کۆچەر بە چیمەنتۆ کاری دەستی جیاواز دەکات

207803646_538868874125250_8384584522702604085_n

کۆچەر جەلیل ماوەی چوار ساڵە بەدەستە ڕەنگی و بینیەنە وردەکانی، دەستی ئاڵاندوە بە بۆیەی ڕەنگاو ڕەنگ لەگەڵ هونەری چیمەنتۆدا، گۆزە و سەبەتەی چوکلێت لەگەڵ مێز و تەپڵەكی جوانی لێ دروست دەکات و ماڵ گەلێکی قەزای دەربەندیخانی پێ ڕازاندوەتەوە.

کۆچەر جەلیل عەلی، دانیشتوی دەربەندیخانە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، قۆناغی ناوەندی تەواو کردوە، دەربارەی کارە دەست ڕەنگینیەکانی بە (چاوی خەڵک)ی وت” هەمیشە حەزم لە کارکردن بووە، لە مناڵیمدا خولیام بۆ وێنەکێشان هەبووە، لە زۆر بواردا شارەزایم هەیە وەک (چنین، درومان، خواردن و شیرینی دروستکردن، خزمەت کردنی گوڵ و مەشتەل) لە داهاتوشدا بۆم بگونجێت لەپلانمدایە شەتڵگەیەک بکەمەوە، لە ئێستاشدا دەستم کردوەدروستکردنی گۆزە بەچیمەنتۆ.”

ئەو سەرەتا کارەکانی لە ڕێگەی فەیسبوکەوە دەناساند، پاشان دوکانی دانا بەناوی (کاری دەستی کۆچەر)، ئێستاش لەپلانیدایە دوکانەکەی گەورەتر بکات، بەو بەرهەمانەی بەشداری زۆرێک لەپێشانگاکانی کردووە.

” پێشتر کاری چنینم دەکرد، سەرەتای ئەم کارەم بۆ ساڵی  ۲۰۱۷ دەگەڕێتەوە، سودم وەرگرتوە لەیوتوب، بەوهۆیەوە پارچەم بۆ هاوڕێی و ناسراوەکانم دروست دەکرد زۆریان پێ جوان بوو، برەوم بە کارەکەمداو چەندین پارچەی تری جوانم دروست کرد، پاشان بڕیارمدا دوکانێك بکەمەوە، کاتێک کڕیار دێتە دوکانەکەمەوە پارچەکانمیان زۆر پێ جوان و پێیان جیاوازە، دەستخۆشیم لێدەکەن.” کۆچەر وای وت

کەسانی ڕەخنەگر و ڕوخێنەر هەبوون لە چواردەوری کۆچەر، قسەی نەرێنیان پێوتووە، بەڵام مرۆڤ دەبێت ورەی پۆڵاینی هەبێت و ئارام بێت، کەسانی پشتگیریکار و دروستکاریش لە دەوری ئەو زۆر هەن.

لەم چەند ساڵەی کارکردنیدا کۆچەر، بەربەستە گەورەکەی بەردەمی نەبونی مادە و شوێنی گونجاوە لەگەڵ نەبونی کەرەستەی تەواو بۆ کارەکانی لەکوردستان یاخود هەر دەستی ناکەوێت.

وەک کچێکی دەست ڕەنگین کۆچەر وتی” بەردەوام کارەکانم فرۆشی هەیە، چونکە ڕەنگ و شێوەکان لای کڕیارەکانم پەسەندن، لە ڕێگەی فەیسبوکەکەشمەوە زۆر سەردانی دوکانەکەم دەکرێت، کرێی دوکان نادەم بەمەش دوکانەکەم لەناو بازاڕەوە دوورە و فرۆشی کەمە، گەر بێت و دوکان لە بازاڕ بکەمەوە خەڵک زۆرتر ڕووم تێ دەکات.”

کڕیارەکانی کۆچەر زیاتر ناوخۆیین، کارەکانی دەبرێت بۆ ڕازاندنەوەی مێزی ئاهەنگەکان، بەڵام پارچەکانی ئەو زیاتر بۆ فرۆشتنە، وە هەندێکجار بە کرێشیان دەدات.

ئامانجی کۆچەر ئەوەیە خزمەتێک بە بەرهەمی ناوخۆی بکات، تا ژنان هەمیشە پشت بەتواناکانی خۆیان ببەستن، کارکردن لەڕووی دەرونیەوە ئارامیەک بە مرۆڤ دەبەخشێت بە تایبەت کارەکەی ئەو کە وردەکاری زۆرە.”

کۆچەر تەنیا کچێکی دەست ڕەنگین نییە، بەڵکو مامۆستای باخچەی ساوایانیشە و لەهەمان کاتدا لە هەوڵی کارێکی تریشدایە ئەویش خواردن پێدانە بە منداڵانی سەنتەری ئۆتیزم، چونکە ئەو حەزی لە جیهانی منداڵانە.

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment