ماوەی حەوت ساڵە زیاتر لە ٢٧٠٠ کەسی ئێزیدی چارەنوسیان دیار نییە

204718607_944764052763354_8824470224822803207_n

ماوەی حەوت ساڵە زیاتر لە ٢٧٠٠ کەسی ئێزیدی چارەنوسیان دیار نییە

خەریکە حەوت ساڵی تەواو تێپەڕبێت بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ لە سنووری قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر ڕوویدا، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی هەرە زۆری ئێزیدییەکان کە لەو کاتەدا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوون دیار نییە، لەو ڕێژەیەش لە نیوەی زیاتریان لە ڕەگەزی مێینەیە، بۆیە کەسوکاریان داوای ئەوە دەکەن کە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەنووسی ئەوان دیار بکات و بە جدی لەسەر ئەو کەیسە بکەن.

سوزان سەفیل؛ کچە ڕزگاربوویەکی دەستی داعشە بە (چاوی خەڵک)ی وت” تا ئێستا٥کەس لە ئەندامانی خێزانەکەمان لە کۆمەڵکوژی ٣/٨ /٢٠١٤ لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێندرابوون، بێ سەروشوێنن. حکومەت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش لە کەیسی ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی ئێزیدی زۆر کەمتەر خەمن و دەبووایە باشتر ڕۆلیان هەبووایە لەم کەیسە مرۆڤایەتیە دا.”

لەکاتی هێرشەکەی سنووری شنگال جگە لە ڕفاندنی بە هەزاران کەسی سڤیل و بێ تاوان، داعش بە سەدان خەڵکی ئێزیدی فیشەک باران کرد و تائێستا لە گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری جیا جیا لە شنگالدا ماونەتەوە، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا ٨٠گۆڕی تاک و بە کۆمەڵ لە سنووری قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر دۆزراوەنەتەوە.”

لە ئێستادا هیچ شتێک دەربارەی کەسوکاری خۆمان کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون نازانین و ماوەی چەند ساڵێکە لەوان بێ ئاگان بەڵام باسێک هەیە کە تەرمی دوو لە کەسوکارمان لە یەکێک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا بن لە گوندی قنێ لە سنووری قەزای شنگال“، سۆزان وای وت.

 

 

پاش ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ئێزیدییەکان بینویانە، ژمارەیەک کەس بە پەیوەندییەکانی خۆیان کاریان تەنها ڕزگارکردنی کچە ئێزدییە ڕفێنراوەکانی دەستی داعش بوو  و زۆر لە ڕفێندراوەکانی ئێزیدی بە ڕێگای ئەوان ڕزگارکراون.

عەبدوڵڵا شرێم لەوبارەیەوە دەڵێت” ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و بە تایبەتی پاش نەمانی داعش لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، ڕزگارکردنی ڕفێندراوە ئێزیدییەکان زۆر زەحمەتتر بووە، چونکە پێشتر لە شوێنێک و سنوورێکی دیاریکراو بوون، بەڵام ئێستا وا نییە و کاری ئێمە زۆر سەخت بووە.”

ئاماژە ی بەوەشکرد” ئەو کارە زۆر بە سستی دیارە و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لەمساڵدا ڕزگارکراون کە بەڕاستی ژمارەیەکی زۆر نا مەعقولە و ئەمەش دەبێتە هۆی دیار نەمان یاخود درەنگ دیاریکردنی چارەنووسی رفێندراوەکان.”

لە دوای ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەری ئێزیدییەکانی شنگال هاتووە، نووسینگەیەکی تایبەت بە کارکردن لەسەر ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆک سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە،  تا ئێستاش توانیویەتی بە شێوەیەکی باش کار لەسەر ئەم کەیسانە بکات.

خێری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان دوا ئاماری ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان کرا ئاشکرایکرد و وتی” تا ئێستا ژمارەی ڕزگاربووانی ئێزیدییەکانی ژێر دەستی داعش گەیشتۆتە   ٣هەزار ‌و ٥٤٥ كەس، ئەوانەشی تا ئێستا بێسەر و شوێنن ژمارەیان دەگاتە دووهەزار‌و ٧٦٨ كەس.”

بەپێی وتەکانی خێری بۆزانی، دەبوایە هەر چی زوو بێت کار لەسەر کەیسی ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی ئێزیدی ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆرستانی داعشدان لەلایەن حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێت، بەڵام بەڕاستی ئەوان زۆر کەمتر خەمن.

 

 

گواستنەوەی خێزانەکانی داعش بۆ عێراق و بە تایبەتی کەمپی (جەدعە ) لە پارێزگای نەینەوا بۆتە جێگەی نیگەرانی لەلایەن ئێزیدییەکان، چونکە بەپێی هەندێک سەرچاوە ژمارەیەک لە کچ و ژن و منداڵە ئێزیدییەکانی ڕفێندراو لەنێو خێزانەکانی داعش دان، بەڵام حکومەت خۆی لەسەر ئەم بابەتە بێ دەنگی کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێش دوو ڕۆژ نزیکەی 100 خێزانی تیرۆرستانی داعش لە کەمپی هۆلێ لە وڵاتی سوریا بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا گوازرانەوە و بڕیاریش وایە کە لەماوەی داهاتوودا نزیکەی 300 خێزانی تری داعش لە کەمپی هۆلێ بگوازرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە.

ئێزیدییەکان چاوەڕێی بیستنی هەواڵێکی دڵخۆشکەرن کە تایبەت بێت بەدیاریکردنی چارەنووسی کەس و کاریان، بەڵام ئەوان بێ ئۆمێد بوون، چونکە بەپێی ئەوان لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاری  جددی نیین لەم کەیسە دا.

 

 

 

چاوی خەڵک/تایبەت

 

Leave a comment