گرعرێز؛نارنجۆکێک بە مێرد منداڵێک تەقییەوە و گیانی لەدەستدا

208105076_213735843950032_8117433310355191178_n

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢١، لە سنووری ناحیەی گرعزێر لە باشووری چیایی شنگال نارنجۆکێک بە مێرد منداڵێکدا تەقییەوە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاوی خەڵک ئەم مێرد منداڵە ناوی (سەلمان سەبری خەلیل)ە و تەمەنی نزیکەی ١٤ ساڵە و کاری شوانی دەکرد. دوای چەند ساڵێک لە ئاوارەبوون و نزیکەی چەند مانگێکە لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە گوندی عزێر لە سنووری ناحیەی گرعزێر لە باشووری چیایی شنگال.

لەم بارەیەوە خودێدا حەسەن بەڕێوەبەری ناحیەی گرعزێر تایبەت بە “چاوی خەڵک”ی ڕایگەیاند  “لە نزیک دارستانێکی بچووک لە گوندی عزێر سەر بە ناحیەی گرعزێر بەیانی ئەمڕۆ نارنجۆکێک کە لە پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعشە بە کەسێکدا تەقییەوە کە منداڵێکی ١٤ ساڵان بوو، لەبەر سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەزای تەلەعفەر کرا بەڵام هەر زوو گیانی لەدەستدا و لەئێستاشدا تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری یە لە مووسڵ“.

سەبارەت بە بوونی ڕێکخراوی مین هەڵگرتنەوە لەناوچەکەدا بەڕێوبەری ناحیەی گرعرێز ووتی “ڕێکخراوی تایبەت بە نەهێشتنی پاشماوەکانی جەنگ لەم سنوورە هەن بەڵام بەڕاستی زۆر کەمتر خەمن و کاری خۆی وەکو پێویست ناکەن بۆیە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی”

لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧وە تا ٢٠١٩، لە ناحیەی گرعوێز ٣٠ مەدەنی بەهۆی مین و تەقەمەنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠كەسیش برینداربون.

تیرۆرستانی داعش لە کاتی هێرشی خۆیدا بۆ سەر قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە سێی تەباخی ساڵی 2014 زۆربەی ناوچەکەی بۆمب ڕێژ کردووە و بەم هۆیەشەوە پاش ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بوونەوە قوربانی بۆمبە چێندراوەکان.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment