دەتوانیت بەخشندە بیت، بەڵام ئەوە پارەی کار و ماندوبوونی خۆتە

635993292303068722-couple-money

ژنان وەک بەشێک لە کۆمەڵگە هاوشانی پیاوان کاردەکەن، کاری تایبەت بەخۆیان بێت یان وەک دامەزراوێکی حکومی توانیویانە ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان. بەشێک لەژنان و کچان ئەو داهاتەی لەڕێگەی کارەکەیانەوە دەستیان دەکەوێت لەلایەن خێزانەکانیانەوە بە زۆر لێیان دەسەنرێت و بێ ئەوەی ڕەزامەندی خۆیانی لەسەر بێت.

شنۆ محمد ناوی خوازراوی ژنێکی فەرمانبەرە، لەوکاتەی هاوسەرگیری کردووە موچەکەی نەبینوە و ناشزاێت لە ئێستادا چەند وەردەگرێت.

شنۆ چیرۆکی خۆی بۆ (چاوی خەڵک) باس دەکات و دەڵێت” هاوسەرەكەم بەڕێوەبەری بەشەكەی خۆمە لەو بەرێوەبەرایەتیەی تێیدا فەرمانبەرم، سەرەتا كە هاتە داوام من دەوامم لەوێ نەبوو، دواتر بە نەقل منی گواستەوە سەر بەشەكەی خۆی، كاتێ تازە بەنیازی پێكهینانی پرۆسەی هاوسەرگیری بووین هیچ گومانێكم بۆ ئەوە نەدەكرد كە ئەو كەسێكی خاوەنكار یان بڵێم كەسێكی دەوێت لە كەرتی حكومی دامەزرابێ تا بەوهۆیەوە مووچەكەی ئەویشی دەست بكەوێت، بەڵام دوای ئەوەی هاوسەرگیریمان كرد و منی گواستەوە بۆ بەشەكەی خۆی، ئیدی لەوکاتە بەدواوە هیچ مانگێك مووچەی مانگانە نەكەوتۆتە دەستی خۆم، بەڵکو خۆی وەریگرتوە.”

بەهیچ شێوەیەك پارەی ماندووبوونی ڕۆژانەی دەوامەكەم وەرناگرم و هەمووی خۆی هەڵیدەگرێت

” ڕاستە ئەو پێداوستی ماڵ و ژیان و هەموو شتێكی بۆ دابینكردووم و لە هیچم كەم نیە، بەڵام وەك ئەوە وایە هەموویم بە پارەی خۆم كڕبێ، چونكە دەزانم تا دەمرم بۆم نیە بۆ یەك جاریش داوای مووچەی مانگانەكەم بكەم، هاوسەرەکەم پێی وانیە مووچەی ژن مافی ژنەكە خۆی بێ، بەهیچ شێوەیەك پارەی ماندووبوونی ڕۆژانەی دەوامەكەم وەرناگرم و هەمووی خۆی هەڵیدەگرێت.”شنۆ وای وت.

موچەکەی منیش وەک موچەی خوشکەکانیترم مامەڵەی پێوە دەکرا، ئەویش دەبێت بدرێتە گەورەی ماڵ و بۆ خێزانەکەمان سەرف بکرێت، ئەمە لەکاتێکدا باوکیشم کاردەکات

سازان علی کچێكە پیشەی مامۆستایە، لەوکاتەوەی دامەزراوە موچەکەی بۆ ماڵەوەیە، ئەگەر پێویستی بە شتێک هەبێت دەبێت داوا لەماڵەوە بکات ئەویش بەزۆر ئەگەر پێی بدەن.

سازان لەوبارەیەوە وتی” کە بوم بە مامۆستا و دامەزرام  وتم ئیتر دەبمە خاوەن داهاتی خۆم و دەتوانم هەم پاشەکەوت بکەم هەم پێویستی خۆشم دابین بکەم، بەڵام بەداخەوە موچەکەی منیش وەک موچەی خوشکەکانیترم مامەڵەی پێوە کرا، ئەویش دەبێت بدرێتە گەورەی ماڵ و بۆ خێزانەکەمان سەرف بکرێت، ئەمە لەکاتێکدا باوکیشم کاردەکات.”

(هەندێک کات سازان لە قسەکردن دەوەستا و بە هێواشی بۆ ئەوەی کەس گوێی لێمان نەبێت) دەیوت ئەمە کەی ژیانە، نەتوانی بەدڵی خۆت بەرهەمی ماندوبونەکانیشت بخۆیت.

ئەو مامۆستایە ئەوەشی خستەڕوو”بەنهێنی هەوڵی دەستخستنی کارێکی ترمدا بێ ئەوەی ماڵەوە بزانن، باشترین کاریش کاری ئۆنلاین بوو، بە نهێنی کارێکم دۆزییەوە، مانگانە بڕی سەد هەزاری پێ پەیدا دەکەم و بەشی هەندێک پێداویستیم دەکات، ئەگەر ماڵەوە بەم کارەش بزانن ئەوەشم لێدەسەنن،

کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا وایکردووە کە بەشێک لە ژنان ببنە خاوەن داهاتی خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و بەڕێوەبردنی ماڵ.

هێرۆساڵح، توێژەری کۆمەڵایەتی بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئێستا زۆر جار گوێ بیستی ئەو شیوازە گرفتانە دەبین کە پیاو داهات لە ژنەکەی وەردەگرێت و دەبێتە کێشە لەنێوانیان، ئەمەش گرفتی تری خێزانی بەدوای خۆیدادێنێت، هەر کارێک لە خێزاندا ئەگەر ڕەزامەندی هەردولای  لەسەر نەبێت دەبێت بەگرفت، نەمانی متمانەو دەمەقاڵێ و گفتوگۆی نەخوازراویش لەسەر ئەو شێوازە مامەڵەیە دروست دەبێت کەهەریەک باسی حەق و پارەو موڵکی خۆی بکات، کەئەمەش کەمتر هەست بە پتەوی خێزانی تێدا دەکرێت و  منداڵ هەست بەئاسودەی ناکات.”

بەپێی وتەی توێژەرە کۆمەڵایەتیەکە کاتێک بە شێوازی توند ئەوداهاتە لە ژن وەردەگیرێت و بۆی نەبێت خۆی مامەڵەی پێوە بکات و کاتێکیش مادە دەبێتە پێوەر بۆ خۆشەویستی،کاردانەوە نەرێنیەکانیش لەشێوازی پەروەردەکردنی منداڵدا دەبینین و ئەوانیش بەهەمان ڕیتم دووبارەی دەکەنەوە، سەرەنجام کۆمەڵێک خێزانی مامەڵە توند و بەرژەوەندیدار دروست دەبێت.

بە پێی ڕاپرسییەک کە وێبسایتی (چاوی خەڵک)بە شێوازی ئۆنلاین لە نێوان (٢٣٠)کەسدا ئەنجامیداوە، (١٣٤) کەسیان لەڕەگەزی مێ و(٩٤)یان لە ڕەگەزی نێر بوون، تەمەنی بەشداربوان لە سەروی (٢٥) ساڵەوە بوون. لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە پێت باشە ژنان خاوەنی داهات و موچەی خۆیان بن، لە ٩٣.٩% بە بەڵی وەڵامیان داوەتەوە، لە ٦.١% وەڵامیان نەخێر بووە.

لە ٨.٩٤% لەبەشداربوانی ڕاپرسییەکە پێیان باشە کە ژنان لە داهاتەکەی خۆیان هاوکاری ماڵەوە بکەن، ٢.٥% بەنەخێر وەڵامیان داوەتەوە.

لە ئێستادا بەشێک لەو پیاوانەی هاوسەرگیری دەکەن پێیان باشە کە هاوسەرەکەیان موچە خۆر بێت بۆ ڕوونکرنەوەی ئەوەش چەند پرسیارێک لە راپرسییەکەدا هەیە:

ئایا مەرجی پیاوان بۆ ژنانی موچە خۆر لەبەر موچەکەیەتی؟

لە ٦٧.٢%  پییان وایە هەندێک جار.

لە ٢٣.٦% بە  نەخێروەڵامیان دایەوە.

لە٩.٢ % وەڵامیان بەڵێ بووە.

ئایا خێزان وهاوسەر بەزۆرداهاتیان لە ژنان سەندووە بە پێی چواردەورت؟

لە ١٤.٨% بە بەڵێ بوو،  لە ٨.٣٧% نەخێر، لە ٤.٤٧% بەهەندێک جار وەڵامیان داوەتەوە.

دەمانەوێت بزانین کە داهاتی ژن و لێسەندنی بەزۆر لە ناو خێزان کێشەی دروست کردووە؟

لە ئەنجامدا لە٤٠.١% دەڵێن بەڵێ کێشەی دروست کردووە، و لە ١. ١١% بەنەخێر، لە ٨.٤٨% یش پێیان وایەهەندێک جار کێشەی دروست کردووە.

ئاینە ئاسمانییەکان بە ڕێژەی جیاواز کۆ دەنگن لەسەر پلەو پایەی ئافرەت لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، هەروەها نزیکن لەسەر هێڵە گشتییەکانی خاوەندارێتی تایبەتی سەروەت و سامانی ژن، بەڵام لە وردەکارییەکاندا جیاوازن.

دکتۆر مەهدی قادر مامۆستای زانکۆو شارەزا لە ئاینە ئاسمانییەکان لەبارەی چۆنییەتی خەرجکردنی داهاتی ژن لە ئاینەکاندا بە (چاوی خەڵک)ی وت”ئیسلام زیاتر نزیکترە لە دادپەروەری وپاراستنی کەسایەتی سەربەخۆی ژن، لە ئاینی ئیسلامدا نەفەقەو خەرجی لەسەرپیاوە، ژن ئەگەردەوڵەمەندیش بێت لەسەری پێویست نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆخۆی یان منداڵەکانی خەرج بکات، پیاو بۆی نییە بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ ماڵی هاوسەرەکەی ببات، ئەگەر هەر بڕە پارەیەکی هاوسەرەکەی خەرج کرد بە بێ ڕەزامەندی ومۆڵەت وەک ئەوە وایە دزی کردبێت یان ماڵی کەسێکی داگیر کردبێت، پێویستە پیاو ئەو بڕە پارەیە بردوویەتی بیگێڕێتەوە یان وەکو قەرز لە ئەستۆی خۆی تۆماری بکات یان وەسیەت بکات لە موڵک و سامانی لەدوای مردنی قەرزەکەی بدرێتەوە.”

ئەو مامۆستای زانکۆیە ئەوەشی وت” ئەگەر ژن بەڕەزامەندی خۆی  خەرجی خۆی یان منداڵەکانی یان یارمەتی هاوسەرەکەی دا ئەوە ئازادە لەدەسەڵاتی داراییدا وئەو کارەی وەکوهاوکاری بۆی هەژمار دەکرێت دەبێتە هۆی بەهێز بونی خێزان و دروست بونی خۆشەویستی.”

هەر لەو بارەیەوە پارێزەر ئەشواق نەجیب عەبدوڵا دەڵێت”لە ٥٠% کارکردنی ژن لەدەرەوە زیادی کردووە و ماڵەوە ڕێگەیان پێدەدەن، ئنجا باوک بێت یان هاوسەر لەبەرامبەر ئەوەی پارەکە هەمووی بدرێت بەماڵەوە، ئەوکاتە دەتوانن کار بکەن، ئەمە بە پێی یاسا ئیستخلال کردنە،

ئەشواق دەشڵێت: ئەگەر پیاوان زۆر خراپ بن لەگەڵ ژنەکانیان یان  مەسرەفیان نەکێشن ئەوکاتە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن بەهۆی  ئەوەی کە خراپن لەگەڵیانداو پارەیان نادەنێ و ئەو پارەشیان دەست دەکەوێت لێیان دەسەنن، ئەرکی ماڵەوەشییان  وەک  ژنێکی ئاسایی کە کاری دەرەوە نەکات داوای لێدەکرێت ،ئەمە لە کاتێکدا ژنێک کاری دەرەوەی کرد ماندوترە ناتوانێت بەتەواوی ئەرکی ژن و مێردایاتی بەجێ بهینێت پیاوەکە هاوکار نییە لەو کاتەدا لەم جۆرە سکاڵامان هەیە بەڵام کچان سکاڵا لە باوکیان ناکەن.”

 

Leave a comment