لەیادى ٢٥ى نۆڤەمبەردا..  بکوژ یەک، پاڵنەر هەزار

127040668_1543200105888887_2078673835427960846_n

ئەڤین ئەحمەد

ساڵى ٢٠١٩ لەوڵاتى فەرەنسا، رێژەى توندوتیژى دژ بەژنان ژمارەیەکى پێوانەیى تۆمار کرد، وکۆى حاڵەتەکانى کوشتنى ژنانیش لەنێو تۆمارە فەرمییەکانى ئەو وڵاتدا گەشتە ١٢١ حاڵەت.. هەڵبەتە خودى ئەو ڕووداوە بۆ فەرەنسییەکان، وکابینە حکومییەکەى ئیدوارد فیلیپى سەرۆک وەزیرانیش شۆکێکى چاوەروان نەکراو بوو ئەو دەمەى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بەبۆنەى رۆژى جیهانى توندوتیژى دژ بەژنان، وتى ( پەراوێزخستنى دۆسیەکانى ژنان، بەردەوامبوونمان لەسەر ڕەگى پیاوسالارى بووە هۆکارى گیان لەدەستدانى ژنانى وڵاتەکەمان).

هەر لەهەمان کۆنگرەى رۆژنامەوانیشدا پلانى حکومەتەکەى بۆ چۆنییەتى بەرەنگاربوونەوەى حاڵەتەکانى توندوتیژى خستەڕوو کەبریتى بوو لەپێکهێنانى ژوورى فریاکەوتنى خێرا لەنێو دادگاکان بەمەبەستى چارەسەرکردنى خێراى دۆسییەکانى توندوتیژى لەسەقفێکى زەمەنى دیارێکراو ( ١٥ رۆژ)، وهەروەها دروستکردنى ٢٥٠ شێلتەرى تایبەت بەداڵدەدانى ژنانى هەڵهاتوو لەتوندوتیژییە خێزانییەکان لەسەرتاسەرى ناوچە جیاوازەکانى وڵات بەگوژمەى ٥ ملیۆن یۆرۆ.. ئەمە لەفەرەنسا… ئەى لەهەرێمى کوردستان ئەبێت سەرۆک وەزیرانەکەى چێ بلێت، وچ پلانێکى هەبێت بۆ سنووردارکردنى حاڵەتەکانى ژنکوژى لەهەرێمێکى چەند هەزار کیلومەتریدا کەرۆژانە ژن تێدا بەدەیان ناونیشانى جۆراوجۆر دەبێتە قەڵغان بۆ پاراستنى شەرفى نێرینەکانى کۆمەڵگا.. یاخوود لەسەر پاراستنى کەرامەت وناسنامەى خۆى راپێچى ژوورە تاریکەکانى گرتوخانەکان دەکرێت؟ !.

هەڵبەتە بەراورد لەنێوان دەوڵەتێکى زلهێز لەڕووى جوگرافى، شارستانى وسەرمەشق لەزۆر بواردا لەگەڵ هەرێمێکى ٤ ـ ٥ ملیۆن کەسى وگیرۆدە بەسەدان نەگبەتى سیاسى، کۆمەڵایەتى ، فیکرى ورۆشنبیرى دەشێت شیکردەوەیەکى هێندە دادپەروەرانە نەبێت بەڵام، خۆدەکرێت حکومەتە خنجیلانەکەى ئێمەش هاوشێوەى فەرەنسییەکان کار لەسەر بەرهەمهێنانى ئەقڵیەتێکى سیاسی ـ کۆمەڵایەتى مۆدێرن بکات کەبتوانێت دان بەخاڵە لاوازەکان بنێت ونوقمبوون لەدنیاى پیاوسالارى وەکو خاڵى هەرە جەوهەرى لەتەشەنەکردنى مەترسییەکانى دیاردەى توندوتیژى بەمانا گشتییەکەى بۆسەر ئاشتى کۆمەلایەتى وخێزانى بناسێنێت، ورێگاچارەى بۆ بدۆزێتەوە.. لەوەش گرنگتر دروشمە بریقەدارەکانى (لەووتارەوە بگۆرێت بۆ کردار)، ودواجاریش خودى ئەو کردارە بەیاسا لەناو بیروهۆشى تاک بەتاکى کۆمەڵگا بچەسپێنێت.. لەرێگاى گۆرێنى ئەقڵییەتى سیاسییەوە کار لەسەر گۆرێنى تێروانینە باو وکلاسییەکانى کۆمەڵگا بکات بەرامبەر بەدۆسییەکانى ژنان.. چونکە، دواجاردا بمانەوێت یاخوود نا ئیفلیج بوونى سیستەم وئەقڵییەتى سیاسى لەهەر وڵات وسیستەمێکى حوکمرانیدا سەرەکیترین هۆکارە بۆ بۆگەنى وئیفلیج بوونى کۆى سێکتەرو دامەزراوەکانى تریش کەراستەوخو پەیوەندیان بەشێوازى ژیانى کۆمەلایەتییەوە هەیە بەپلەى یەکەم.

هەموو لایەکمان ئاگادارین کۆمەڵگاى کوردى لەئێستادا بەقۆناغێکى کۆمەلایەتى سەختدا تێدەپەرێت.. ودیاردەى کوشتن بەگشتى وژنکوژیش بەتایبەتى بۆتە سیما هەر دیارەکەى، ویەک لەهۆکارەکانى ئەم دۆخە ناهەموارەش دەکرێت بلێن خودى ئەقڵییەتى سیاسى باڵادەست خۆیەتى لەهەرێمى کوردستاندا.. بەوپێیەى هەر خودى ئەو ئەقڵییەتەیە تەحەکوم بەکۆى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێمەوە دەکات، بەتایبەتیش دامەزراوە یاساییەکان.. مخابن نەیتوانیوە جدیانە کار لەسەر هاتنەکایەوەى دامەزراوەیەکى یاسایى تۆکمە بکات کەژیانى تاکەکان بەگشتى وژنایش بەتایبەتى لەسایەیدا پارێزراوبێت.. دۆسییەى ژنکوژى لەهەرێمى کوردستان مێژوویەکى دوورو درێژى هەیە وساڵ بەدواى سالێش لەتەشەنەکردن دایە، هەموو ئەو ژنانەى دەکوژێن لەڕوانگە کۆمەڵایەتێکەوە یان بارى دەروونیان ناجێگیرە، یانیش بەبیانووى پاراستنى شەرفەوە قڕکراون ! کەچى هیچ کام لەو دۆسیانە بۆچرکەیەکیش دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمەیان نەهێنایە ئاگاو ڕاینەچەڵەکاندن بەڵکو، زیاتر ڕووەو قۆناغى مت بوونى کردنەوە واتا کردینى بەحکومەتێکى تەواو ئیفلیج لەئاست کێشەو نەهامەتییەکانى ژناندا.

سنوردارکردنى دیاردەى ژنکوژى، بە هاوخەمێک لەپشتى تۆرە کۆمەلایەتییەکانەوە بنبڕنابێت ونابێتە قەرەبوویەکى مەعنەوى بۆخوێنى بەفیرۆچووى سەدان ژنى ستەملێکراوى ئەم مەملەکەتە… بەڵکو، بەکوشتنى ئەقڵییەتى پیاوسالارى ونێرگەرایەتى لەبیرو زهنییەتى تاک، سیستەمى حوکمرانى، وتەنانەت ئەو لایەنانەش کەخۆیان بەداکۆکیکەر لەمافەکانى ژنان دەزانن بنبڕ دەبێت !

ژیان وکەرامەتى ژنەکان کاتێک پارێزراو دەبێت، سیستەمێکى سیاسى ودادوەرى بوێرى وا بەرقەرار بێت، کە بتوانێت نەفرەت لەئەقڵییەتى خێڵ بکات وتاک بکاتە سەنتەرو، ونەبێتە پەناگەی باڵا بۆ پاراستنى تاوانبارانى دۆسییەکانى ژنکوژى بەڵکو، یاسایەک بێت بۆ پاراستنى خودى شکۆى یاسا پێش هەر کەس ولایەنێکى تر… ئایا ئێمە لەکوردستاندا گەشتوینەتە ئەم قۆناغانە ؟؟.

Leave a comment