ستێرەکانی ئێزیدی، گروپێکی کچانی ئاوارە

200524639_171059248243457_7319222231009427362_n

شەش کچی ئێزیدی خەڵکی شنگال، گروپێکی هونەرییان بەبێ پشتیوانی هیچ کەس و لایەنێک دروست کردووە و ژمارەیەک کورتە فیلمیان بەرهەمهێناوە و لە ڕێگەیەوە چیرۆکی ڕۆژانەی خەڵکی ناو کەمپەکە و هەندێک بابەتی کۆمیدی بڵاودەکەنەوە.

ئەندامانی گروپەکە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵدایە و سەرپەرشتیارەکەشیان  ١٨ ساڵە.

سۆنیا سەیدۆ عیسا، تەمەن ١٨ساڵ، لەهەمان کاتدا خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە وبەرپرسیارێتی ئەم گروپە هونەریە دەکات، لە منداڵییەوە حەزی لە کاری ئەکتەری بووە، توانیویەتی هەندێک لە خەونەکانی خۆی بەدی بێنێت بە تایبەت لەڕێگای ئەو گروپە هونەرییەوە.

 

 

ئەو گروپە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بابەتەکانیان بڵاو دەکەنەوە، بەهۆی ئەوەی کە تەمەنیان کەمە سەرنجی زۆر خەڵکیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە و لە چەناڵی تایبەتی خۆیان لە یوتیوب هەشت هەزار سەبسکرایبیان هەیە، تا ئێستاش بەشداریان لە چەند چالاکییەکی ڕێکخراوەکاندا کردووە کە لە کەمپی مام رەشان لە سنوری قەزای شێخان بەڕێوەچووە.

گروپەکەمان ناوی ستێرەکانی ئێزیدییە وساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، لە شەش ئەندامی کچ پێکهاتوین، تا ئێستا توانیومانە بە شێوەیەکی باش ئیش بکەین، ئەم گروپە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ئێش و ئازارەکانیان لە کەمپەکەدا، هەروەها بۆ هۆشیاری منداڵانە وەکو گرنگی دان بە خوێندن و چۆنیەتی پاراستنیان لە کاری خراپ و پاک و خاوێنی کە تا ئێستا توانیومانە ١٠٨ ڤیدیۆ دروست بکەین و لەگەڵ ٢٨ کورتە فیلم” سۆنیا وای وت.

 

 

سۆنیا سەبارەت بە ئامانجی گروپەکە ئەوەشی خستەڕوو”ئامانجمان لەم گروپە ئەوەیە بگەیەن بە ئاستێکی باش و بەرز لە دروستکردنی فیلم و ڤیدیۆدا تا بەم ڕێگایە بتوانین دەنگی گەلەکەمان و ئازارەکانیان بە جیهان بگەیەنین هەر بۆیە خێزانەکانیشمان لەم بوارەدا هاوکارمان بوون، لەگەڵ ئەنجامدانی هەرچالاکییەکیش خێزانی هاوڕێکانم یارمەتیمان دەدن تەنانەتشوێن و کەل و پەلیشمام بۆ دابین دەکەن.

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment