پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە، گۆڕستانی بێ کەسەکان سەوز دەکەن

gor

گۆڕستانی بێسەروشوێنەکان لە سلێمانی بە ناشتنی ٣٠ نەمام لەلایەن پرۆژەی “ژن ژیانە مەیکوژە” سەوز دەکرێت، ئەم گۆڕستانە مەزاری چەندین نهێنی ژن و پیاوی کوژراون. كە دور لە چاوی كەسوكاریان تەرمەكانیان بەخاكسپێردراون.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە ، ٣٠ نەمامیان لە گۆرستانی بێ کەسەکان بە مەبەستی سەوز کردن و چاندنی هیوا لە گۆڕە بێنازەکان ناشت.

پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە لە ٢٠١٨ دامەزراوە، لەماوەی ئەم دووساڵەدا توانیویانە داڵدەی زۆرتین ژن بەدەن و زۆرتین کەیس لە ئەستۆ بگرن کە دیارترنیان کەیسی سێوان قادر بووە کە بەسەرکەوتووی کۆتایی هات و تاوان بار بە سزای خۆی گەیشت.

 

 

کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە، تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا “وەکو پڕۆژەی ژن ژیانە ئەمڕۆ لە گۆڕستانێک کۆبوینەتەوە ، لەگەڵ چەند ڕێکخراو و کەسایەتی و خەڵکی خەمخۆری ژنان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوینەتەوە  ئەم گۆڕستانە سەوز بکەین و بە چاندنی نەمام هیوا بچێنین.”

هەروەها دەڵێت” ئەم گۆڕستانە پێی دەوترێت گۆڕستانی بێناونیشان، لە ڕاستیدا ئێرە گۆڕستانی ئەو ژنانەن  کوژراون و لەلایەن خێزانەکانیشیانەوە خاوەندارێتیان لێناکرێت لەکاتێکدا لە ژیانیاندا زوڵمیان لێکراوەو و کوژراون یاخود لە ژێر فشاردا خۆیان کوشتووە.”

کەژاڵ عەبدولقادر وتی” ئێمە پاریش ڕیپۆرتاژێکمان ئامادە کرد لەسەر ئەم گۆڕستانە کە شتێکی لەم شێوەیە لەناوشاری سلێماندا هەیە کە شاری ڕۆشنبیران و ئەدیبانە،بەڕاستی تووشی شۆک بوین، ئێستا دەمانەوێت سەوزی بکەین چونکە لە ژیاندا زوڵمیان لێکراوە و کە مردوشن جیاکراونەتەوە.”

ئامانج لەم پڕۆژەیە بەپێی وتەکانی کەژاڵ عەبدولقادر ئەویە کە دەیانەوێت پشانیبدەن لەناو شاری سلێمانی شتێکی لەم بابەتە هەیەوە سنورێکی بۆ دابنرێت، لە هەمان کاتدا دەیانەوێت پەیامێک بدەن بە دەسەڵاتداران کە زۆر بێباکن و هیچ یاساو ڕێسایەک نییە لەگەڵ تاوانباران.

لەکۆتاییدا کەژاڵ عەبدولقادر وتی” وەکو پڕۆژەی ژن ژیانە چالاکی ترمان هەیە کە لەچوارچێوەی سیمینار ونەمام چاندن و  پێشانگا و کاری هونەریدا خۆی دەبینێتەوە،هەروەها وەکو پڕۆژەکەش بەشدارین لە دوو کەمپەینی تر بەناوی بەسە ژن کوشتن لەگەڵ کەمپینی یەکڕیزی ژنان دژی توندو تیژی و داگیرکاری کە چالاکییەکانمان بەیەکەوە دەکەین.

گۆڕستانەكە دەکەوێتە بەشی خواروی گردی سەیوان لە خۆرهەڵاتی سلێمانی و باوەشی بۆ نزیکەی دوو هەزار گۆڕی ژن و پیاو کردۆتەوە.

لە روکەشدا گۆڕەكان جیاوازن و بە ئاسانی لەو گۆڕستانە جیادەكرێتەوە كە لە تەنیشتیەوەیە. ناوی سەر کێلەکان بە ڕەنگی سور نوسراون، بەشێكی شكاون و ناڕێکی گۆڕستانەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمان لە توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە بون، ڕەنگە لە بەدبەخترین؛ هەندێک لە نوسراوەکان تەنیا بە ژمارە نوسراون و هەندێکیان ئاماژە بە ڕەگەزەکەیان کراوە.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment