کێشەی نەبوونی ئاو لە کۆمەڵگەی بۆرکی سەربە قەزای شنگال سەری هەڵداوە

209487783_1575055046031829_9018373567626407365_n

 خەڵکی کۆمەڵگای بۆرک لە باکوری چیای شنگال ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن هەر چی زووتربێت ئەوان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

هاوکات فەرمانگەی ئاوی ناحیەی سنونێ ئاشکرایکرد کە ئەوان چەند بیرێکی نوێ بۆ خەڵکی ئەوکۆمەڵگەیە هەڵدەکەنن.

مەدینە شنگالی، کچێکی نیشتەجێی کۆمەڵگەی بۆرکە  بە(چاوی خەڵک) ی وت” چەند ڕۆژێکە لەبەر کەمی یان نەبوونی ئاوی خواردنەوە تەواوی خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیە دەناڵێنن، چونکە لەم هاوینەگەرمە دا تاوانە ئاو نەبێت بۆ خواردنەوە.”

کۆمەڵگەی  بۆرک لەکاتی دامەزراندنییەوە  تا ئێستا کێشەی نەبوونی ئاوی هەیە و زۆر جار خەڵکی کۆمەڵگەکە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەی تۆڕی ئاوی تێیدا نییە.

ئەحمەد خەلەف نیشتەجێی هەمان کۆمەڵگەیە و دەڵێت” ئەمە جاری یەکەم و دەیەمیش نییە کە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبین، بەڵام نازانین چی بکەین، چونکە چارەسەر بە دەست هاوڵاتیان نییە، دەبوایە حکومەت کار ی بۆ ئەوە بکردایە و بەرپرسانی دەڤەرەکەش لە کێشەکانی خەڵک وەکو پێویست دەرناکەون، بەڕاستی ئەگەر ئەوان بیانەوێت دەتوانن چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.

ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیە وەکو زۆربەی کۆمەڵگەکانی تری شنگال و ناحیەی  گرعزێر ئاوی خواردنەوە لە تانکەرەکان دەکڕن، بەپێی وتەی هاوڵاتیان لە ئێستادا هەزار لیتر بە ٤ هەزار دینار دەکڕن وئەوەش  تەنیا بەشی دوو بۆ سێ ڕۆژ، دەکات، بەوەش لەڕووی داراییەوە باری ئەوانی زۆر گران کردووە.

سەڵاح شنگالی خاوەنی تانکەرێکی ئاوە، لە کۆمەڵگەی بۆرک ئیش دەکات و  وتی” بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە بیری (مەزاری شەرەفەدین) ئەم کێشەیە دروستبووە، بەڕاستی ئێمەش زۆر ئازار دەبینن تاکو ئاو پەیدا دەکەین و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەیکەن.”

لەم بارەیەشەوە قاسم حەمۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ناحیەی سنونێ ڕایگەیاند” هیچ پەیوەندیمان بە بابەتی تانکەرەکانەوە نییە، چونکە ئەوان بە پارە ئاو دەهێنن و دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە تیمێکی خۆمان ناردووە بۆ ئەو بیرەی کە ئاو لێی دێت بۆ کۆمەڵگەکە و بڕیارە هەر چی زووبێت ئەگەر لە توانادا بێت کێشەکە چارەسەر بکەین.”

وتیشی” لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (UNDPA) پڕۆژەیەکی ئاو لە کۆمەڵگەی بۆرک دروست دەیکەن کە ٨ بیر لەخۆدەگرێت و لەکاتی تەواو کردنیشیدا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت کە ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی کۆمەڵگەکە لێی زەرەرمەندن.”

کۆمەڵگای بۆرک سەر بە ناحیەی سنونێیە لە قەزای شنگال، لە ١٩٧٥دا دروستکراوە، لەو ماوەیەدا و تا ئێستاش کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری بەتایبەت ئاوی خواردنەوە لەم کۆمەڵگەیەدا بوونی هەیە، پێش ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر دەڤەرەکە ژمارەی نیشتەجێبوانی ئەم کۆمەڵگەیە زیاتر بوو لە ٣٠ هەزار کەس، لە ئێستادا زۆرترین خێزان پاش چەند ساڵێک لە ئاوارەبوونیان گەڕاونەتەوە.”

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment