خانمان کێشەکانیان لەسەکۆی ئەلیکترۆنی هەڵدەڕێژن

206976363_181750520626788_8965411978860085079_n

ماوەی چەند ساڵێکە چەندین پەیج و گروپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هەن، بیرۆکەی دروستبونیشیان بۆ گروپە داخراوەکانی  فەیسبووک دەگەڕێتەوە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری ژنان و کچان پەیوەندیان پێوەدەکەن بەمەبەستی چارەسەرکردن و خستنەڕووی کێشەکانیان، لەهەمانکاتدا  ژمارەی ئەو پەیج و گروپانە لە زیادبووندان.

(هێلان نامیق) ناوی خوازراوی کچێکە لە سلێمانی، تەمەنی ٢١ ساڵە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی نامە دەنێرێت بۆ ئەو پەیجانە تا چارەسەی کێشەکانی لە کۆمێنتەکاندا بدۆزێتەوە.

” تەمەنم یەک ساڵ بوو دایک و باوکم جیابوونەوە، ئێستا زڕ دایکێکم هەیە و هەست بە خۆشەویستییان ناکەم، تەنانەت ناهێڵێت دایکیشم ببینم، دەزانم کێشەکەم بە گرووپ و پەیج چارەسەر نابێت، بەڵام هەر دەردە دڵە و دەیکەم” هێلان وای وت.

هێڵپ_ یارمەتی (help._yarmati)، یەکێکە لەو پەیجانەی کوڕێک بەناوی (محەمەد حەسەن) کە تەمەنی ٢١ ساڵە بەڕێوەی دەبات لەگەڵ دوو کچی هاوکاری بەناوی (سارا و سیما). ئەو پەیجە تەنیا بۆ خزمەتکردنە و زۆرێك لەو نامانە پۆست دەکەن کە پێیان دەگات، خاوەنی نامەکانیش چاویان لەو کۆمێنتانەیە کە بۆیان دەنوسرێت.

محەمەد بە (چاوی خەڵک)ی وت” هیچ گومانێکم نیە لەوەی چیرۆکەکان دروست کراوبێت، چونکە لە چیرۆکی دروستکراودا کەسەکە پێویست ناکات نامەمان بۆ بنێرێت، لە جیاتی جارێک ١٠ جار نامە بنێرێت و بڵێت؛ تکایە وەڵام یارمەتیم بدەن.”

” دوورە لە ڕاستیەوە کە پەیجی یارمەتی چیرۆک دروست بکات، چونکە نزیکەی سێ هەزار نامەم بۆ هاتووە وناتوانم نامەکانیش بە باشی ببینم، لە هەمانکاتدا ئەو پۆستانەی دەیکەین وکۆمێنتی بۆ دێت خاوەنی چیرۆکەکە ڕیپلەی کۆمێنتەکە دەکات.”

ئەو نامانەی بۆ پەیجەکان دەنێردرێن لەسەدا ٪٩٠ی کچانن وناوو ناونیشانیان پارێزراوە، خاوەن پەیجەکان سەرەتا خۆیان هەوڵی چارەسەری بۆ دەدەن، دواتر لەڕێگای کۆمێنت، پاشان ئاسایش.

محەمەد حەسەن ماوەیەك لەڕێگای ئاسایشێکی هاوڕێی بە هەڕەشەی قسە کێشەی کچانیان چارەسەرکردوە، بەڵام ئەو ئاسایشە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و محەمەدیش هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی تر دەدات یان کەسێکی تر بۆ چارەسەر.

پەیجی بوك و خەسوو؛ سێ کەس بەڕێوەی دەبات، دوو کچ و کوڕێک، (ئێس.ئەی بەرزنجی) ئەدمینی پەیجەکەیە، بەهۆی زۆری نامەکانەوە کاتیان نییە بەجوانی وەڵامی ئەو هاوڕێیانە بدەنەوە کە نامەیان بۆ  دەنێرن، هەر بۆیە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چیرۆکەکان ڕاستییەو کاتی چیرۆک دروستکردنیان نیە.

ئێس_ ئەی یەکێکە لە کچە ئەدمینەکانی پەیجەکە ودەڵێت” ناردنی ئەم نامانە بۆ ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کچان دەیانەوێت سەیری بیرکردنەوەی خەڵک بکەن یان چۆن لەژیانیان و کێشەکانیان دەڕوانن و بۆ ڕێگەیەكی باش دەگەڕێن، مەرجیش نییە بەو شێوەیەی خەڵک باسی دەکات و دەیڵێت ڕێگەی ژیانیان لەسەر بنیاد بنێن، هەروەها ئەو کوڕە لە ڕێگەی پۆلیسەوە لەهێرشی کەسی بێزارکەر دەمانپارێزێت، کێشەی وێنە پۆستکردن و هەڕەشەمان هەبووە ژمارەی ئاسایشمان داونەتێ و کێشەیان چارەسەر بووە.”

ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی تەشهیرو هەڕەشە دەبنەوە لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەر پەنا بۆ کۆمپانیای (پاراستن لەهاک و هێرشی ئەلیکترۆنی) دەبەن.

کۆمپانیای ئۆنڵاینی (گارد) نزیکەی ساڵێکە دامەزراوە و دوو بەشی هەیە، یەکێکیان بۆ هاک و هێرشی ئەلیکترۆنیە و بەشەکەی تر ڕێکخراوی (پێکهات Tech Heart تیک هارت) کە هەر کەسێك کێشەی هەبێت بێ ئەوەی کەسی نزیکی خۆی ئاگادار بێت، گرفتەکەی بەبێ بەرامبەر بۆ چارەسەر دەکرێت.

پێشەوا جەزا جاف، بەڕێوەبەری (ئای تی لە کۆمپانیای ئۆنڵاینی گارد)  بە (چاوی خەڵک)ی وت” لە ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لە مانگێکدا گەر دە کەیس ھەبوایە، ئێستا لە مانگێکدا ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەیس بە دوای چارەسەری کێشەکانیانەوەن، لەو کەیسانەی لەبەردەستمانە لە دە کەیسدا یەکێکیان کوڕە، ئەویش کێشەی کچە و هی کەسوکاری خۆیانە.”

کۆمپانیای ئۆنڵاین گارد لەسەرەتای مانگی حەوتی ٢٠٢٠وە بۆ مانگی پێنجی ٢٠٢١، نۆ سەد و چوار کەیسی جۆراو جۆریان هەبووە، لەو (٩٠٤) کەیسە (١٦٧) هاكکردنیان هەبووە، هەروەها  (١٢٧) ئەکاونتیشیان داخستووە، لەگەڵ (٢٤٠) کێشەی گشتیشیان هەبووە.

پێشەوا ئەوشی وت” ھەر کەیسێك ھاتوە بۆ لامان بە کەیسی دادگا بێت یاخود بۆ کۆمپانیا، پێمان ڕاگەیاندوە خەیاڵ مەکە کە داتای تۆ لەئینتەرنێتدا پارێزراوبێت، ھەر شتێکت خستە مۆبایلەکەتەوە، وا دایبنێ بڵاوبوەتەوە، تەنانەت لە ئەپەکان ئەو تێکستەی کە دەتەوێت بینوسیت و پەشیمان دەبیتەوە کە نەینێریت، کۆمپانیاکە ئەو تێکستەش لای خۆی ھەڵدەگرێت، ھەتا سکویریتی بەرز بێت ھاکیش بەرز دەبێت.”

لەساڵی ١٩٩٩ شێڵتەری لانەی ئارام لە سلێمانی دامەزراوە، ژمارەی ئەو کەیسانەی کە ڕوویان لەلانەکە کردوە لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٩ نۆ سەد و ٩٨ کەیس بووە.

هەر لەوبارەیەوە لەیلا عەبدوڵا، توێژەر و بەڕێوەبەری لانەی ئارام دەڵێت” دیارە ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەمەجۆرە گروپی تێدا دروست بووە کە هەمووی بە ناوی خوازراوەوە لەگەڵ گروپی نەناسراوکە نازانرێت لەسەر چ بنەمایەك دامەزراوە، گەر مرۆڤ کێشەی هەبێت دەبێت ڕوو بەڕوو لەگەڵ توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی دابنیشێت، نەک هانا بۆ ئەم جۆرە پەیجانە ببات.”

بە پێی ئەو ئامارە، ئەو کەیسانەی نەهاتونەتە شێڵتەر لەساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١ (هەزار و ٣٤٠) کەیس بووە، کە لە ٢٠١٩دا شانزە کەیسیان دەچنە لانەکە و کەیسەکانی تر ڕێنمایی کۆمەڵایەتی و یاساییان پێدراوە و کێشەکانیای چارەسەر کراوە.

“کەیسی گێچەڵ و هەراسانکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرمان هەیە، نابێت هانا ببرێت بۆ پەیجێك کە نازانن کێ بەڕێوەی دەبات، جاری وا هەیە کێشەکان قورستر دەبن، چارەسەرکردنی کەیسێك زۆر لەوە قورسترە بە کۆمێنتێك چارەسەری بۆ بنوسرێت، ئەمە کارێکی زۆر هەڵەیە” لەیلا وای وت

کەیسی هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەدادگاکان ڕێژەی تێپەڕاندوە، زۆرترین بەرکەوتوانیش تەمەن ١٣ بۆ١٤ ساڵانەکانن.

هاوکات پەیام ئەحمەد محەمەد، پارێزەری ڕاوێژکار لەکۆمپانیای ئۆنڵاین گارد وتی” نابینین پەیجێك یاخود گروپێك دانرابێت باسی کێشەی پیاوان بکات، کەم حاڵەت هەبووە لە ڕێگای پەیچ و گروپەوە چارەسەر کرابێت، چونکە لەکۆمێنت کچەکان کێشەکەی قورستر دەکەن و قسەی نەشیاوی بەرامبەر دەکەن، دواتر خزمەکانی لەهەمان شوێن دەیناسێتەوە و بەوھۆیەوە کێشەی کۆمەڵایەتی تری لێدەکەوێتەوە.”

بەپێی ئاماری ئۆنڵاین گارد (٥٠) کەیس چارەسەر کراوە کە لە دادگاوە هاتوەتە کۆمپانیا.

پەیام ئەوەشی خستە ڕوو”هەموو ساڵێک ڕێکخراوەکانی ژنان مانوێڵ یان ماپی(نەخشە) پلسکا دادەڕێژن، بۆ خستنە ڕووی بیرۆکەی نوێ، بەوهۆیەوە دەتوانرێت گروپ یاخود پەیجی تایبەت دروست بکرێت و زانیاری تێدا بڵاوبکرێتەوە، ناونیشانی لایەنی پەیوەندیدار دابنرێت، کچان هۆشیار دەبنەوە”

ڕۆژانە زیاتر لە حەوت کەیس تۆمار دەکرێت لە ئۆنڵاین گارد زۆربەشیان مەترسی گیانیە، کەیسی هەولێر و دهۆکیشی تێدایە.

لەکۆتایدا پەیام دەشڵێت:” ھەر کەسێك بێت بۆ کۆمپانیاکەمان سەرەتا دەینێرین بۆ بنکەی پۆلیس، چونکە ئەم کەیسە دەچێتە بابەتی تاوانەوە، لەڕێگای کتابی دادگاوە کاری بۆ دەکەین، سکاڵاکەر بیەوێت کەسێکی بۆ بدۆزینەوە دەبێت کتابی دادگا بھێنێت، بەبێ ئەو کتابە کار لەسەر کەیسەکە ناکەین، چونکە ئەگەری ھەیە کێشەکە گەورە بێت کوشتنی تێکەوێت.”

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment