سەردانکردنی پزیشکی دەرونی، شەرمی ناوێت!

20190513123821

نەخۆشی دەرونی وەکو نەخۆشییە جەستەییەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاری بایۆلۆجی دروست دەکات، کاتێک گوێزەرەوە دەمارییەکان لە مێشکدا هەندێک ماددە کەم یان زیاد دەربکات گۆڕانکاری ڕوودەدات، ئەوگۆڕانکاریانەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک نیشانەی نەخۆشی خەمۆکی، وەسواسی، دڵە ڕاوکێ یان تەنگەژەی پاش زەبری دەرونی لەکەسەکەدا دەربکەوێت.

چۆن تاک هان بدەین لەکاتی هەستکردن بە نەخۆشی دەرونی، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات

فرمێسک جاف/ چارەسەرکاری دەروونی “ئەو حاڵەتە لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا هەیە، زۆربەی خەڵکیش بەهۆی ئەو بە عەیبە زانینەوە ناچێت بۆ چارەسەر، چونکە وا هەست دەکات ناتەواوە، کەسێک کە گرفتی هەیە وا دەزانن ئەو کەسە خۆی بێدەساڵاتە و نەیتوانیوە گرفتەکەی خۆی چارەسەر بکات، بۆیە سەردانی دکتۆری دەرونی کردووە.”

بەپێی وتەکانی فرمێسک جاف هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە ئاسایی بکرێتەوە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە، ئەگەر زانیارییان هەبێت لەبارەی نەخۆشی دەرونییەکان، کاتێک ئەو گۆڕانکارییە بایەلۆجی و دەرونیانە دروست دەبێت لە کەسێکداو تووشی نەخۆشی دەرونی دەبێت، ڕاستەوخۆ بەرامبەر لێی تێدەگات و وەکو نەخۆشییەکانیتر مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام هەتاوەکو ئەوەی لێکدانەوەکامان ئەوەبێت بڵێین ئەو کەسە بێتوانایەو خۆی لاوازە یاخود هەندێکجار لێکدانەوەی سەرو سروشت و ئاینی بۆ دەکرێت کە دەڵێن جن چۆتە گیانییەوە یاخود دوعاو سحری لێکراوە، ئەوە هێیشتا لای شەرم دەبێت سەردانی پزیشک بکات.

کانی ئومێد ناوی خوازراوی ژنێکە، تەمەنی ٣٩ ساڵە و دانیشتوی سلێمانییە، لەکاتی خوێندندا ئەو خوێندکارێکی زیرەک بوو، بەڵام لە قۆناغی شەشی ئامادەیی دەیویست کۆلێژێکی پزیشکی وەریبگرێت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کانی تووشی خەمۆکی ببێت.

کانی دەڵێت” کاتێک لە شەشی ئامادەیی بووم زۆر سەعیم کردو خۆم هیلاک کرد، دڵنیا بووم لەوەی نمرەیەکی زۆرباش بەدەست دەهێنم کە هیچ کێشەم بۆ دروست نەبێت لەوەی لە کۆلێژی پزیشکی وەربگیرێم، کاتێک نمرە هات زۆر کەمتر بوو لەوەی چاوەڕێم دەکرد، نەک لە کۆلێژی پزیشکی لە کۆلێژەکانی ئەندازیاریش وەرنەگیرام، بەوە زۆر ڕوخام، وتم لای هەموو کەس حەیام چوو، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر خۆم لە هەموو خزم و هاوڕێکانم دورخستەوە تا لەو ئابڕوچونە خۆم بدزمەوە.”

کانی وای لێهات کاتی خۆشی و ناخۆشی بۆ جیانەدەکرایەوە، بەردەوام لەماڵەوە دەبوو، کێشەی لەگەڵ خێزانەکەی دروست دەکرد و بەهەموو شتێک توڕە دەبوو، ئارامی لەماڵەکەیاندا بەهۆی کانییەوە نەمابوو.

“کاتێک لەزانکۆش وەرگیرام بارودۆخم تێک چووبوو، چەند جارێک بەجلی کاتی خوێندکاریم لە ئامادەیی چووم، دایکم لای سەیربوو، بەڵام نەیدەویست باوەڕ بەوە بکات کەمن دۆخم تێکچووە و پێویستە سەردانی پزیشکی دەرونی بکەم، چونکە دایکیشم لای عەیبەبوو بڵێن کچەکەی بردووە بۆ پزیشکی دەروونی.”

بەهۆی هاوڕێیەکی نزیکی دایکی کانی کە چەند جارێک دەبینێت کانی وەک جاران نەماوە بە دایکی دەڵێت پێویستە پزیشک بیبینێت، بەڵام دایکی کانی تەنها بەو مەرجە ڕازی دەبێت کە هیچ کەسێک ئەو باسە نەزانێت، لە کاتێکدا پزیشکی دەرونیش هەروەک پزیشکی نەخۆشییەکانیتر سەردانکردنی ئاساییەو عەیبەی تێدانییە.

کانی بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئێستا بۆمن زۆر ئاساییە ئەگەر هەست بکەم پێویستە پزیشکی دەرونی بمبینێت، بێگومان بێ شاردنەوە دەچم، چونکە پێش چەندین ساڵ کە سەردانم کرد ئەوکاتە زانیم چەند سوودم لێوەرگرتووە و چۆن ئاسایی بومەوە، بەوهۆیە توانینم خوێندنی زانکۆش بەسەرکەوتووی تەواو بکەم و بگەڕێمەوە ناو کۆمەڵگە، بەڵام لەبەر ئەو بەڵێنەی بە دایکمم داوە تائێستا لای کەس باسمان نەکردووە، چونکە تا ئەوکاتەی سەردانی پزیشکیشمان دەکرد دایکم هەر دەیوت بەشکم کەس نەمان بینێت و حەیامان بچێت.”

نەخۆشی دەرونی وەک نەخۆشییەکانیتر تووشی هەموو تەمەنەکانی مرۆڤ دەبێت، بەڵام زیاتر لەناو سەرەتای گەنجێتیدا بڵاوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان لە تەمەنە جیاوازەکان هۆشیارکردنەوەیان پێبدرێت، تەنانەت دایکان و باوکانیش بۆ ئەوەی لەکاتی هەستکردن بەوەی منداڵەکانیان نیشانەیان تێدا دەرکەوتووە بزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

فرمێسک جاف بە (چاوی خەڵک) ی وت”بۆ ئەوەی هاولاتیان هۆشیاربکرێنەوە  ئێستا ئەوەی زیاتر دەچێتە ناو خەڵکەوە سۆشیاڵ میدیاو بەرنامەکانی ڕاگەیاندنە، بەڵام لەهەمانکاتدا هەندێک کەس دەستوەردەداتە  بابەتی دەرونی و لێکدانەوەی تری بۆ دەکات، بەتایبەت نەخۆشی دەرونیان تێکەڵ کردووە لەگەڵ گەشەپێدانی مرۆییدا یان بیروباوەرێ دینیدا، بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت لەکەسی زانستییەوە زانایرییەکان وەربگرن، لەهەمانکاتدا خوێندنگەکان  گرنگرن کە وەکو بابەتێک هەبێت، ئیتر توێژەری کۆمەڵایەتیی یان دەرونی بێت.

شلێرمحەمەد، دایکی ماوەی سێ ساڵە تووشی نەخۆشی لەبیرچونەوە بووە، ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بووە دایکیان بەرن بۆلای پزیشکی دەرونی.

شلێر لەوبارەیەوە دەڵێت” دایکم تەمەنی ٧٠ ساڵە، ماوەیەک هەستمان دەکرد لەخۆیەوە قسە دەکات یان لەبیری دەکات شتەکانی خۆی لەکوێ دادەنێت، خێرا بردمان بۆلای پزیشکی دەروونی و لە کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، پزیشەکەکان پێیان ڕاگەیاندین کە تووشی نەخۆشی (زەهایمەر) بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆر زوو پزیشک بینیویەتی توانرا نەخۆشییەکەی بەخێرایی گەشە نەکات و پڕۆسەکەی هێواش بکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی پێدانی چارەسەر وهەروەها چەندین ڕێنمایی کردننی کە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین تا هاکاری خێرابوونی نەخۆشییەکەی نەبین.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment