆ ئەو بابەتە بەس نییە، چونکە هونەرو ئەدەب پەیامەکە زوتر بەهاوڵاتیان دەگەیەنن، بەتایبەتی کاتێک دەکەوێتە سەر شانۆ، ئامانجیش لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە بۆ ئەوەیە بابەتەکە بکرێتەوە و قسەی لەسەر بکرێت، چونکە بۆ ئەو کتێبە نوسەر لێی دڵنیایە کە خوێنەر بەشێکی زۆری بەدڵی نابێت و شەرمی لێدەکات.

” ئێمە تائێستا چیرۆکێکمان نەخوێندۆتەوە لەسەر ژنێک خەتەنە کرابێت و بزانین ئایا ئازارەکانی چییە، ئەو بابەتە وەکو ئەوەی تا ئێستا هەر نەبوبێت، من لە ٢٠١٨دا دەستم کرد بە نوسینی کتێبی (کاتژمێرێک دوای نیوەشەو) بەڵام دوای چوار جار لەنوسینی لە١٠/٧/٢٠٢١دا دابڵاوم کردەوە، چونکە لەکاتی نوسیندا نوسەر چەندین جار تێکستەکە دەخوێنێتەوە، کاتێک خۆی لێی ڕازی نابێت بیرۆکە کە دەگۆڕێت، منیش کاتێک دەمخوێندەوە سەرلەبەری بونیادی تێکستەکەم دەگۆڕی، هەستم بە بۆشاییەک دەکرد یاخود پەیەماکە نەدەگەیشت.”خالید سلێمان وای وت.

کتێبی(کاتژمێرێک دوای نیوەشەو) بۆیە ئەو ناوەی بۆ هەڵبژێردراوە چونکە لە کاتژمێرێک دوای نیوەشەوەوە ڕوداوەکان دەست پێدەکات، بۆنمونە لەو کاتەدا دیالۆگیکی بەهێز یان گۆرانی وتن لەناو خوشکەکاندا دروست دەبێت، یاخود جارێک خوشکە بچوکەکەیان دەچێتە دەرەوە و چەند ڕوداوی تر کە کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە.

باس کردنی خەتەنە لەو چیرۆکەدا بەرەو بابەتی تر هەنگاو دەنێت کە لەو دەقدا قسەی لەسەر کراوە، دیسانەوە کێشەیەک پیشان دەدرێت لە کلتوری کوردیدا هەیە، ئەویش نابێت ژن موڵکی بەناوەوە بکرێت، یەکێک لە گرفتە سەرەکەییەکانی ژنیش نەبونی سەرچاوەی ئابوری و داهاتی خۆیەتی، کاتێک نەیبێت دەکەوێتە ژێر هەژموونی باوک، برا، مێرد و کۆمەڵگەوە.

خالید سلێمان دەڵێت” لەکاتی ئاهەنگی ناساندنی کتێبەکەشدا وتم بۆ دەبێت لەو بابەتە بترسین یاخود بیخەینە خانەی نەبوونەوە، ئێستاش ژمارەیەک دەرهێنەرئەو دەقەیان لێی وەرگرتوم، تەنانەت هونەرمەندێکی ژن بیری لەوە کردۆتەوە کە بیکات بە فیلم، بەڵام ئەو دەقە بۆ فیلم قورسە چونکە دەبێت ئەکتەرەکەی کورد نەبێت و ترسی لەو ڕۆڵ بینیە نەبێت،هەربۆیە بۆ شانۆ دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت، بەڵام  لێرەوە دەڵیم هەر ئەکتەرێکی ژن بیەوێت ڕۆڵی ئەو سێ خوشکە ببینێت بوێری دەوێت.”

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment