بەشی پێنجەم لەمافەکانی تایبەت بەژنان، تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیرییە لە دادگادا

ac798ed4-09b4-417c-bd4d-7ed7ca9e618c

مادەی دەیەم لە یاسای باری کەسێتیدا باس لە تۆمارکردنی گرێبەست دەکات.

گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگای تایبەتمەند بەبێ ڕەسم لە تێنوسێک (سجل)ێکی تایبەت تۆمار دەکرێت بە پێی ئەم مەرجانە:

١/پێشکەش کردنی بەیاننامەیەکی بێ پوول، تێیدا ناسنامەی هەردوو لایەنی گرێبەست، تەمەنیان،  بڕی مارەییەکە، نەبونی لاری شەرعی هاوسەرێتی، ئیمزا یاخود و مۆری موختاری گەڕەک یان گوندەکە یان دوو کەسی ناسراوی دانیشتوی گەڕەک و گوندەکەی تێداتۆمار کرابێت.

تێبینی /مەبەست لە (لاری شەرعی) ئەوەیە کە مەحرەمی یەک نەبن، واتە لە قەدەغە کراوەکان لەیەکتر نەبن کە بەهۆی خزمایەتی یان شیر خواردن یان ژنخوازییەوە دەبێت.

٢/بەیاننامەکە بەڕاپۆرتێکەوە کە لە لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە دەرچووە،پشگیری تەندروستی هەردوو هاوسەرەکە دەکەن لە نەخۆشی (کەمی بەرگە گرتن )ی توشبوو و بەرهەڵستی تەندروستی و بەڵگەنامەی دیکەش کە یاسا دەیکاتە مەرج.

٣/ناوەڕۆکی بەیاننامەکە لە تێنوسی گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار دەکرێت، هەردوو لایەنی گرێبەستەکەش واژۆ یان پەنجە مۆری دەکەن و دادوەریش بە ئیمزای خۆی پەسەندی دەکات و وێنەیەک لە گرێبەستەکە دەدرێتە هاوسەرەکان.

٤/ناوەڕۆکی گرێبەستەکە پێویستە جێبەجێ بکرێت لە ڕوی پێدانی مارەی یان هەرمەرجێک دانرابێت ،ئەگەر لەبەردەم دادگای تایبەتمەندا تانەی لێ نەگیرێت.

٥/گرنگە بۆ زانین /هەرکەسێک گرێبەست لە دەرەوەی دادگا بکات، بە پێ بژاردنێک سزا دەدرێت لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت، سزاکەشی بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر هاوسەرگیریەکی دیکەی لەژیانی هاوسەریدا لەدەرەوەی دادگا گرێبدات .

 

 

ئامادەکردنی/ ساکار عطا محمد؛ پارێزەر

 

Leave a comment