ئەو گێچەڵە سێکسیانە چی بوو کە ڕوو بەڕووت بۆتەوە؟ ئایا تا ئێستا کاریگەری لەسەرت ماوە؟

35khim

گێچەڵی سێکسی بە چەند جۆرێک ڕۆژانە ڕوبەڕوی کچان و ژنان دەبێتەوە لە تەمەنە جیاوازەکاندا، کاریگەریەکانیشی لە ژیانی ڕۆژانەو خوێندن و کاردا بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت.

ڕۆزە مەحمود، دەڵێت” تەمەنم ١٣ ساڵ بوو کاتێک لەلایەن خاوەنی مارکێتەکەی کۆڵانی خۆمان گێچەڵی سێکسیم پێکرا، تا دوای چەند ساڵێکیش نەم زانی ئەم ڕەفترانە دەسترێژی سێکسییەو تەنانەت هیچ زانیارییەکم لەسەری نەبوو، ڕووم نەهات نە لای دایکم نە لای کەسە نزیکەکانم باسی بکەم، ئێستا تەمەنم ٣٤ بەڵام زۆرینەی کات بیرم دەکەوێتەوە.”

ڕۆزە کاتێک دەچێتە دوکانەکە بۆ کڕینی تەنیا چپسێک، تیشێرتێکی لەبەر بوو، یەک وێنەیەکی بچوکی فیلم کارتۆن لەسەر یەک لای سنگی تیشێرتەکە دەبێت، خاوەن دوکانەکە زۆر بەتوندی دەستی برد بۆ وێنەکە،پرسی ئەوە وێنەی چییە؟

ڕۆزە وتی” زۆر ئازاری دام بەو جوڵەیە، نەمزانی بە مەبەست ئەو کارەی کردووە چونکە بەداخەوە هیچ هۆشیارییەکم لەسەر ئەوبابەتە نەبوو، بەڵام زانیم ئەو ڕەفتارە کاریکی نەشیاو بوو، لەوکاتەوە زۆر هەستیارم بۆ جلەکانم کە هیچ هێمایەک یان نوسینێک بوونی نەبێت لەو شوێنەی لە جلی منداڵیمدا بوونی هەبوو، چونکە کە دەیبینم جلەکان بەو شێوەیەن بەردوام ئەو ڕەفتارەم بیر دەخاتەوە.”

هەروەها دەڵێت” تەنانەت بۆ منداڵەکەشم ئێستا لە کڕینی جلەکاندا هەستیارم کە هیچ هێمایەک لە شوێنی هەستیاردا نەبێت نەکو تووشی ئەو باردۆخەی من ببێتەوە.”

زۆر جار ئەم ڕوداوانە لەناو هۆکارەکانی گواستنەوەشدا ڕودەدات کە شوێنێکی گشتی قەڕەباڵغە، لە کاتێکدا کەسانێک بۆیە بەکاری دەهێنن چونکە گشتیەوە سەلامەتی زیاترە.

شنیار سەرکەوت، دەڵێت “١٣ پێش ئێستا خوێندکاری قۆناغی یەکی زانکۆ بووم، بە پاس دەچووم بۆ زانکۆ، پیاوێکی زۆر بەتەمەن لەبەردەمی منەوە دانیشت، من لە ڕیزی دواوەی پاسەکەدا بووم، لەپڕ هەستم کرد بارو دۆخی تێک چووە، وام زانی تووشی هەناسە تەنگی بووە یاخود نەخۆشە، چونکە تەنیا من و ئەو لەناو پاسەکەدا مابوینەوە.”

هەروەها وتی” هەستام تا پێی بڵێم چۆن هاوکاریت بکەم، بەڵام کە بینین پانتۆڵەکەی لابردوەو دەستی بە ئەندامی نێرینەوەیەتی، بەڕاساتی زۆر ترسام کەسێک بەوە تەمەنەوە بەرامبەر من دابنیشێت و کارێکی وا نەشیەوا لەو شوێنەدا بکات.”

د. لاڤە دارا، پسپۆڕی نەخۆشیە دەرونییەکان تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا “کاتێک دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر کەسێک کاریگەرییەکەی بە پێی کەسەکان دەگۆڕێت، هەندێک کەس هەیە ڕاستە تووسی ئەو کارەساتە دەبێت بەڵام کەسایەتیەكی بەهێزی هەیە دەتوانێت بە تێپەڕ بوونی کات ئەم بابەتە تێپەڕێنێت.

هەروەها وتی” هەندێک کەسی تر هەیە کە خێزانەکی خۆی یا خود خۆی لە کۆندا پێشینەی نەخۆشی دەرونی هەبووە، ئەم کەسانە ئەگەری ئەوەیان هەیە لەداهاتودا توشی خەمۆکی یان توشی تەنگەژەی فشاری پاش زەبر یاخود لەوانەیە تووشی تەنگەژەی کەسێتی ببن یان متمانەی بەخەڵک نەمێنێت،هەندێکیان توشی حاڵەتێک دەبن کە ڕقیان لە پیاو دەبێتەوەتەوە نەتوانێت ئیتر هاسەرگیری بکات یاخود دوای هاوسەرگیری ناهێڵین پپیاوەکە بیگوازێتەوە.

بەپێی وتەکانی د.لاڤە دارا ئەمانە هەموی ئەگەری هەیە ڕوبدات لەدوای ئەو ڕوداوە، هەندێک کەس هەیە زۆر کاریگەری لێدەکات،  لەهەمان کاتدا ئەگەر ژینگەی دەوروبەرو خێزانەکەشی پشتگیری نەکات ئەوا ئەگەری هەیە ئەو کەسە تووشی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بێت بۆ ئەوەی ئەو شتە ناخۆشانەی بیر بچێتەوە، بەخەیاڵی خۆی وادەزانێت ئەمە کارێکی باشە.

گرنگە ئەم بابەتە باس بکرێت لە خوێندنگەکان و هەروەها هۆشیاری بەخێزانەکانیش بدرێت، چونکە کیشەکە لەوەدایە هەندێکجار کە منداڵ توشی ڕوداوێکی وا دەبێت باسی دەکات خێزانەکەی باوەڕی پێناکات و دەڵێت شتی وانییە.”

تەرزە کەمال دەڵێت “دەستدرێژی بەهەرجۆرێک بێت بەلای منەوە کاریگەری لەسەر کەسەکان دەمێنێتەوە، زۆرجار ئەوەندە وشەی نەشیاو بەکاردەهێنن بەرامبەرت، بەڕاستی لەو کاتەدا ڕقم لە خۆم دەبێتەوە کە من بەو جۆرە وەسف دەکەن.”

هەروەها وتی” لە ساڵانی پێشوو ، بەتەواوی لە چون بۆ ناوبازاڕ بێزار ببوم، ئەوەندە دیاردەیەکی ناشرین هەبوو کە لەبەرچاوی هەموو خەڵکی لەناو ئەو شوێنە قەرەباڵغە دەستیان بۆ دەربردیت، ناشترین و ناخۆشترین هەستی ژیانم بوو کە ڕوبەڕووی دەبەمەوە، زۆر جار شتی گرنگم پێویست بوو دایکمم دەنار بۆم بکرێت تەنیا بۆ ئەوەی تووشی ئەو حاڵەتە نەبم، خۆشبەختانە ئێستا ئەو داردە ناشرینە نەماوە.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment