مه‌رحه‌با ژنكوژان

126956977_4845705662167478_4353707829148446930_n

-گەیلان نەژاد

یه‌كێك له‌و نوقسانیه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌به‌د هیچ شتێك بۆت پڕناكاته‌وه‌، نه‌بوونی خوشكه‌، یان نه‌بوونی كچه‌ له‌ خێزانێكدا. هه‌ر پیاوێك خوشكی نه‌بوو، كه‌سێتییه‌كی ئیفلیج و ترسنۆك و دردۆنگی ده‌بێت. قورسترین نه‌خۆشی و ده‌ردی من تا ئه‌م ساته‌ بێخوشكییه‌، نه‌بوونی كچێك له‌ خێزانه‌كه‌مان ماڵه‌كه‌مانی كردبووه‌ شوێنێكی بێچێژ و بێڕۆح، به‌ڵام سوپاس بۆ هه‌موو هاوڕێ كچه‌كانم كه‌ به‌ فریام كه‌وتن به‌ درێژایی ٢٥ ساڵی ڕابوردوو. گه‌ر ئه‌م هاوڕێ كچانه‌م نه‌بوونایه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ردانی دایك و باوكمیان ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ ماڵه‌وه‌، ده‌كرا نێرێكی دڕنده‌ و ده‌روننه‌خۆشم لێده‌رچوایه‌.

ئه‌م ڕاستییه‌ له‌ ناو كلتوره‌ (شه‌ره‌فبارێزه‌كان) وونه‌ و كه‌س نایه‌وێت بیبینێت، كاتێك نێر ده‌یه‌وێت به‌ نێری بمێنێته‌وه‌ و به‌ پرۆسه‌ی پیاوه‌‌تیبوندا نه‌ڕوات، باكی به‌ كچ و خوشك نییه‌، بگره‌ به‌ شه‌رمیشی ده‌زانێت خانمێك خوشكێتی. ئه‌م كۆمه‌ڵگا ده‌روننه‌خۆشانه‌ بڕیاریانداوه‌ تا كۆتایی به‌م جۆره‌ بیگوزه‌رێنن، به‌ڵام بێئاگا له‌وه‌ی ده‌مێكه‌ شه‌ره‌ف و ئه‌خلاقی خۆیان دۆڕاندووه و لە دونیادا بە ژنکوش ناوبانگیان دەرکردووە‌. سه‌یره‌ مرۆڤێك پێی ئاسایی بێت وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ دز و مافیاكان بڵاوبكاته‌وه‌ و هه‌ستنه‌كات به‌وه‌ شه‌ره‌فی شكاوه‌، به‌ڵام پێی قورس بێت خوشكه‌كه‌ی له‌ پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستیدا ببینێت له‌گه‌ڵ كورێك. سه‌یرنیه‌ نێره‌كانی نیشتمان خاكه‌كه‌ی ژێریان هه‌ر ڕۆژه‌ی وڵاتێكی درواسێ بۆی كورت ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی پێی ناشكێت و به‌ شه‌ره‌فشكاندنی نازانێت، به‌ڵام گه‌ر خوشكه‌كه‌ی جلەكه‌ی بڕێك كورت بێت، به‌ بێئه‌خلاقی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات؟

من حه‌زم به‌خۆ ڕۆمانسیكردن و قسه‌ی زل نیه‌‌، به‌ڵام زۆر به‌ كورتی؛ هه‌ر كه‌سێك توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌ستدرێژی سێكسی بكاته‌ سه‌ر خانمێك، به‌ دڵنیایی شه‌ره‌فی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌ و له‌ناخیدا بڕوای ته‌واوی به‌ ژنكوشتن هه‌یه‌. نێرێك بتوانێت له‌سه‌ر مێز له‌گه‌ڵ نێره‌كانی تر باسی كچان و خانمانی تر بكات و تانه‌ی ئه‌خلاقیان لێبدات یاخود قسه‌یان دووابخات، پێویستناكات شكی له‌ له‌ده‌ستانی ته‌واوی ئه‌خلاقی خۆی هه‌بێت و به‌ دڵنیایی ژنكوشتنیشی زۆر پێ ئاساییه . تۆ دۆڕاویت و كه‌سێتییه‌كی لاواز و ترسنۆكت هه‌یه‌ گه‌ر بڕوات به‌ خۆشه‌ویستی نه‌بێت، خۆت كۆیله‌ و خه‌سێنراوی گه‌ر ترست له‌ ئازادی هه‌بوو. کەسێتییەکی خواروخێچ و ناتەواوت ھەیە گەر نەتوانی بێ ھیچ مەبەستێک ھاوڕێی کچت ھەبێت. کە پیاوێکت بینی لەگەڵ خانمێکی ھاوڕێی و تۆ بە ناشرینی بیرتلێکردنەوە، بەپەلە خۆت بگەیەنە لای دکتۆری دەرونی و داوای چارەسەر بکە.

هه‌ر نێرێك ته‌نها یه‌ك تۆز، زۆر نا، ته‌نها تۆزقاڵه‌ زه‌ڕه‌یه‌ك شه‌ره‌ف و ناموسی خۆی پێ گرنگ بێت، هه‌رگیز هیچ جۆره‌ توندوتیژیه‌كی به‌رامبه‌ر به‌ هیچ مێینه‌یه‌ك پێ قبوڵ نییه‌، نه‌ توندوتیژی ده‌رونی و نه‌ جه‌سته‌یی، جا چ جای ده‌ستت بچێته‌ خوشكه‌كه‌ت و ملی بكه‌یت به‌ په‌تا؟

ئه‌و وێنه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌ستی یه‌كێك له‌ خوێندكاره‌كانی پێشومە، ١٥ ڕۆژ پێش ئێستا له‌ سلێمانی هه‌وڵی خۆكوشتنیدا، خۆشبه‌ختانه‌ تیماركرا و سه‌لامه‌ته‌. یه‌كێك له‌ خزمه‌كانی كه‌ ٢٥ ساڵه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژی ته‌له‌فۆنی كردووه‌ و وتویه‌تی كچه‌كه‌تان شه‌ره‌فی خێزانه‌كه‌ی بردوین و له‌ ئینستاگرام وێنه‌ی خۆی بڵاوكردۆته‌وه‌! ماڵه‌وه‌شیان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ لێدان و به‌ شكاندنی مۆبایل و لاپتۆپه‌كه‌ی.

 

Leave a comment