ماسکی چوارەم بەرهەمدەهێنرێت

120394710_3222699024450441_2010428107414247168_n

فیلیمی ماسکی چوارەم یەکێکە لەو فیلمانەی کە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕێکخراوی UNFPA  لە ٢٠٢٠ بەرهەم دەهێنرێت.

ڕۆژە حەسەن، پڕۆدیسەر دەڵێت” ئامانج لەم فیلمە بڵاو کردنەوەی هۆشیارییە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا بڵاو بۆتەوە لە جیهاندا ، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت کاری لەسەربکەین بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە جگە لەو دیوەی کە خەڵک کاری لەسەر دەکات کە بەستنی ماسکە ئێمە هاتوین ئەم بابەتەمان هێناوە لە پرسی ژندا بەرجەستەمان کردوە.”

لەڕێگەی کۆڤیدو ماسکەوە چەند مەسجێکی تر لەناو فیلمەکەدا دەبینرێت، فیلمەکە ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان سەرپەرشتی دەکات و لەڕویی سیناریۆ و بەرهەمهێنانەوە ئاگاداری ڕاستەوخۆیە.

هەروەها وتی” ئەگەر لە ئێستادا تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا ماسکێک دەکەن ،بەدرێژایی مێژوو دەتوانم بڵێم ژنانی ئێمە چەند ماسکێکیان کردوە، بۆ ئەوەی  لەناو کۆمەڵگەدا پەسەند بکرێن و ماسکەکان دەکەن بە قەڵغانێک بۆ پارستنی خۆیان.”

لەهەمان کاتدا ئەوانەی بەرهەم هێنەری فیلمەکەن خەڵکانێکن هونەرمەندن و لە ئاستێکی باشی بیرکردنەوەدان، چونکە بەتەنها هونەرمەند بوون بەس نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا کاربکات بەڵکو  دەبێت ئەو کەسەی باوەڕی تەواوی بەیەکسانی مافەکانی ژنان هەیە.

ڕۆژە حەسەن تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی فیلم و سپۆت و کاری هونەریتر کە دەیکەین  مەسجەکەمان بەشێوازی تر بگاتە کۆمەڵگە.

هەروەها وتی” ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاستە بەشێکی زۆری کارکردنیان لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و سیمینار و ترەینینەوە  بووە و کاریگەری خۆی کردووە. بەڵام ئێمە دەمانەوێت پەیامەکانمان لە ڕێگەی فیلم و سپۆتەوە بگەیەنینە کۆمەڵگا. و لە ڕووی ئەم فیلم و سپۆتانەوە کێشەکان بخەینە ڕوو و بە کۆمەڵگە بڵێین ئەمە کێشەکانمانە، وەرن ئێوەش دەنگ بەرز بکەنەوە لەگەڵ ئێمەو با ئەم کێشانە چارەسەربەکەین.”

سەبارەت بە کات و شێوازی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە ڕۆژە حەسەن وتی” کاتی بڵاو کردنەوەکەی دەمانەوێت لە ١٦ ڕۆژی بەرنگاربونەوەی توند تیژی دژی ژنان بێت، کە ڕەنگە بکەوێتە کۆتا ڕۆژەکانییەوە.”

فیلمەکە چیرۆکێکی دیاریکراوی گێڕانەوەی نییە، خودی ئەو ستایلەی ئیشی پێکراوە بەو شێوەیەیە کە هێمای سەرەکی بریتییە لەکارکردن لەسەر پەیوەندی نێوان ماسک و ئازارو بێدەنگی و ژن بوون.

هێمن بەهادین، نوسەرو دەرهێنەر دەڵێت” پەیوەندی ماسک بەم کارەوە پەیوەندییەکی وەهمییە، ماسک لەم کارەدا زۆر پەیوەست نیە بە زەمەنی کۆرۆناوە، ڕاستە لە زەمەنی کۆرۆنادا کراوە، بەڵام ماسک ئەرکێکی تری هەیە، شێوەیەک لە شێوەکان ماسک کە لە هەموو جیهاندا بۆ خۆ پارێزییە بەڵام لای ژن بۆ داپۆشینی ئازارو هاوارو برینەکانێتی.”

سەبارەت بە ناوی فیلمەکە هێمن بەهادین وتی” لەبەر ئەوە ئەگەر خەڵک یەک ماسک ببەستێ بۆ خۆپارێزی، ژنان چوار ماسک دەبەستن، بۆیە کارەکە ناوی ماسکی چوارەمە، ئەم چوار ماسکەش هەریەکێکیان ماسکێکن، ماسکی سەرەکیمان سپییە بەڵام  بۆمان دەردەکەوێت لەژێر ماسکەکانی تر جیهانێکیتر هەیە لە هاوارو ئازارو بێدەنگی،  ئەمانەش نە کۆمەڵگە دەیبینێت نە ڕەگەزی بەرامبەر.”

لەم فیلمەدا ئیش لەسەر ئەوە کراوە وردە وردە ژن لەم کۆمەڵگانەدا لە مرۆڤەوە دەگۆڕێت بە بوکەڵە. لێرەدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا ئیتر ژن قبوڵی نەکات چیتر بوکەڵە بێت.

نوسەرو دەرهێنەری فیلمی ماسکی چوارەم دەلێت” چوار ئەکتەر سەرەکی هەیە لە فیلمەکەدا بەناوی( ژیر فەریدون، لاڤان هەژار، ترێ نیاز، ئارین ڕزگار) هەروەها ٧ ئەکتەری لاوەکیشمان هەیە و ماوەیکەی ١٦ خولەکە و لە قۆناغی پۆست پرۆدەکشندایە.

ئەم فیلمە لە ڕوی ژانرەوە دارامایە، لەڕوی ئیش کردنەوە  فۆرمیێکی ڕیالیزمی شاعیریی تێدا بەکار هاتووە واتا خستنەڕووی ڕیالیزم بە شێوەیەکی شاعیرییە.

لاڤان هەژار، ئەکتەر دەڵێت” من لە بواری میوزیکدا کار دەکەم کە پێشنیارم بۆ کرا هەنگاوێکی قورس بوو بۆم لەڕووی  خۆئامادە کردن و بەرجەستەکردنی  ڕۆڵەکە، ئەمەش وای لیکردم وردتر بیر لە بەرجەستەکردن بکەمەوە و ڕۆڵی کارەکتەرەکەم جیاوازتر ببینم.

هەروەها وتی” کارکردن نزیک لە هەستی ژنان ئازارێکی قورسە، لە ڕۆحی ژن چیرۆکی کارەکەو ڕوداوەکان زیاتر کاریگەری لەسەر دانام، کە ئەم کاریگەریدانانە زیاتر پانتایی بیرکردنەوەمی گۆڕی بۆ دروستکردنی ڕۆحی کارەکتەرەکە.”

لەڕووی کاریگەری کۆرۆنا لەکاتی کارکردن بۆ لاڤان دەڵێت” سەردەمی کۆرۆنا کە جیهان سەرقاڵی ڤایرۆسێکە منیش وەک تاکێک ئاسەواری ناخۆشی بەرکەوتەی ئەم سەردەمەم، بۆیە کارکردن بەترس و ڕۆژانە بیستنی هەواڵی ئازاردەر جیاوازیت بۆ دروست دەکات وەک لەوی لە کاتی ئاساییدا کار بکەیت، لەهەر سەردەمێک بێت  دەبێت خۆگونجاندن دروست بێت بە پێی کارەکە خۆی ئاوێتەی بکەیت.”

لاڤان دەڵێت” کاتێک پێسنیازم بۆکرا لەلایەن سینارست و دەرهێنەر کە چیرۆکەکەم بۆ باسکرا  ئەوە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە ڕۆڵەکە وەربگرم، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە نزیک لە ئازارو بەرکەوتەی ژیانی ڕۆژانەی ژنان و ئاسەواری هەمیشەییان،.

ئەم کارە  ئەوەی لای لاڤان دروستکرد کە دەتوانێت بەدەر لەکاری سەرەکی خۆی وەک موزیک بتوانێت لە ڕێگەی نواندنەوە بەشدار بێت بۆ دەرخستنی تواناو ئامادە باشی لەزۆر کایەی تری ژیان ،وە لە کارێکیش دەربارەی ژنان بێت و نزیک بێت لە هەستی ڕۆژانەی.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment