بایەخی (١٣٢٥)ی ئەنجومەی ئاسایش بۆ پاراستنی بەژنان

Green and Orange Woman Musicians Instagram Post Set (17)

دڵسۆز ڕەسووڵ

 

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان زۆرن بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ژنان بەتایبەتی، لەم  ڕوەیشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان جێدەستی دیارە، یەکێك لەوانەیش بڕیاری (١٣٢٥)ە.

ئەم بڕیارە لە ٣١ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٠ لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە تێکڕای دەنگی ئەندامەکانی دەرچوو، ئەم بڕیارە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانە بۆ بەدەمەوە هاتنی ئازارەکانی ژنان و کەمکردنەوەی ناسۆریەکانیان و زیادکردنی بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و ڕۆڵیان لە چالاکیە گرنگەکانی کۆمەڵگادا.

بایەخی ئەم بڕیارەی ئەنجومەی ئاسایش لە چەند ڕوویەکەوە دەردەکەوێ، گرنگترینیان ئەوەیە کە ئەوە یەکەمجارە دەزگایەکی گرنگ و کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتی وەك ئەنجومەنی ئاسایش هەست بە پەراوێزخرانی ژنان بکات. وە هەست بەوە بکات کە هێنانە پێشەوەی ژنان و پاراستنیان و ڕۆڵپێدانیان گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی جیهانی، ئەویش لەڕێگەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و بونیادنانەوەی کۆمەڵگەکانی دوای شەڕ و بەدەمەوەچوونی زیاتر بۆ ئەو ژنانەی لە میانەی ململانێ و جەنگەکاندا ڕوبەڕوی پێشێلکاری مافەکانیان و توندوتیژی دەبنەوە، لێرەوە ئەم بڕیارە پرسی ژنان دەبەستێتەوە بە ئاسایش وسەقامگیری جیهانیەوە و دەیکات بەبەشێك لەو بابەتە.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لەو ڕوەیشەوە زۆر گرنگە کە سیفەتی پابەندکاری هەیە بۆ هەموو دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەبێ ئارەزوی خۆیان پێویستە پێوەی پابەندبن و هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن لەسەر ئاستی ناوخۆییان، ئەمەیش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزبوونی پێگەی ژنان لە بڕیارە نێودەوڵەتیەکاندا.

ناوەرۆکی بڕیارەکە گشتگیر و هەمەلایەنەیە لەبواری بایەخدان بەڕۆڵی ژنان و بەشداری پێکردنیان و ڕۆڵپێدان و پاراستنیان، کە بەگشتی بڕیارەکە پرسی ژنان لەم لایەنانەوە لەخۆی دەگرێت:

– بەشداریکردنی ئافرەتان لە گشت ئاستەکانی دروستکردنی بڕیاردا، کە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی ودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵ و پێگەی ژنان و ژمارەیان زیادبکرێت و بونیان هەبێت، وە هەروەها لەدەزگاکانی پاراستن و پەرەپێدانی ئاشتیشدا ڕۆڵی بەهێز بە ژنان بدرێت. وەك دامەزراندن و ڕۆڵپێدانیان لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگا دادوەریەکان، هەروەها هەبوونی ڕێژەی پێویستی ژنان وڕۆڵیان لە نوێنەرایەتی وڵاتان ونوێنەرایەتیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری کێشە جیهانیەکان.

– پاراستنی ژنان وکچان لە هەموو توندوتیژیەکی سێکسی و توندوتیژی جێندەری، وە کار بکرێت بۆ ڕاهێنانی هێزە ئەمنیەکان وهێزەکانی پارێزەری ئاشتی لەجیهاندا بۆ شارەزابوون لەمافەکانی ژنان و پاراستنی مافەکانیان وپارێزگاریکردن لەژنان لە کاتی قەیران وململانێکاندا.

– کارکردن بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی بەرانبەر بەژنان، ئەویش لەڕێگەی بەهێزکردنی مافەکانی ئافرەتان و جێبەجێکردنی یاساکانەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ویەکسان، کە گرنگترینیان بریتیە لە لێپرسینەوە وسزادانی ئەو کەسانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لەڕێگەی دەستدرێژی سێکسیەوە بۆ سەر ژنان، کە ئەمانە دەبێ وەك تاوانباری جەنگی نێودەوڵەتی تەماشا بکرێن وهیچ لێبوردن وپارێزبەندیەك نەیانگرێتەوە، ئەمەش لەیاسای ناوخۆیی دەوڵەتەکاندا ڕەنگ بداتەوە وجێبەجێ بکرێت.

– ڕوانگەی یەکسانی جێندەری بکرێتە بنەمایەکی چەسپاو لە پرۆسەکانی پاراستنی ئاشتی لە جیهاندا، وە ڕاوێژکاری پسپۆڕ لەبواری یەکسانی جێندەریدا دابنرێن بۆ ئەوەی گرنگی بە پێویستیەکانی ژنان بدەن ولەبەرچاویان بگرن لە لەکاتی قەیران وئاڵۆزیەکاندا ونەهێڵن ژنان ببنە قوربانی وڕێگە نەدەن پەراوێز بخرێن، وە لەکاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتی وڵاتەکاندا پێویستیەکانی ژنان لەبەرچار بگیرێن ولایەنەکانی ژیانی ژنان وکچان فەرامۆش نەکرێن.

لەمیانەی ئەم خاڵانەی سەرەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گشت وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات بایەخێکی فراوان بە ژنان بدەن، بۆیە دەوڵەتەکان ناچاربوون لەدوای دەرچوونی ئەو بڕیارەوە هەوڵی خۆ گونجاندن بدەن لەگەڵ ناوەرۆکەکەیدا ولەم میانەیەدا هەوڵی خۆیان چڕکردەوە، کە هەر یەك لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو بوارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا لە چەند لایەکەوە هەوڵیانداوە و کاریان کردوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کوردستان لەم ڕوەوە بەشدارێکی کاران بۆ هێنانەدی ئامانجی بڕیارەکە، کەئێستا پرۆژەیەکی هۆشیاری هەمەلایەن هەیە لەبارەی یاساکەوە کە (ڕێکخراوای ئەزمون بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ومافی مرۆڤ) جێبەجێی دەکەن بەهاوکاری (ڕێکخراوی ئاسودە)، وە بۆدجەی پرۆژەکەیش لەلایەن (ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆکاروباری خانمان) و(صندوق المراة للامن والسلام) دابینکراوە، کە بێگومان ئەمەیش هەوڵێکی هاوبەشی باشە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی بڕیارەکە و لەسەر ئاستی کوردستان کاریگەری باشی دەبێت، کە هەوڵ دەدەین لە نوسینێکی تردا بەوردی باسی ئەو ڕێوشوێن وهەنگاوانەی عێراق و کوردستان بکەین لەم بارەیەوە.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment