ئامادەیت ناوی دایکت بکەیتە نازناوی خۆت؟

hamnad_web-thumb-large

لە ئێستادا بەکارهێنانی ناوی دایک وەک نازناو  لەناو چین و توێژە جیاوازەکاندا بڵاو بۆتەوە، بەڵام لە بەکارهێنانیدا بیرو ڕای جیاواز هەیە، هەندێک کەس بە لایەوە ئاسایی نیە بەناوی دایکییەوە لەناو کۆمەڵگە بناسرێت، هەندێک کەسی تریش وای دەبینن ئەمە شتێکە بەمەبەستی سوود بینینە لەو ناوە کە دایکیان ناسراوە و  بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆیان سوودی هەیە نەک وەک ڕێزێک بۆ دایکیان.

ڕۆشنا بەدری، فەمانبەر” بەداخەوە لە کلتوری وڵاتی ئێمەدا تەنها بە مەبەستی سوکایەتی پێکردن و جنێودان بە کەسێک ناوی دایک بەکاردەهێنرێت، من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ناوی دایکمم بۆ خۆناساندنم بەکاردەهێنم و بۆتە پێناسی من لە کارو پیشەو ژیانی ڕۆژانەم.”

هەروەها وتی”هۆکاری هەڵگرتنی ناوی داکیشم دەگەڕێتەوە بۆ ئازایەتی جوانی دایک وەک بەڕێوبەرو ڕیکخەری خێزان، ئامادەم تا کۆتایی تەمەنم ئەو ناوە هەڵبگرم ، چونکە دایکان بۆ ماوەی ٩ مانگ ئێمەیان هەڵگرتوە و بەردەوام شەو نخونیان کردوین، بۆیە دایکم لە هەموو کەس زیاتر شایستەی ئەوەیە ببێتە ڕەچەڵەک و ناساندنی من.”

کاتێک سەیردەکەین  لەڕووە یاساییەکەوە ڕێگەپێ نەدراوە، هەروەها  ئەم نازناوە کۆمەڵایەتییەش هیچ شتێک ناگۆڕێت، ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی ناوی دایک وەک نازناو بۆ خۆناساندن لای هەندێک کەس بەکار نەیەت.

محەمەد  عەلی، مامۆستای زانکۆ وکۆمەڵناس دەڵێت” ئەگەر وەکو فۆڕمێکی کۆمەڵایەتی لە جیاتی ئەوەی ناوی خۆم و باوکم بڵێم، ناوی دایکم بەکار بهێنم ئەو بۆمن شانازییە و پەیوەندی بەو خۆشەویستییەوە هەیە کە بۆدایکمم هەیە، بەڵام بەڕای من لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە تەنها وەکو نازناوێکی لێدێت.”

بەڕای محەمەد عەلی ئەگەر بابەتەکە بۆ یەکسانی جێندەری بێت ئەمە کارێکی باش نییە، چونکە خستنە پاڵ ناوی دایک بۆ پاڵ ناوی خۆت هیچ خزمەتێک بە یەکسانی جێندەری ناکات، ناو و نازناو گۆڕانی کۆمەڵایەتی دروست ناکات لە گەڕانەوەی ماف بۆ ژن، بەڵکو لەچۆنێتی مامەڵە کردندا ئەم خزمەتە بە ڕەگەزی مێ دروست دەبێت، کە ئەمە هۆکارێکە ناوی دایکی بەکاری نەهێنێت.

هەروەها دەڵێت”ئەگەر ئێمە هەموومان ناوی دووەمان ناوی دایکمان بیت بەڵام توندوتیژ بین لەگەڵی و شێوازی مامەڵەمان خراپ بێت کەواتە هیچمان نەکردووە، لەکاتێکدا ڕەگەی مێ تەنها دایک نییە ئەی لە مافی ژنەکەم  و خوشکەکەمدا چۆن یەکسان بم؟  واتا بەمە یەکسانی جێندەری بەدەست ناییەت.”

هۆکاری بانگکردنی کەسەکان بەناوی دایکیانەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، بۆنمونە لە ناوچەی گەرمیان (کەلار، کفری، چەمچەماڵ، قادر کەرەم، سەنگاو،) زۆربەیان بەناوی دایکیانەوە بانگ دەکرێن، چونکە لەو ناوچانەدا  لە دوای ١٩٨٨زۆرینەی منداڵانی ئەو ناوچانە باوکیان بە هۆی ئەنفالەوە لەدەست داوە ، باوکیان لەناو خێزانەکاندا بونی نەبووە.

شاڵاو تووبا، ڕۆژنامە نووس دەڵێت” ئەم بابەتە لە ناو کۆمەڵگادا لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تردا جیاوازە، چەند هۆکارێک هەیە بۆ بەکار‌هێنانی ناوی دایکم وەک نازناو، ڕێز و خۆشەیستیەکی زۆر بۆ دایکم و هەروەها ٣٢ ساڵە کوڕیی باوکمم واتا بەناوی باوکم بانگم دەکەن، بۆیە بڕیارمدا  لێرەوە ئەو تەمەنی ماومە بەناوی دایکمەوە بانگم بکەن.”

هەروەها وتی”پێشم خۆشە لەوانەی تر جیاواز بم هەموو کەس بەناوی باوکییەوە بانگ دەکرێت، با من بەناوی دایکمەوە بانگم بکەن. دواجار بیریشمان نەچێت ئەگەر لەڕوە ئاینییەکەشەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین ئێمە لەپاش مردنمان لە کاتی تەڵقیندا بەناوی دایکمانەوە بانگ دەکرێن بۆیە بەلای منەوە کارێکی جوانە کە بەناوی دایکمەو بناسرێم و بانگم بکەن.”

من ئێستا فەیشبوکەکەشم بەناوی دایکمەوەیە بە هەموو کەسیشم وتوە بەناوی دایکمەوە بانگم بکەن، بەڵام هەندێک جار ئەو نازناوە دەوروبەر پێت دەبەخشێت، لە کۆڵانی ماڵی ئێمە زۆرینەی کەسەکانی هاوتەمەنی خۆم بە ناوی دایکییەوە بانگ دەکرا، چونکە ئێمە لە ئۆردوگایەکی زۆرە ملێ نیشتەجێبوین لە دوای ٨٨ و شاڵاوی ئەنفال، ئەو خێزانەی دەهاتە ئەوێ پیاوەکەی لەدەستدابوو، ژن و منداڵەکان لە ناو خێزانەکەدا مابوون،کاتێک باسی کەسێک دەکرا منداڵەکە باوکی دیار نەبوو بە ناوی دایکییەوە لە گەڕەکەکەدا دەناسرا ،چونکە ئەویش لە دایکیەوە بیستی بووی ئەوە مالێ فڵانە کەسە.”

لە دوای ڕاپەڕنەوە بەکارهێنانی ناوی دایک بڵاو بۆوە ، بەتایبەت لە لادیکاندا پێش ئەو سەردەمە کەس نەیدەوێرا بەناوی دایکییەوە بانگ بکرێت، چونکە  بەلایانەوە کارێکی عەیبە بووە. لە کۆمەڵگای پیاو سالاریدا  جێگەی قبوڵ نییە و عەیبەیە منداڵەکانی بە ناوی دایکیان خۆیان بناسێنن لە کاتێکدا خۆشیان وەک باوک لە ژیندا ماون.

بانو جەزا” بەلای منەوە زۆر ئاساییە ئەگەر هەرکەسێک هەڵگری ناو یاخود نازناوی دایکی بێت، چونکە دایکیش ئەو مافەی هەیە کە منداڵەکەی ئەو ناوە هەڵبگرێت.

من ئەگەر بەراوردێک بکەم لە نێوان خانەوادەی دایکم و باوکمدا خانەوادای دایکم بنەماڵەیەکی ناسراوی سلێمانین، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری سلێمانی خانەوادەی دایکم دەناسن کاتێک لە شوێنێک خۆم دەناسێنم، خۆم بە ناوی دایکم و نازناوی خانەوادەی دایکم خۆم دەناسێنم، بۆ نمونە کەس هەیە دایکی نوسەرە یان لەهەر بوارێکی تردا ناسراوە زۆر ئاساییە کە خۆت بەناوی دایکتەوە بناسێنیت و بیکەیت بە نازناوێک بۆخۆت لەناوکۆمەڵگەدا.

 

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت 

Leave a comment